فەرماندەی گشتی پۆلیسی فیدراڵی بە مەبەستی چاودێریكردنی لێكۆڵینەوەكان لە كوژرانی ئەفسەرێك و هەشت پۆلیسی فیدراڵی سەردانی شوێنی روداوەكە دەكات لە كەركوك، ئەوەش لەسەر راسپاردەی سەرۆك وەزیرانی عیراق و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكهاتووە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 18ی كانونی یەكەم، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو بە كاروانێكی پۆلیسی فیدراڵی و دواتر روبەڕوبونەوەی چەكداریدا، ئەفسەرێك و هەشت پۆلیسی فیدراڵی كوژران، ئەوەش لە نزیك ناحیەی ریاز لە باشوری كەركوك بە ئاراستەی زنجیرە چیاكانی حەمرین.
لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە "لە كردەوەیەكی تیرۆریستی ترسنۆكانەدا ئەفسەرێك بە پلەی رائید و ژمارەیەك پۆلیسی فیدراڵی بەهۆی تەقینەوەی بۆمبی چێنراوەوە لە نزیك ناحیەی ریاز شەهید بون".
دوای ئاگاداركردنەوەی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكان، ناوبراو داوایكردووە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە دروستبكرێت و راوەدوی ئەو چەكدارانەش بكرێت كە دەستیان لەو كردەوەیەدا هەبووە، ئەوەش هەر بەوتەی لیوا یەحیا رەسوڵ.
لە راگەیەنراوێكی تردا لەسەر هەمان روداو، لیوا یەحیا رەسوڵ، ئاماژەی بەوەداوە كە فەرماندەی گشتی گشتی هێزە چەكدارەكان، فەرماندەیی گشتی پۆلیسی فیدراڵی راسپاردووە بچێتە شوێنی ئەو هێرشە تیرۆریستییە بۆ ئەوەی چاودێری لێكۆڵنیەوەكان بكات.
راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك لەوەكالەت لە پرسەنامەیەكدا لەسەر ئەو روداوە، دەڵێت "پۆلێك لە پاڵەوانانی پۆلیسی فیدراڵی، لەكاتی روبەڕوبونەوەی داعش-دا لە گوندی سەفرە سەر بە ناحییەی ریاز بە ئاراستەی زنجیرە چیاكانی حەمرین شەهیدبون".
جەختیشیكردەوە "متمانەی تەواومان بە هێزە ئەمنییەكان هەیە كە كاردەكەن بۆ لێپرسینەوە لە هەموو ئەو كەسانەی لەو روداوە تیرۆرستییەدا تێوەگلاون"، لەگەڵئەوەشدا جەختیكردەوە لە بەهێزتركردنی توانای سەربازیی و بڵاوپێكردنی هێز لە هەموو ناوچە سنورییەكانی كەركوك.
متمانەی تەواومان بە هێزە ئەمنییەكان هەیە كە كاردەكەن بۆ لێپرسینەوە لە هەموو ئەو كەسانەی لەو روداوە تیرۆرستییەدا تێوەگلاون
سەرچاوەیەكی ئەمنی باڵا لە ناوچەكە، لە دوای روداوەكە بە (كەركوك ناو)ی وت "لەگەڵ تەقینەوەی بۆمبەكە بە كاروانێكی پۆلیسی فیدراڵیدا، روبەڕوبونەوەی چەكداریی لە نێوان هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی و هێزێكی نەناسراودا رویداوە و بەهۆیەوە یەكێك لە چەكدارە نەناسراوەكان كوژراوە".
سەرچاوەكە وتی "بۆمبەكە پێدەچێت تازە چێنرابێت و كۆن نەبێت".
ئەو ناوچەیە لە سەردەمی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) لە نێوان حوزەیرانی 2014 تا تشرینی یەكەمی 2017 لە ژێر دەسەڵاتی چەكدارانی ئەو رێكخراوەدا بوو.
لە دوای كۆتایهێنانی داعش لە عیراق، بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافییەوە ئەو ناوچەیە بەردەوام شوێنی مانەوە و خۆحەشاردانی چەكدارانی ئەو رێكخراوە بووە، بەڵام هێشتا رون نییە بۆمبەكە لەلایەن پاشماوەكانی داعشەوە چێنراوە یاخود نا.