بەشێك لە كارەبای خانەقین دەدرێت بە شارەبان
مۆلیدە ئەهلییەكان كوژێنرانەوە و كارەبا بۆ زیاتر لە نیوە كەمیكرد

خانەقین/ كانونی یەكەمی 2022/ بازاڕێكی ناوەڕاستی خانەقین لەكاتی نەبونی كارەبادا بەلایتی مۆبایل دوكان و بازاڕەكانیان روناك دەكەنەوە. فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

ئەمیر خانەقینی

زۆرینەی هەرە زۆری مۆلیدە ئەهلییەكان لە خانەقین لەبەر بێ گازی كوژێنرانەوە، لەكاتێكدایە كارەبای نیشتیمانیش بۆ زیاتر لە نیوە كەمیكردووە. ئەوەش نیگەرانی و گرفتی بۆ خەڵك دروستكردووە.

ئیدارەی پارێزگای دیالە لە سەرەتای ئەم مانگەوە بڕیاریدا بڕێك لەو كارەبایەی كە لە وڵاتی ئێرانەوە هەناردەی قەزای خانەقین دەكرێت، بدات بە قەزای شارەبان، بەوەش راستەوخۆ كارەبای نیشتیمانی خانەقین لە 22 كاتژمێرەوە بۆ 10 تا 12 كاتژمێر كەمیكرد.

ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ داخستنی ژمارەیەك بەنزینخانەی نافەرمی كە گازیان بۆ مۆلیدە ئەهلییەكانی خانەقین دابیندەكرد، بەهۆیەوە زۆرینەی هەرە زۆری مۆلیدەكان لە بێ گازیدا كوژێنرانەوە و كارەبا بە هاوڵاتیان نادەن.

کەمال حەقی، كاسبكارێكی خانەقینە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێستا دوو كاتژمێر بە دوو كاتژمێر كارەبای نیشتیمانیمان پێدەدەن، بەگشتی رۆژانە لە نێوان 10 كاتژمێر بۆ 12 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانیمان پێدەدەن، لەكاتێكدا پێشتر 22 كاتژمێر تا 23 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانیمان هەبوو".

كارەبای قەزای خانەقین لە ئێرانەوە هەناردە دەكرێت، بەپێی گرێبەستێكی وەزارەتی كارەبای حكومەتی فیدراڵ لەگەڵ ئەو وڵاتە. لەپاڵئەوەشدا 75 مۆلیدەی ئەهلی هەن كە لەكاتی پێویستدا كارەبا بە گەڕەكە جیاوازەكان دەدەن.

كەمال حەقی وتی "ئێستا مۆلیدە ئەهلییەكانیش كارەبا نادەن و مۆلیدەكانیان كوژاندۆتەوە و دەڵێن گازمان نییە، ماڵەكانمان بە لایتی شەحن و مۆبایل روناك دەكەینەوە، تەنانەت زۆرێك لە كاسبكارانیش ئیشەكەیان بەكارەبا دەبێت و ئێستا بێ كاربون".

ماڵەكانمان بە لایتی شەحن و مۆبایل روناك دەكەینەوە

لە سەرەتای هەفتەی رابردوو هێزەکانی ئاسایشی نیشتیمانیی و دەزگا ئەمنییەكان، دەستیان بەسەر سێ بەنزینخانەی خانەقین-دا گرت كە بەشێوەی نافەرمی كاریان دەكرد و مۆڵەتیان نەبوو، لەكاتێكدا خاوەن مۆلیدە ئەهلییەكان لەڕێی ئەو بەنزینخانانەوە بەشە گازی مانگانەیان دابیندەكرد.

بازرگانێكی خانەقین كە سێ مۆلیدەی ئەهلی لە سێ گەڕەكی جیاوازی خانەقین هەیە و نەیویست ئاماژە بە ناوەكەی بكەین، وتی "دوای تەواوبونی ئەو بڕە گازەی لە كۆگاكەماندا هەبوو، ئێستا گازمان دەستناكەوێت، بۆیە سێ رۆژە مۆلیدەكانم كوژاندۆتەوە، بابەتەكە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە".

بەپێی ئامارێك كە دەست (كەركوك ناو) كەوتووە، لەكۆی 75 مۆلیدەی ئەهلی، تا ئێوارەی ئەمڕۆ زۆرینەی مۆلیدە ئەهلییەكان كوژێنرانەوە.

كێشەیەكی تر ئەوەیە، لەو 75 مۆلیدە ئەهلییە تەنیا نزیكەی 20 مۆلیدەیان مۆڵەتیان هەیە و بەشە گازیان لە حكومەتەوە بۆ دێت.

خاوەن مۆلیدەیەكی تر كە مۆڵەتی نییە، وتی "لە و سێ بەنزینخانەیە یان لە بازاڕی رەشدا گازمان دەكڕی، بەڵام بە داخستنی ئەو سێ بەنزینخانەیە لە بازاڕی رەش-یش دەستناكەوێت".

خانەقین بە یەكێك لەو قەزایانەی عیراق دادەنرێت كە كارەبای نیشتیمانی بە زۆر باش دادەنرێت، مانگی تشرینی دووەم نرخی ئەمپێرێك كارەبا تەنیا هەزار دینار بوو، لەكاتێكدا لە پارێزگای كەركوك بەهۆی كەمی كارەبای نیشتیمانی نرخی ئەمپێرێك كارەبا نزیكەی 10 هەزار دینار بوو، لە پارێزگای سلێمانیش گەیشتە 15 هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێك.

ئیدارەی قەزای خانەقین لە ئێستادا هیچ چارەسەرێكیان پێ نییە و چاوەڕێی ئیدارەی پارێزگای دیالە دەكەن چارەسەرێكیان بۆ بدۆزێتەوە، دوای ئەوەی كۆتایی هەفتەی رابردوو بۆ ئەو مەبەستە نوسراوێكیان بۆ كردن.

لێپرسراوێكی ئیدارەی قەزای خانەقین بە (كەركوك ناو)ی وت "تەنانەت هێزە ئەمنییەكان رێگەنادەن هیچ بڕە سوتەمنییەكی بازرگانی لە بازگەكانەوە بێتە قەزاكەوە و دەستیانبەسەر بەنزینخانە نا فەرمییەكانیشدا گرتووە... ئێمە چاوەڕێی ئیدارەی پارێزگای دیالە دەكەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك".

تەنانەت هێزە ئەمنییەكان رێگەنادەن هیچ بڕە سوتەمنییەكی بازرگانی لە بازگەكانەوە بێتە قەزاكەوە و دەستیانبەسەر بەنزینخانە نا فەرمییەكانیشدا گرتووە

وتیشی "لەمەودوا بە بڕیاری ئیدارەی پارێزگای دیالە ئەو كارەبایەی لە ئێرانەوە تایبەت بۆ خانەقین دەهات نزیكەی نیوەی دەدرێت بە قەزای شارەبان".

خانەقین قەزایەكی ناوچەی جێناكۆكە بەپێی دەستوری عیراق، دەكەوێتە پارێزگای دیالە كە هاوسنورە لەگەڵ ئێران و شارەبانیش بە هەمان شێوە لەو پارێزگایەیە و دەكەوێتە سەر سنوری هەمان وڵات.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT