لیوا روكن جەبار تائی، دەبێتە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك لە جێی فەریق روكن عەلی فرێجی، بەپێی زیاد لە سەرچاوەیەك بۆ (كەركوك ناو).
یەكێك لە سەرچاوەكانی (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە كە دوێنێ 30ـی تشرینی دوەمی 2022 بڕیاری گۆڕینی فەرماندەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوەش بەبڕیاری فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق.
فرێجی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك پەیامی ماڵئاوایی بڵاوكردۆتەوە و تییدا نوسیویەتی "بمبورن بۆ هەر كەموكورتییەك كە بەبێ ئاگاداری من رویداوە"، سوپاسی خەڵكی كەركوك و پێكهاتەكانی (كورد، عەرەب، توركمان، موسڵمان و كریستیان) دەكات بۆ هاریكار و پاڵپشتیی لەكاتی ئەركەكەیدا.
عەلی جاسم محەمەد فرێجی، لە ئاداری 2021ـدا وەك فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی هاوبەشەكانی كەركوك دەستبەكاربوو، دورخستنەوەشی لەو پۆستە هاوكات بوو لەگەڵ دوایین روداوی ئەمنی لە پارێزگاكە، كە لە گوندی چیمەنی ناحیەی قەرەهەنجیر چوار سەرباز لەناو سەربازگەیەكدا "سەربڕان".
ئاژانسی عیراقییەی نیمچەرەسمی بڵاویكردۆتەوە كە بڕیاری دەستبەكاربونی لیوا روكن جەبار تائی لە جێی فەریق روكن عەلی فرێجی دەركراوە.
جەبار نعێمە كەرەم والی تائی، لە نیسانی 2017ـەوە تا 30ـی تشرینی دوەمی 2022 فەرماندەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی خۆرئاوای نەینەوا بوو.
لیوا روكن جەبار تائی، فەرماندەی نوێی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك یەكەمی خولی ئەركانی هاوبەشی (1998 - 2000) بووە، هەشت بڕوانامەی باڵای هەیە كە زۆرینەیان لە بواری سەربازیدایە.
تائی دوو ماستەری لە توێژینەوەی ستراتیژیدا بەدەستهێناوە لە كۆلێژەكانی جەنگی عیراق و جەنگی ئەمریكی، لەگەڵ ماستەرێكدا لە زانستی سەربازی لە كۆلێژی ئەركانی عیراقی، جگە لەوەش بەكالۆریۆسی لە زانستی سەربازی هەیە، دوو دبلۆمیشی لە پلاندانانی سەربازی و توێژینەوەی ستراتیژی لە كۆلێژی ئەركانی بەریتانی و زانكۆی بەرگری نیشتمانی ئەمریكی وەرگرتووە.
هەروەها بەكالۆریۆسی لە كۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی بەسرە بەدەستهێناوە لەگەڵ دبلۆمێكدا لە زمانی ئینگلیزی لە پەیمانگەی زمانەوانی ئەمریكا.
لیوا روكن جەبار پێشتریش لە چەندین پۆستی باڵای سەربازیدا بووە؛ بەر لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا، لەوانە؛ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی رافیدەین، یاریدەدەری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا/ كەرخ، فەرماندەی فیرقەی 17ـی پیادەی سوپا، ئامرلیوا لە فیرقەی 12ـی پیادە، یاریدەدەری فەرماندەی فیرقەی 10ـی پیادە، یاریدەدەری جێگری سەرۆك ئەركانی سوپا، بەڕێوەبەری هۆبەی هەماهەنگی ئۆپەراسیۆنەكان لە نوسینگەی وەزیر و ئامرفەوجی هێزەكانی فیرقەی 34ـی پیادە.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك، سەرپەرشتی دۆسیەی ئەمنی تەواوی پارێزگاكە دەكات و لەژێر فەرماندەیی ئەواندا هێزەكانی سوپا، حەشدی شەعبی، پۆلیسی فیدراڵی، لیوای 61ـی تایبەت و پۆلیسی ناوخۆیی ئەركەكانیان جێبەجێدەكەن.