مقەدەم عامر شوانی، وتەبێژی پۆلیسی كەركوك، گیانلەدەستدانی خاوەن پێداویستییەكی تایبەتی لە شارەكە راگەیاند و جەختیكردەوە "خۆی سوتاندووە". ئەوەش تەنیا دوای چەند كاتژمێرێك دێت لە ئازادكردنی لە زیندان كە بەهۆی سكاڵایەكی باوكییەوە سزادرابوو.
روداوەكە شەوی رابردوو یەكی كانونی دووەمی 2022 لە ناو ماڵەكەی خۆیان لە گەڕەكی قۆرییە لە كەركوك رویدا.
وتەبێژی پۆلیسی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو كوڕە خاوەن پێداویستیی تایبەتە و 41 ساڵە، كێشەی خێزانی لەگەڵ كەسوكاریدا هەبووە و هەندێك دەڵێت نەخۆشی دەرونی لەگەڵ بووە، ئەوەش وایكردووە پەنا بۆ خۆسوتاندن ببات"، بەپێی بەدواداچونەكانی پۆلیسی كەركوك.
هەروەها وتی "چەند مانگێكە ئەو كوڕە لە زیندان بووە، بەهۆی سكاڵایەكی باوكییەوە كە بەهۆیەوە حوكم درابوو، پێنجشەممە باوكی تەنازولی لە دۆسییەكە كردووە و بەهۆیەوە كوڕەكەی ئازادكراوە، بەڵام هەر كە گەڕاوەتەوە ماڵ ئاگری لە خۆی بەرداوە و خۆی سوتاندووە".
چەند مانگێكە ئەو كوڕە لە زیندان بووە، بەهۆی سكاڵایەكی باوكییەوە
سكاڵاكەی باوكی لە دژی كوڕەكەی تۆماریكردبوو، بەهۆی ئەوەوە بووە كە هەستاوە بە سوتاندنی كەلوپەلی ناو ماڵەكەیان، هەر بەپێی وتەی پۆلیس.
مقەدەم عامر شوانی، جەختیكردەوە كە دوێنێ ئازادكرا، "هێشتا سزای دوو مانگی لە زیندان تەواونەكردبوو... هەر لەنێو ماڵەكەیدا بەهۆی كاریگەریی سوتانەكەوە گیانیلەدەستداوە".
"لێكۆڵینەوەكان لەسەر روداوەكە بەردەوامن، بەڵام هێشتا هیچ كەسێك دەستگیرنەكراوە".
ئەو كوڕەی "خۆی سوتاندووە"، هێشتا ژیانی هاوسەری پێكنەهێناوە و لەگەڵ ماڵی باوكیدا دەژیا.