كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر:
پرسی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا كاری لە پێشینەمانە

هەولێر/ 4ی كانونی دووەمی 2023/ دیمەنێك لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی ئێرڤ ھیکس، كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر. فۆتۆ: راگەیاندنی كونسوڵخانە

لەیلا ئەحمەد

ئێرڤ ھیکس، كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر، رایدەگەیەنێت كە لە پێشینەی كارەكانی باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا، پرسی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا دەبێت لە سەرتاسەری عیراق، بۆ ئەوەش وتی "دەستمان بەكار و بەرنامە كردووە".

ئەو وتەی كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر لە وەڵامی پرسیارێكی (كەركوك ناو)دا هات كە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاراستەی كرا، كۆنگرەكە چوارشەممە 4ی كانونی دووەمی 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو.

ئێرڤ ھیکس، وتی "مەسەلەی روبەڕوبونەوەی گۆڕانكارییەكانی ژینگە و كەشوهەوا، یەكێكە لە كارە لە پێشینەییەكانی باڵیۆزمان لە بەغدا، دەستمان بە كارو بەرنامە كردووە، ئاژانسی USAID بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی چەند پڕۆگرامێكیان هەبووە لێرە، هەروەها یەكێك لە كۆمپانیا ئەمریكییەكان لەم ماوانەدا پڕۆژەیەكی هێناوەتە ئاراوە بۆ سودوەرگرتن لە تیشكی خۆر بۆ ئەوەی زیاتر پشت بە وزەی خاوێن ببەستین. وەكو جێگرەوەی ئەو شتانەی كاریگەرییان لەسەر ژینگە هەیە، ئەمەش كاریگەریی لەسەر كەمی بەكارهێنانی ووزە هەیە".

كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە تایبەت بوو بە روانگە و پلانی ساڵی 2023ی كونسوڵ و كارەكانیان لە ساڵی رابردودا، تیایدا چەند دامەزراوەیەكی راگەیاندن بانگهێشتكرابون لە نێویاندا (كەركوك ناو).

لەیلا ئەحمەد پەیامنێری (كەركوك ناو)، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا باسی پرسی ژینگە و گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوای كرد و جەختیكردەوە لەوەی هەندێك ناوچە لە عیراق بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەواوە روبەڕوی مەترسی بونەتەوە، لە نێویاندا ئەو ناوچانەی ئاوارەكانی شەڕی داعش بۆی گەڕاونەتەوە.

layla.ahmed
هەولێر/ 4ی كانونی دووەمی 2023/ لەیلا ئەحمەد، پەیامنێری (كەركوك ناو) لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی ئێرڤ ھیکس، كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر. فۆتۆ: راگەیاندنی كونسوڵخانە

بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ (IOM) – سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان - عیراق لە ریزبەندی پێنجەمی ئەو وڵاتانەیە، كە لە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوادا زۆرترین زیانی بەركەوتووە و كاریگەریی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما، كەمبونەوەی بڕی بارانبارین، وشكەساڵی و كەمبونەوەی ئاو و خۆلبارین و لافاوی لەسەرە.

لە راپۆرتێكی رێكخراوەكەدا كە لە مانگی ئابی 2022 بڵاوكراوەتەوە، تیایدا هاتووە "ئەوەی دۆخەكەی ئاڵۆزتر كردووە، پەیڕەوكردنی سیاسەتەکانی ئاوە لە وڵاتانی دراوسێدا، ئەوەش بۆتەهۆی كەمبونەوەی ئاو، لەكاتێكدا گەشەی خێرای دانیشتووان، شارنشینی و بەکارهێنانی ناکارامەی ئاو لەلایەن کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازییەوە خواست لەسەر ئاوی زیاتر دەباتە پێشەوە".

كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر، وتی "وەفدێكی بازرگانی ئەمریكا لەم چەند مانگەدا بەنیازن سەردانی عیراق بكەن، ئەو وەفدە نوێنەرایەتی هەندێك زانكۆی ئەمریكی تێدادەبێت، كە زۆر ناوبانگی باشیان هەیە، لە مەسەلەكانی ژینگە و گۆڕانی كەشوهەواو وزەی خاوێن.... هەر بۆ نمونە، زانكۆی لینفێڵد لەگەڵ زانكۆی دهۆكدا لە ئێستادا كاردەكەن بۆ مەسەلەی پەنابەران و ئاوارە و هەروەها مەسەلەی ژینگەش".

زیاتر وتی "لەم ماوە نزیكەشدا سەردانی بەغدا دەكەم بۆ ئەوەی لەگەڵ باڵیۆزدا كۆببینەوە بۆ ئەوەی كارە لە پێشینەییەكانی خۆمان لەسەرتاسەری عیراقدا دەستپێبكەین".

بەشێك لە وەڵامی ئێرڤ ھیکس، كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر بۆ پرسیاری پەیامنێری (كەركوك ناو)

 مەهدی رەشید حەمدانی، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی حكومەتی عیراق، لە کۆتایی مانگی ئابی رابردوو، لە راگەیەنراواێكدا جەختیكردەوە،  لەوەی عیراق بەدەست گۆڕانی کەشوهەوا و لەناوچونی سەرچاوە ئاوییەکانەوە دەناڵێنێت، ئەوەش بەهۆی رێکنەکەوتنی نێوانیان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی سەرچاوەی روبارەکانی عیراقن.

سەبارەت بە هەوڵەکانی وەزارەتەکەشی، وتی "بەردەوام داوا لە وڵاتانی سەرچاوەی ئاوی دیجلە و فورات دەکەن بەشێوەیەکی یەکسان بەشداری لە زیادبون و کەمکردنەوەی ئاستی ئاودا بکەن، کار بۆ گونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویستدا بكەن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT