فاتیمە شەمسەدین سەلماندویەتی:
بۆ ئەوەی لەسەر پێیەكانی خۆت بوەستێت، مەرج نییە قاچەكانت بجوڵێنیت

فاتیمە شەمسەدین (29ساڵ)، بەهرەمەندێكی خاوەن پێداویستی تایبەت. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

فاتیمە شەمسەدین (29ساڵ)، كچە بەهرەمەندێكی خاوەن پێداویستی تایبەتە، لە پێشانگایەكی وێنەكێشاندا پەیامی ئەوەی بە گوێی میواناندا چرپاند كە هەموو مرۆڤێك دەتوانێت لەسەر پێیەكانی خۆی بوەستێت، تەنانەت ئەگەر نەشتوانێت قاچەكانیشی بجوڵێنێت.

لە سێی كانوی یەكەم كە هاوكات بوو لەگەڵ رۆژی جیهانی خاوەن پێداویستی تایبەتدا، فاتمە لەسەر كورسییەكەی لەناو هۆڵێكی كەركوكدا پێشوازی لە میوانەكانی دەكرد و ورد ورد پەیامی پشت تابلۆكانی بۆ باسدەكردن، هۆڵەكە پڕ بوو لە تابلۆی جوان و سەرنجڕاكێش، كە بەدەستەكانی فاتمە كێشرابون.

فاتمە كە جلی نەتەوەیی كوردی لەبەربوو، چەپكێك گوڵی میوانەكانی لە باوەش گرتبوو، روویەكی خۆش و پڕ خەندە، چیرۆكی خۆی و تابلۆكانی دەگێڕایەوە و دەیوێت "دەبێت مرۆڤ ئیرادەی هەبێت".

فاتمە خاوەن پێداویستی تایبەتە و لە زگماكەوە ناتوانێت بە قاچەكانی بڕوات، لە منداڵیدا بە قۆناغی سەختدا تێپەڕیوە، لەو نێوەندەدا نەیتوانیوە بخوێنێت.

بەڵام دەڵێت "هەرچەندە زۆر حەزم بۆ خوێندن هەبوو، بەڵام لەو سەردەمەی ئێمەدا خوێندن بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت ئاسان نەبوو"، زیاتر وتی "خۆشەویستیم بۆ خوێندن و نوسین، وایكرد داوا لە كەسوكارم بكەم، پێنوس و كاغەزی وێنەكێشانم بۆ دابین بكەن... دەمویست ئەو حەز و خولیایەی لە ناخمدا هەیە بیخەمە سەر كاغەز".

هەرچەندە زۆر حەزم بۆ خوێندن هەبوو، بەڵام لەو سەردەمەی ئێمەدا خوێندن بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت ئاسان نەبوو

سەرەتا تەنیا وێنەی گوڵ و سروشتی كێشاوە، كەمترین كات دەچووە دەرەوە و زۆرینەی كات سەرقاڵی وێنەكێشان بووە.

ساڵی 2006 كاتێك تەمەنی تەنیا 13 ساڵ بوو، یەكەم پێشانگای تایبەتی لەناو قوتابخانەیەكی كەركوكدا كردەوە، لەوێوە وردە وردە پێشانگەكانی زیادیكرد و تابلۆكانی نمایشدەكرد.

fatmma
یەكێك لە تابلۆكانی فاتیمە

كاتێك تەمەنی بووە 24 ساڵ چۆتە خوێندنی خێرا (دوو ساڵی بە ساڵێك دەبڕی)، ئێستا بڕوانامەی شەشی سەرەتایی هەیە و دەیەوێت بەردەوامبێت لە خوێندن.

لە سێی كانونی یەكەمی ئەمساڵ لە رۆژی جیهانی خاوەن پێداویستی تایبەتدا پێشانگەیەكی لە كەركوك كردەوە و پێشوازی باشی هەبوو.

فاتیمە بۆ پەرەپێدان بە هونەری وێنەكێشان چەندین خولی بینیوە و چەندین بڕوانامەی لەو بوارەدا هەیە، هەروەها بەشداریی چەندین پێشانگەی هاوبەشی كردووە.

وێنە و تابلۆکانی لەپاڵ گوزارشتكرد لە ئازارەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، گوزارشت لە هیوا و ئاشتی نێوان پێكهاتەكانی كۆمەڵگە دەكات. لەپاڵ وێنەكێشاندا سەرقاڵی دروستكردنی كاری دەستیی و جوانكارییە.

"دەمەوێت هەمیشە بینەر بە بینینی تابلۆ و کارەکانم دڵخۆش بكەم... ئەگەر مرۆڤ ئیرادەی هەبێت دەتوانێت بگات بە ئامانجەکانی".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT