فەرماندە ئەو فەرماندەیەیە زوو خۆی بگەیەنێتە هۆڵی لەشجوانی
وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ خۆیان رەشیق دەکەن!

ناسرییە/ تشرینی دووەمی 2022/ پشكنینی شیاوی جەستەیی و سەلامەتی تەندروستی لە ناوەندێكی سەر بە وەزارەتی بەرگریی عیراق. فۆتۆ: راگەیاندنی وەزارەتی بەرگری

كەركوك ناو

باس باسی کێش دابەزاندنە؛ ئیتر هیچ کەسیش بە ئارەزووی خۆی نییە. ئێستا جەنگاوەری بەجەرگ ئەوەیە، کەمێک زووتر، کەمێک چەوری زیاتر لە کۆڵ خۆی بکاتەوە.

هۆڵە وەرزشییەكانی پارێزگای كەركوك جمەیان دێت لە سەرباز و ئەفسەرانی سوپا و هێزە ئەمنییەكان كە بەپێی بڕیاری حكومەتی فیدراڵی عیراق ناچاركراون كێشی خۆیان دابەزێنن تاوەکو بتوانن لە ریزەكانی سوپا و دامەرزاوە ئەمنییەكاندا بمێننەوە.

حكومەتی نوێی عیراق كە لە كۆتایی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٢دا، بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی دەستبەكاربوو، بڕیاریدا كێشی ئەفسەر و سەربازانی سوپا و هێزە ئەمنییەكانی سەر بە هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ رێكبخاتەوە و سنورێک بۆ کێشی زیادەی ئەندامانی ئەو دوو وەزارەتە دابنێت، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی باڵا و تەمەن.

بۆ نمونە بۆ باڵای 162 تا 172 سانتیم، پێویستە كێشی ئەو كەسە لە نێوان 66 بۆ 85 كیلۆدا بێت، ئەوەش بەپێی تەمەن دەگۆڕێت، ئەگەر كەسەكە هەمان باڵای سەرەوەی هەبێت و تەمەنی لە نێوان 40 بۆ 49 ساڵ بێت، ئەوا پێویستە كێشی لە 74 تا 81 كیلۆ بێت.

بەپێی پێوەرەكانی حكومەت كە بۆ هەموو یەكە و فەرمانگە سەربازیی و ئەمنییەكاندا گشتێنراوە، تا تەمەنی گەورەتربێت، كێشی زیاتری بۆ دیاریكراوە.

"ئەوەتا دەبینن ئێمە بەپێی پێوەرەكان كێشمان زۆرە و پێویستە خۆمان داببەزێنین"، ئەفسەرێكی سوپای عیراق بە پلەی ملازم لە یەكێك لە هۆڵە وەرزشییەكانی كەركوك وایوت.

ئەو تەمەنی 37 ساڵە و باڵای 178 سانتیمە، بەپێی پێوەری حكومەت دەبێت كێشی 83 كیلۆ بێت، بەڵام لە ئێستادا 102 كیلۆیە. بۆیە پێویستە لە ماوەی سێ مانگدا 19 كیلۆ لە كێشی داببەزێنێت.

warzsh (2)
كەركوك/ كانونی یەكەمی 2022/ هۆڵێكی وەرزش لە پارێزگاكە. فۆتۆ: كەركوك ناو

بە ئەفسەرەكەمان وت دەتوانیت ئەوە بكەیت؟ وتی "ناچارم، ئەوەتا لەپاڵ وەرزشكردن خواردنم كەمكردۆتەوە، ئێواران زۆرینەی كات زەڵاتە دەخۆم، زۆر بەكەمی نان و برنج و هەندێك خواردنی ترم كەمكردۆتەوە، هەندێك دەڵێن ئاوا دادەبەزیت". بە پێكەنینەوە وتی "مەسروفێكمان كەمبۆتەوە، بەڵام مەسروفێكمان زیاد كردووە". وەك ئاماژەیەك بۆ بەشداریی مانگانە لە هۆڵە وەررزشییەكان.

سەرچاوەیەك كە لێپرسراوێتی ئەمنی هەیە لە هێزە ئەمنییەكانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی لە سنوری قەزای داقوق، وتی رۆژانە باس باسی كێش دابەزاندنە، وەزارەتی بەرگری زۆر سورە لەسەر جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە و "هەمومان پابەندین بەو پێوەرانەی دیاریكردووە".

هەمومان پابەندین بەو پێوەرانەی دیاریكردووە

لە ئێستادا بڕیارەكە وەك یەكەم هەنگاو لەناو ئەفسەراندا جێبەجێدەكرێت، سەرەتا ئەفسەرانی پلەی ملازم لە هەموو یەكە سەربازییەكان كێش و باڵایان بۆ كراوە و ئەو كێشە گونجاوەشیان بۆ دانراوە كە دەبێت لە ماوەی سێ مانگدا پێی بگەن.

ئەم هەفتەیە ئەفسەران بە پلەی موقەدەم كێش و باڵایان بۆ كراوە و بڕیارە پلە بە پلە تا فەرماندەی فیرقە بڕوات.

سەرچاوەكە وتی "هەركات ئەوان تەواوبون ئینجا بڕیارەكە  لەناو سەربازەكاندا جێبەجێدەكرێن".

بەڵام هۆڵە وەرزشییەكان لە پارێزگای كەركوك، تەنانەت پڕن لەو سەربازانەش كە كێشیان زۆرە و هێشتا كێشی گونجاویان بۆ دیارینەكراوە.

سەربازێك لە یەكێك لە هۆڵە وەرزشییەكان، وتی "دەمەوێت لە ئێستاوە كار بۆ دابەزاندنی كێشی خۆم بكەم، بەرلەوەی بڕیارەكە بگاتە ئێمە".

بەپێی پێوەرەكانی حكومەتی عیراق، كە كۆپییەكی لای (كەركوك ناو)ە، كەمترین كێش لە هەردوو وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆ دەبێت 57 كیلۆ بێت، زیاترین كێش 110 كیلۆ، ئەوەش بەپێی باڵا و تەمەن.

بڕیارەكە بە شێوەیەكە كە سەرەتا كێش و باڵا و تەمەنی كەسەكان دیاریدەكرێت، لەگەڵئەوەشدا كێشی گونجاویان پێدەوترێت، دوای مانگێك جارێكی تر هەمان پرۆسەیان لەگەڵدا دوبارە دەكرێتەوە و ئەم پرۆسەیە تا سێ مانگ بەردەوامدەبێت.

supa
هێزێكی سەر بە سوپای عیراق، لە یەكەیەكی مەشق و راهێناندا. فۆتۆ: راگەیاندنی وەزارەتی بەرگری عیراق

سەرچاوە باڵاكەی سوپا، وتی "بەپێی بڕیارەكە ئەگەر دوای سێ مانگەكە نەگەیشتینە كێشی گونجاو پێیانوتوین خانەنشین دەبن و لە سلكی سەربازیی و ئەمنیدا جێگەمان نابێتەوە"، بەڵام هیچ زانیارییەكی نەبوو لەسەر ئەوەی چۆن خانەنشیندەكرێن.

بەپێی بڕیارەكە "ئەگەر دوای سێ مانگەكە نەگەیشتینە كێشی گونجاو خانەنشین دەكرێین".

بەپێی رێكار و رێنمایی و یاسا بەركارەكانی عیراق، بۆ وەرگرتنی هەركەسێك لە بواری  ئەمنی و سەربازییدا مەرجەكانی شیاوی جەستەیی و سەلامەتی تەندروستی لەبەرچاودەگیرێت.

بەپێی ماددەی 47ی یاسای خزمەت و خانەنشینی سەربازیی ژمارە 3ی ساڵی 2010ی هەمواركراو دەتوانرێت كەسێك لە بواری سەربازیدا خانەنشین بكرێت، ئەگەر سەلمێنرا كە لێوەشاوەیی نییە بۆ پیشەكەی، یان ئەگەر پابەندنەبوو بە ئاداب و رێكارەكانی خزمەتی سەربازیی.

بەپێی ماددەی 45ی هەمان یاسا لە ملازمەوە هەتا فەریقی یەكەم لە 50 بۆ 63 ساڵ خانەنشیندەكرێن، سەربازیش لە 50 ساڵیدا.

مازن محەمەد، خاوەنی هۆڵێكی وەرزشییە لە پارێزگای كەركوك، وتی "هۆڵەكەمان بەراورد بە چەند مانگێك لەمەوبەر قەرەباڵغ بووە، زۆرێك لەوانەی سەردانمان دەكەن لە سوپا و هێزە ئەمنییەكانن و زۆرینەشیان بۆ دابەزاندنی كێش دێن...".

"خەڵكی بەگشتی بۆ وەرزشكردن دێن، بەڵام ئەندامانی سوپا و هێزە ئەمنییەكان ئامانجی یەكەمیان دابەزاندنی كێشە، تەنانەت خۆشیان زۆر ماندوو دەكەن، هەندێكیشیان رێجیم دەكەن"، مازن وایوت.

بۆ باڵای 174 بۆ 190سم، پێویستە كێشی كەسەكە لە نێوان 74 بۆ 102 كیلۆدابێت، بۆ نمونە تەمەتی 25 بۆ 29 ساڵ ئەگەر باڵای لە نێوان 174 بۆ 190سم،  دەبێت كێشی لە نێوان 77 بۆ 90 كیلۆ بێت.

ئەفسەرێكی سوپا لە یەكێك لە هۆڵە وەرزشییەكان – بە بڕیاری حكومەت مافی لێدوانیان نییە-، وتی "ھەفتەی چوار روژ لەم هۆڵە وەرزش دەكەم، ئەگەر كاتم هەبێت هەموو رۆژێك دێم".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT