لەنێوان هەشت بۆ نۆ پۆلیسی فیدراڵی گیانیانلەدەستدا لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو لە گوندێكی سەر بە ناحیەی ریاز لە باشوری كەركوك، دوو پۆلیسی تریش برینداربون.
روداوەكە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 18ی كانونی یەكەم رویدا، كاتێك بۆمبەكە بە كاروانێكی هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵیدا تەقیوەتەوە، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەكی ئەمنی باڵا لە ناوچەكە بۆ (كەركوك ناو).
سەرچاوەكە جەختیكردەوە "لەگەڵ تەقینەوەی بۆمبەكەدا روبەڕوبونەوەی چەكداریی لە نێوان هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی و هێزێكی نەناسراودا رویداوە و بەهۆیەوە یەكێك لە چەكدارە نەناسراوەكانی كوژراوە و هەشت پۆلیسی فیدراڵیش بەهۆی تەقینەوەكەوە شەهید بون".
هاوكات سەرچاوەیەكی هەواڵگری مەدەنی، روداوەكەی بۆ (كەركوك ناو) پشتڕاستكردەوە و وتی "نۆ پۆلیسی فیدراڵی شەهید بون و دووانی تر برینداربون".
نۆ پۆلیسی فیدراڵی شەهید بون و دووانی تر برینداربون
جەختیشیكردەوە لە ئێستادا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی لە ناوچەكە دەستیپێكردووە و لە شوێنی روداوەكە ژمارەیەك چەكی بەجێهێڵدراو هەڵگیراونەتەوە.
روداوەكە لە گوندی سەفرە لە سنوری ناحیەی ریاز بە ئاراستەی زنجیرە چیاكانی حەمرین رویداوە و سەرچاوەكە وتی "بۆمبەكە پێدەچێت تازە چێنرابێت و كۆن نەبێت".
ئەو ناوچەیە لە سەردەمی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) لە نێوان حوزەیرانی 2014 تا تشرینی یەكەمی 2017 لە ژێر دەسەڵاتی چەكدارانی ئەو رێكخراوەدا بوو.
لە دوای كۆتایهێنانی داعش لە عیراق، بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافییەوە ئەو ناوچەیە بەردەوام شوێنی مانەوە و خۆحەشاردانی چەكدارانی ئەو رێكخراوە بووە، بەڵام هێشتا رون نییە بۆمبەكە لەلایەن پاشماوەكانی داعشەوە چێنراوە یاخود نا.