كوشتنی ژنێك لەلایەن سێ چەكداری دەمامكدارەوە
دەست و قاچی پیاوەكەیان بەستەوە و ژنەكەیان بە چەقۆ كوشت

كه‌ركوك، تشرینی یه‌كه‌می 2020، ناوچه‌ی شێخ بزێنی له‌ ناحیه‌ی شوانی باكوری خۆرهه‌ڵاتی كه‌ركوك فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو

سێ چەکداری دەمامكدار هەڵیانکوتایە سەرماڵێک لە كۆمەڵگەی سمایل بەگی لە ناحیەی شوان، ژنێكی ماڵەكەیان بە چەقۆ کوشت، دوای ئەوەی پیاوەكەیان بەستۆتەوە.

روداوەكە كاتژمێر سێی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی كانونی یەكەم لە كۆمەڵگەی سمایل بەگی رویداوە لە سنوری ناحیەی شوان لە پارێزگای كەركوك.

بەپێی سەرچاوەیەكی پۆلیس لە ناوچەكە، چەكدارەكان سێ كەس بون، دەمامكیان پێوەبووە، چونەتە سەر ماڵەكە و دەست و قاچی پیاوەكەیان بەستۆتەوە، دواتر ژنەكەیان بە چەقۆ كوشتووە.

جەختیشیكردەوە "دوای كوشتنی ژنەكە، پیاوەكەیان لەسەر بانی ماڵەكە بە دەست و قاچ بەستراوی بەجێهێشتووە و رۆیشتون".

پۆلیس سەرقاڵی لێكۆڵینەوەی زیاترە لە روداوەكە، تا ئێستا كەس دەستگیرنەكراوە و هۆكاری كوشتنەكەش رون نییە، بەڵام سەرچاوەكە وتی "پێدەچێت كێشەی كۆمەڵایەتی بێت".

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 28 كانونی یەكەم، تەرمی ئەو ژنە بەرەو گۆڕستان بەڕێكرا بۆ بەخاكسپاردنی.

بەپێێ ئامارێكی پۆلیسی كەركوك، لە ساڵی 2022دا تا ئەمڕۆ چوارشەممە 28 حاڵەتی كوشتن لە پارێزگای كەركوك تۆماركراوە.

سەرچاوەكەی پۆلیس جەختیكردەوە "26 كەس لەسەر تاوانی كوشتن دەستگیركراون و دۆسییەكانیان لە دادگایە".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT