داوادەكرێت تەواوی فەرمانگەكانی كەركوكی سەر بە حكومەتی هەرێم لەیەك بینادا كۆبكرێنەوە

كەركوك/ 7ی كانونی یەكەمی 2022/ كۆبونەوەی فەرمانگەكانی كەركوكی سەر بە حكومەتی هەرێم لەگەڵ فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

لێپرسراوانی فەرمانگەكانی كەركوكی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان داوادەكەن لەیەك بینادا كۆبكرێنەوە، پێیانوایە دەبێتە هەنگاوێك بۆ كارئاسانیكردنی كاری فەرمانگەكان و راییكردنی كاروباری هاوڵاتیانیش.

ئەو داواكارییە لە كۆبونەوەیەكیاندا هات لەگەڵ فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، كە چوارشەممە 7ی كانونی یەكەم سەردانی كەركوكی كرد و لەگەڵ لێپرسراوی فەرمانگەكانی كەركوكی سەر بە حكومەتی هەرێم كۆبۆوە.

جگە لە نوسینگەی كەركوكی پەرلەمانی كوردستان، حكومەتی هەرێم 13 فەرمانگەی لە كەركوك هەیە و فەرمانبەرەكانیان موچەكانیان لەسەر وەزارەتی دارایی هەرێمە، بۆ نمونە تەنیا وەزارەتی پەروەردە لانیكەم هەشت هەزار موچەخۆری لە ناوچەكانی جێناكۆكدا هەیە.

سەیفەدین سابیر، نوێنەری کتێبخانە گشتییەکانی پارێزگای کەرکوک کە میلاکیان سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە، یەكێك بوو لە بەشداربووانی كۆبونەوەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "کەموکورتی و رەخنە و رێگریی و پێشنیارەكانی خۆمان بە سەرۆكی دەستەكە وت، بۆ باشتركردنی دۆخی فەرمانگەكان، داوامانكرد وەک یەكەم هەنگاو بە دروستکردنی بینایەكی تایبەت، تەواوی فەرمانگەكانی كەركوكی سەر بە حكومەتی هەرێم لەو شوێنەدا كۆبكرێنەوە".

هەر لە كۆبونەوەكەدا داواكرا، هەماهەنگی زیاتر هەبێت لە نێوان حكومەتی هەرێم و فەرمانگەكان و بیر لە نەخشە رێگایەك بكرێتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان.

لە بارەی ئەوەی كێشەكانیان چین؟ سەیفەدین سابیر وتی "بۆ نمونە ئێمە لەو ماف و ئیمتیازاتانە بێبەشین كە فەرمانبەرانی سەر بە حكومەتی ناوەندی هەیانە، هیچ جۆرە ماف و ئیمتیازاتێکی حکومەتی ناوەند نامانگرێتەوە و پێمان دەوترێت ئێوە سەر بە حکومەتی هەرێمن، دەمانەوێت هەمان هەوڵ بۆ ئێمەش بدرێت و رێگا چارەیەك بدۆزرێتەوە".

fahme
فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم. فۆتۆ: كەركوك ناو

فەرمانبەرانی سەر بە حكومەتی فیدراڵ، تەواوی ئەو قەرز و سولفانەی بانكەكان و وەزارەتی دارایی دەیانگرێتەوە كە ساڵانە رایدەگەیەنن، بەڵام عیچ فەرمانبەرێكی سەر بە حكومەتی هەرێم تائێستا نەیتوانیوە سودمەندبێت.

لە بارەی كێشەكانی خۆیان وەكو کتێبخانە گشتییەکانی شاری کەركوکی سەر بە حكومەتی هەرێم، وتی "پارچەیەک زەویمان هەیە، داوامانکرد کە حكومەتی هەرێمی کوردستان بودجەیەکی تایبەتمان بۆ تەرخانبکات و بۆمان بکات بە بینا بۆ زیاتر خزمەتکردنی رەوتی رۆشنبیری و بە کەلتورکردنی خوێندنەوە لە شارەکەدا".

وتیشی "سەرۆکی دەستەکە بەڵێنیدا کە کار بکات بۆ گەیاندنی کێشە و گرفتەکانمان بە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم و چارەسەر کردنی هەموو رێگریی و لەمپەرەکان".

فەهمی بورهان، كە حەوت مانگە پۆستی سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی وەرگرتووە، لەدوای كۆبونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی "تەواوی کێشە و گرفتەکانیان پێڕاگەیاندم، کاری منیش ئەوەیە بیگەیەنم بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان... هەموو رەخنە و تێبینییەکانمان وەرگرت و لەڕوی ئیدارییەوە دەبێت حکومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەریان بکات".

هەموو رەخنە و تێبینییەکانمان وەرگرت و لەڕوی ئیدارییەوە دەبێت حکومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەریان بکات

وتیشی "پێویستە هەمووان واز لە دروشم بۆ كەركوك بهێنین و لەپێناو خزمەتكردنیدا كردارمان هەبێت، هەم بۆ بەرەوپێشبردنی شارەكە، هەم بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستورییەکان کە لە دەستووردا بەڕونی ئاماژەی پێکراوە، هەروەها کار دەکەین بۆ بەهێزکردن و فراوانکردنی پێگەی یاسایی و دەستوری نەتەوەکەمان".

كەركوك یەكێكە لە ناوچەكانی جێناكۆك و یەكلاییكردنەوەی خاوەندارێتی لە نێوان هەرێم و ناوەند-دا بەستراوەتەوە بە جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوری هەمیشەیی عیراق، كە بڕیاربوو كۆتایی 2007 ئەو ماددە دەستورییە جێبەجێبكرێت.

فەهمی بورهان وتی "ماددەی 140 دەستوورییە و دەبێت بە‌ هەموو لایەک هەوڵبدرێت بڕگەکانی وەک خۆی جێبەجێبکرێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT