یەكێتی جوتیارانی قەزای حەویجە لە پارێزگای كەركوك ئاماژە بە ئەگەری فەوتانی هەزار تەن گەنمەشامی دەكات لە پارێزگاكەدا، ئەوەش بەهۆی وەرنەگرتنی بەرهەمەكە، بەپێی پێویست لەلایەن حكومەتەوە.
لەئێستادا وەرزی پێگەیشتنی گەنمەشامییە، بەڵام لەگەڵ یەكەم بارانبارینی ئەمساڵدا جوتیاران هاواریان لێ بەرزبۆتەوە، چونكە بەشێكیان ترسیان هەیە بەرهەمەكانیان تەڕبێت، لەو حاڵەتەشدا گەنمەشامییەكەی دەڕزێت و لەناودەچێت، ئەگەر لە شوێنی ووشكدا هەڵنەگیرێت.
محەمەد عەلی جبوری، چالاكوانێكی قەزای حەویجە، لە 18ی تشرینی دووەم، لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكرایەوە، لە بانگەوازێكی بە پەلەدا كە ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی عیراق و وەزارەتی كشتوكاڵی كردووە، تیایدا جەختیكردەوە "دوای ئەوەی وەرزی وەرگرتنی گەنمەشامی دەستیپێكرد، حکومەت بەشێکی کەم لە گەنمەشامی جوتیاران وەردەگرێت، ئەمەش بۆتە گرفت بۆ جوتیاران، بەو پێیەی وەرزی بارانبارین دەستیپێکردووە و بەشێک لە بەروبومی گەنمەشامی لەئێستادا ھەموی لەسەر زەوییە و دەڕزێت و بۆگەنی دەكات".
ئەوەش لەكاتێكدایە سایلۆ لە قەزاكەدا هەیە و وەزارەتی كشتوكاڵ بەرهەمێكی كەمی گەنمەشامی لە جوتیاران وەرگرتووە.
جبوری وتی "داوا لە حكومەت دەكەین، ھەرچی زووە دەرگای سایلۆکانمان بۆ بکاتەوە، بۆ ئەوەی تەواوی گەنمەشامی جوتیاران وەربگیرێت و بتوانرێن هەناردەی دەرەوەی پارێزگاكە بكرێت". بەپێی وتەی جبوری، سایلۆكان وتویانە "شوێنمان نەماوە".
داوا لە حكومەت دەكەین، ھەرچی زووە دەرگای سایلۆکانمان بۆ بکاتەوە
كەركوك بە یەكێك لە پارێزگا گرنگەكانی بەرهەمهێنانی گەنمەشامی ناودەبرێت، بەهۆی جۆرێتی خاكەكەی بۆ ئەو كشتوكاڵە.
بەوتەی زوهێر عەلی، بەرێوەبەری كشتوكاڵی كەركوك، بەرهەمهێنانی گەنمەشامی لە پارێزگاكە گەیشتۆتە 536 هەزار و 399 تەن، ئەوەش لەسەر روبەری 230 هەزار دۆنم، كە بەهۆیەوە كەركوك لە بەرهەمهێناندا یەكەمی پارێزگاكانی دیكەی عیراقە.
عەبدوڵا عەبد، جوتیارێكی قەزای حەویجەیە، ئەمساڵ 50 تەن بەرهەمی گەنمەشامی هەیە، بەڵام هێشتا حكومەت لێی وەرنەگرتووە.
ئەو وتی "واخەریكە بەهۆی بارانەوە بۆگەن دەبێت، چونكە شوێنم نییە لە تەڕبون بیپارێزم".
حكومەت بۆ هەر تەنێك گەنمەشامی 500 هەزار دینار بە جوتیاران دەدات، بەڵام وەك عەبدوڵا دەڵێت بەهۆی ئەوەی سارد و سستن لە وەرگرتنی بەرهەمەكان و "ئاستەنگ" دروستدەكەن، بۆیە هەندێك بیرلەوەدەكەنەوە كە لە بازاڕدا بیفرۆشن.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، لە بازاڕدا لە باشترین حاڵەت تەنی دەچێتە 200 هەزار دینار.
عەبدوڵا عەبد وتی "لە بازاڕ تەنیا 180 هەزار دیناریان پێدام بۆ هەر تەنێك، ئەوەش كەمە و زۆر زەرەر دەكەم، بەڵام وابڕوات ناچاردەبین بیفرۆشین، چونكە هەر باشترە لەوەی هەموی بفەوتێت".
بەپێی ئامارێكی یەكێتی جوتیارانی قەزای حەویجە، تەنیا لە پارێزگای كەركوك 400 هەزار تەن گەنمەشامی ئەگەری فەوتانیان هەیە، وەك مدەڵا محمود، جێگری بەڕێوەبەری یەكێتی جوتیاران بە (كەركوك ناو)ی وت.
لە بازاڕ تەنیا 180 هەزار دیناریان پێدام بۆ هەر تەنێك
كێشەكە تەنیا قەزای حەویجە نییە، لە داقوقیش بەهەمان شێوە جوتیاران دادوبێدادیانە.
لە داقوق ئەمساڵ حەوت هەزار و 700 دۆنم زەوی لە چوارچێوەی پلانی كشتوكاڵیدا بە گەنمەشامی چێنراوە و تائێستا توانراوە، دوو هەزار و 600 تەن گەنمەشامی قەزاكە هەناردەی دەرەوەی پارێزگاكە بكرێت، بەتایبەت پارێزگاكانی باشوری عیراق، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەك لە فەرمانگەی كشتەكاڵی داقوق.
بەگشتی ئەو ئەركە حكومەت پێی هەڵدەستێت، ئەوەش دوای وەرگرتنی لەڕێی سایلۆكانەوە.
زیرەک یوسف، جوتیارێکی قەزای داقوق وتی "ئەمساڵ 100 دۆنم زەوییم كردووە بە گەنمەشامی، بەڵام بەشێكی كەمی بەرهەمەكەیم بۆ ساغبۆتەوە، تەنانەت بازرگانەكانیش وەریناگرن، مەگەر بە نرخێكی زۆر كەم بیفرۆشم، بەوەش زۆر زەرەر دەكەین".