میدیا و روماڵکردنی (یەکتا تەندروستی)

نوسینی: سان ساراڤان – ڕاوێژکاری باڵای میدیا – لە ڕێکخراوی ئینتەرنیوز

پەتا سەرتاسەرییەکەی کۆڤید-١٩ زەنگێکی مەترسیدار بوو بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی بۆ ئەوەی پێمان بڵێت مرۆڤ و بوونەوەرەکان و ژینگە و دەوروبەر بەبەردەوامی لە بازنەیەکی کارلێکراودا گوزەر دەکەن، بوونی مەترسییە تەندروستیەکانی سەر ژیانی مرۆڤ تەنیا دابڕاو و  وابەستە نین بە خودی مرۆڤەوە، بەڵکو لە بزاوتێکی بەردەوامدایە لەگەڵ بوونەوەرەکانی تر و ئاو و هەوا و خاك و دار و درەختدا، کە هەمیشە ئەو پەیوەندییانە دەستنیشانی دەرئەنجام و چارەنووس و مەترسی و هەڕەشەکانی سەر تەندروستی مرۆڤ و ژینگەکەمان دەکەن. کەواتە مرۆڤ ناتوانێت خۆی داببڕێت لە پەیوەندییەکانی بە دەوروبەر و ژینگە و بوونەوەرەکانی ترەوە. بۆیە دروستکردنی هۆشیاری لەسەر ئەو پەیوەندییانە ئەرکێکی بنەڕەتییە لەلایەن کایەی میدیایەوە کە دەبێت میدیا سەرنجی تەواو بخاتە سەری  دەستنیشانکردنی سروشتی ئەو پەیوەەندییانە و شیکاریی تەواوییان بۆ بکات و هەموو مەترسییەکانی ئەو پەیوەندییانە واڵا بکات بۆ ڕای گشتی و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی لە پێناو پارێزگاریکردنی تاك و کۆمەڵدا لە ناو ژینگەیەکی تەندروستدا. پرسیارێك ڕووبەڕووی میدیا و ڕۆژنامەوان دەبێتەوە لە ئێستادا، ئەویش ئەوەیەکە ئایا تا چەند میدیا چالاکانە کاری لەسەر دەرئەنجام و لێکەوتەکانی ئەم پەیوەندییە کردووەتەوە؟ بەگشتی میدیا سەرنجێکی زۆری کەمی خستۆتە سەر یەکتا تەندروستی لە جیهاندا و ناوچەکەشمان بێبەش نییە لەو کەمتەرخەمییانە.

تێگەیشتن لە یەکتا تەندروستی؟

لە سەرەتادا وا پێویست دەکات بزانین یەکتا تەندروستی چییە؟ یەکتا تەندروستی چەمێکیکە کۆمەك و هەوڵی هاوبەش و فرە پسپۆڕی  دەگرێتەوە کە ئامانجی کارکردنە بۆ بەدەستهێنانی تەندروستییەکی گونجاو بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ و ژینگە،  لە بازنە ناوخۆیی و جیهانییەکاندا. کە باس لە هەوڵی فرە پسپۆڕی دەکەین مەبەستمان لە سێ زانستی سەرەکییە ئەویش  زانستەکانی ڤێتێرنەری، زانستی تەندروستیی مرۆڤ و ئیکۆلۆژیە (ئەو لقەی بایۆلۆجی و زیندەوەرزانییە کە مامەڵە لەگەڵ پەیوەندییەکانی زیندەوەران لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ دەوروبەرە فیزیکییەکانیان دەکات). ئەوەی شایانی باسە یەکتا تەندروستی لە ڕابردوو و مێژووی خۆیدا سەرنجی تەواوی خستبووە سەر هەموو ئەو نەخۆشییە زوونەتیکانە (کە ئاژەڵ-مرۆیین، واتا لە ئاژەڵەوە دەگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ) کە نەخۆشییەکانیش گوازراوە و درمین،  سەرنجی کەمتری خستۆتە سەر ژەهراویی بوونی ئاژەڵەکان  و بەرکەوتەکانی بە نەخۆشییە کیماییەکانی مرۆڤەوە، هەربۆیە لە ئێستادا یەکتا تەندروستی ئەم هەلومەرجەش لە خۆ دەگرێت و لەم کاییەیەدا بەکار دەهێنرێت.

 کاتێك کە پەتایەكی  وەك کۆڤید-١٩ یان پەتا هاوبەشەکانی تری نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ سەرهەڵدەدات لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر نەخۆشیی مرۆڤ و ئاژەڵ دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ بەرجەستە بکات لە دابینکردنی هۆکارە زانستییەکانی نەخۆشییەکان و ئاسانکردنی پرۆسەی چارەسەرکردن.

 تێگەیشتن لەم چەمکە زۆر گرنگە بۆ ڕای گشتی و کۆمەڵانی خەڵك و میدیاکاران بە مەبەستی شرۆڤە و شیکارکردنی کێشە تەندروستییەکان و  باشتر تێگەیشتن و خۆپارێزی و چارەسەرکردنی ئەو هۆکارە زۆرانەی کە لەم پەیوەندییەدا سەرهەڵدەدەن. هەروەها بۆ بەگژاچوونەوەی هەموو ئەو زانیارییە چەوت و چەواشانەی کە لەکاتی سەرهەڵدانی پەتاکاندا ڕووبەرری خەڵك و لایەنە تەندروستییەکان دەبنەوە لەسەر ئەو بنەماییەی کە لە ئێستادا سەرچاوە فەرمییەکان دووپاتی ئەوە دەکەنەوە کە سێ لە کۆی چوار نەخۆشی درمییەکان زۆنەتیکن واتە (ئاژەڵ- مرۆیین) و وابەستەی پەیوەندییەکانی ژینگە و بوونەوەرەکانی دەوروبەرمانن.

هەر یەك لە کەرتە جیاوازەکانی تەندروستی مرۆیی و بوونەوەر و ژینگە ناتوانن بە تەنها ئەنجامی کاریگەر و بەردەوامی بەدەستبهێنێت، بۆیە تەنها لە ڕێگەی چارەسەرکردنی پەیوەندییەکانی کۆمەڵگاوەیە کە دەتوانین نایەکسانی تەندروستی کەم بکەنەوە و دەرئەنجامە تەندروستییەکان بۆ هەمووان لەبار تر و باشتر بکەین ئەویش لە ڕێگەی ئەم میکانیزم و کایانەی خوارە دەبێت:

tandrusti2
ئەم خشتەیە رونیدەكاتەوە كە هەر یەك لە کەرتە جیاوازەکانی تەندروستی مرۆیی و بوونەوەر و ژینگە ناتوانن بە تەنها ئەنجامی کاریگەر و بەردەوامی بەدەستبهێنێت

کەواتە سەرنجی یەکتا تەندروستی جەختکردنەوەیە  لەسەر پێویستی هاوکاریکردن و هەمەئاهەنگی و پەیوەندیی شارەزایان و پسپۆڕان و پزیشکانی بواری تەندروستیی مرۆڤ و ئاژەڵ و ئیکۆسیستەم، کە کارکردنە بۆ مەبەستی باشتر تێگەیشتن و چارەسەرکردنی ئەو هۆکارە زۆرانەی کە بەشدارن لە سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە ئاژەڵییەکان و  گواستنەوەی نەخۆشییەکان بۆ مرۆڤ و بەرگری دژە میکرۆب و ڕەچاوکردنی ئەگەری بەرهەمە ئاژەڵییە پیسبووەکان وەک سەرچاوەی خۆراك لە بەرکەوتنی مرۆڤدا، هەروەها بڵاوبوونەوەی ماددە کیمیاییە پەیوەندیدارەکان و پیسبوونی کیمیایی و ماددە ژەهراوییەکان و جا کانزا قورسەکان بێت  یان مادە پلاستیکییە قڕکەر و مەترسیدارەکان بن.

شایانی باسکردنە کە بزانین ئەم ڕێکارە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) وەرگیراوە، کە لە نزیکەوە لەگەڵ ڕێکخراوی جیهانی بۆ تەندروستیی ئاژەڵان (OIE) کاردەکات بۆ پێشخستنی وەڵامدانەوەی فرە لایەنە بۆ هەڕەشە و مەترسییەکانی تەندروستی گشتی کە لە و دەلاقانەوە ئاژەڵ-مرۆڤ-ژینگە سەرچاوە دەگرن.

مێژووی یەکتا تەندروستی؟

ڕودۆڵف ڤیرچۆ، پزیشکی ) پاثۆلۆجیستی)ئەڵمانی، یەکێك بوو لە پزیشکە دیارەکانی سەدەی نۆزدەهەم کە جۆش و خرۆشێکی تایبەتی هەبوو  لە پەیوەندیی نێوان تەندروستی نێوان مرۆڤ و ڤێتێرنەری. دکتۆر ڤیرچۆ لە کاتی لێکۆڵینەوە لەسەر  کرمێك کرد بە ناوی (تریچینێلا سپیرالیس) لە بەرازدا، ئەو دەستەواژەی  (zoonosis)ی داهێناوە بۆ ئاماژەدان بە نەخۆشییەکی گوازراوە لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا.  دکتۆر ڤیرچۆ جەختی لەوە کردەوە، “لە نێوان پزیشکی ئاژەڵ و مرۆڤدا هیچ هێڵێکی جیاکەرەوە  نییە،  هەروەها نابێت هەبێت. لەگەڵ ئەوەی کە بابەتەکان جیاوازن بەڵام ئەو ئەزموونەی کە بەدەست دێت بنەمای هەموو تەندروستییەك  پێکدەهێنێت”.

هەر بۆیە بنەما و چوارچێوەی کاری یەکتا تەندروستی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی ١٨٠٠. بەڵام وەك زاراوەی "یەکتا تەندروستی" لە ساڵی ٢٠٠٤ داڕێژرا ، کاتێك کۆمەڵەی پاراستنی گیانلەبەرە کێوییەکان، پسپۆڕانی تەندروستی مرۆڤ و ئاژەڵان لە سیمپۆزیۆمێکدا لە شاری نیویۆرك کۆبوونەوە و  تیشکیان خستە سەر ئەوەی کە نەخۆشییە درمیەکان و پەتاکان دەتوانن لە نێوان ئاژەڵ و مرۆڤدا گوزرە بکەن. لە لە سیمپۆزیۆمەکەدا داوای میتۆدێکی نێوان زانستی و فرە دامەزراوەیییان کرد کە دان بە پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان تەندروستیی مرۆڤ و ئاژەڵ و ژینگەدا بنێت. ئەم هەوڵانە بەردەوا بوو تا لە  ساڵی ٢٠٠٧ لە کۆنفرانسێکدا لە هیندستان، بە نوێنەرایەتی  ١١١ وڵات و  ٢٩ ڕێکخراو گفتوگۆیان کرد لەسەر گرنگی ڕێبازی یەکتا تەندروستی. دوای ساڵێک، لە کۆنفرانسێکی وەزاریدا لە میسر، نوێنەرانی وەزارەتەکانی تەندروستی لە سەرانسەری ١٢٠ وڵاتدا پشتگیریان لە ڕێبازی یەکتا تەندروستی کرد و چوارچێوەیەکیان بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە درمیە هاوبەشەکان بڵاوکردەوە. کۆڕبەندی  بەیەکگەشتنی یەکتا تەندروستی لە داڤۆسی سویسرا کە لە ١٩-٢٢ی شوباتی ٢٠١٢ بەسترا،  کە بوو بە یەکەم لوتکەی بەیەکگەیشتنی  یەکتا  تەندروستی کە بە سپۆنسەری لایەنی ئەندامێتی تایبەت بە ناوی کۆڕبەندی مەترسی جیهانی (Global Risk Forum) بەڕێوەچوو.

ئێستا چوارچێوەی یەکتا تەندروستی ڕێبازێکی یەکگرتوو و گشتگیرە بۆ بەڕێوەبردنی نەخۆشییە درمییەکان، کە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) و ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (FAO) و ڕێکخراوی جیهانی تەندروستی ئاژەڵان بانگەشە بۆ دەکرێت. ڕێبازی یەکتا تەندروستی پێویستی بە پەیوەندی و هاوکاری و هەمەئاهەنگی باش هەیە بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت لە نێوان کەرتەکاندا. بەڵام ئاستەنگێکی گەورە کە ڕووبەڕووی حکومەتە خۆجێیەکان دەبێتەوە لەبەردەم ئەم پەیوەندییانەدا کە ئەویش ئەولەویەتە سیاسیەکانە، هەر بۆیە گفتوگۆ و هاوبەشیکردن لە نێوان کەرتەکان ئاسان نابێت.

بۆچی دەبێت  میدیا سەرنجی لەسەر پرسە مرۆییەکان و ئاژەڵان و ژینگەییەکان بێت لە بەرەنگاربوونەوەی پەتاکانی داهاتوو؟

ئێمەی مرۆڤ ژینگەیەکی هاوبەشمان هەیە لە گەڵ ئاژەڵ و بوونەوەرەکاندا، بە بەردەوامی لە بەریەکەوتنداین جا ئەگەر لە ڕێگەی خواردنەوە بێت یان  هاوبەشی پێکردنی خاك و ئاو هەوا بێت.

گۆڕان و پیسبوونی ژینگە بە هەموو لایەنەکانییەوە و کەمبوونەوەی ئاوی پاكژ و کارەساتە سروشتییەکان هۆکارێکی سەرەکیین لە تەشەنەکردنی نەخۆشییە هاوبەشەکان. بۆیە دەبێت میدیا بەتەنها تەندروستی مرۆڤ بە هەند وەرنەگرێت بەڵکو ڕەچاوی ژینگە هاوبەشەکان و سەرچاوە خۆراکییە هاوبەشەکانی مرۆڤ و ئاژەڵان بکات. کەواتە چەمکی یەکتا تەندروستی چەمکێکی ڕووت و دابڕاو نییە لەکاتی سەرهەڵدانی نەخۆشییەکدا سەرنج بخرێتە سەر نەخۆشییەکە لە مرۆڤدا بە تەنها یان لە کاتی شیکردنەوەی بارە تەندروستییەکاندا تەنها دەستنیشانی کاریگەری سەر مرۆڤ بکات بەڵکو  ئەم چەمکە هاندەری هاوکاری نێوان زانستەکانە لە نێوان پسپۆڕانی ڤێتێرنەری،  تەندروستخوازانی مرۆڤ و ئیکۆلۆژیستەکانە.

کارکردن بۆ فراوانکردن و پەرەپێدان کاری میدیایی لەسەر زۆنۆسەکان کە نەخۆشی گوازراوەن و بەبەردەوامی بەرمان دەکەوێتەوە، هەروەها  گرنگیدانی میدیایی لە سەر بەرکەوتنی ژەهراویی لەنێوان  ئاژەڵ و  پەیوەندی نێوان ئەم بەرکەوتنە لەگەڵ نەخۆشییە کیمیاییەکانی مرۆڤ و هۆکارەکانی خۆپاراستن و چارەسەر ئەرکی میدیایی تەندروستی یەکتایە.

 لە ساڵی ١٩٥٦ لە کەنداوی میناماتا لە ژاپۆن نەخۆشی نائاسایی توندی کۆئەندامی دەماریی بڵاوبوویەوە، لە کۆتاییدا دەرکەوت کە خواردن و ڕاوکردنی ئەو خواردنە دەریاییە ناوخۆییە کە چڕیی زۆری میتاڵی جیوەیان تێدا بوو ( کە ژەهراویکەرێکی ژینگەیی کەڵەکەبووی زیندەییە)، هۆکارەکانی بوو. زۆرترین کەسانی تووشبوو بە توندی لە منداڵدانی دایکە دووگیانەکانەوە کە ئەو ماسییانەیان خواردووە،  بەرکەوتوون.  ئەم منداڵانە بە کەموکوڕی جۆراوجۆری کۆئەندامی دەماری لەدایکبوون، لەوانە کوێربوون، پەرکەم و دواکەوتنی گەشەکردن. شایەنی تێرواننینی ورد ئەوە بوو کە ٦ ساڵی پێش بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە، ئاماژە بەوە کرا کە پشیلەکانی ناو کۆمەڵگاکە ڕەفتاری دەمارەیی و  تێکچوونی کۆئەندامی دەماریی نائاسایییان نیشانداوە و دواتر مردوون، نیشانەکانی بریتیبوون لە ئاتاکسی(ناهاوسەنگی لە رۆشتندا) و ڕەقبوونی ماسولکەکانی لەخۆگرتبوو و لە کۆتاییدا هۆکارەکەی بە  ژەهراویبوونی بە میتاڵی جیوە دەستنیشان کرا.

لە ئەگەری بڵاو بوونەوەی هەر پەتایەکی زونۆکسی لە هەر سوچێك و کۆمەڵگایەك و جوگرافیایەکی بچووکی ئەم دونیایەدا بێت، زۆر گرنگە کاری میدیایی و فرە ژانرای لەسەر بکرێت و چەند بارە تیشکی بخاتەوە سەر ئەو چیرۆکانە و ڕووماڵی بکاتەوە، چونکە لە کۆتاییدا یەك ژینگەی دایك و پەیوەندی فرە ئاڕاستەمان هەیە لەگەڵ ئاژەڵ و خۆراك و ئاو و هەواکەماندا. گایا شریدار، ڕاهێنەری پەتا، لە تۆڕی ڕۆژنامەگەری تەندروستی، ئینتەرنیوز دەڵێت "یەکێك لەو هۆکارە باوانەی کە لە سەرانسەری ڕووماڵکردنی نەخۆشییە ئاژەڵییەکاندا دەڕوات، ئەوەیە کە چیرۆکەکان زۆرجار لەسەر بڵاوبوونەوەی تایبەت، ناوچەیەک یان کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو چڕ دەبنەوە. تەواوی لێکنزیکبوونەوەی تەندروستی ژینگەیی و مرۆڤ و ئاژەڵ دەبێت لە ڕێگەی چیرۆکەکانەوە دووبارە و سێبارە ڕوون بکرێنەوە".

لەبەر ئەم هۆکارە دەبێت میدیای کوردی و عێراقی سەرنجی تەواو بخاتە سەر دۆزینەوەی  ڕێگەی هاوبەش  بۆ تێگەیاندن و پەروەردەکردنی خەڵك‌ لەسەر یەکتربڕینەکانی تەندروستیی مرۆڤ و ژینگە و ئاژەڵان.

کاترین تۆماس، ڕاهێنەری پەتا لە تۆڕی ڕۆژنامەگەری تەندروستی ئینتەرنیوز دەڵێت: "هەموو شتێک بەیەکەوە بەستراوەتەوە." "تێگەیشتنێکی باشتر و ڕاپۆرتکردنی باشتر لەسەر یەکتا تەندروستی و نەخۆشییە زۆنۆتیکەکان هەروەها تێگەیشتن لەو بابەتانە ئاگادار دەکاتەوە کە کاریگەرییان لەسەر مرۆڤ هەیە." لەگەڵ زیادبوونی ئەم مەترسییە جیهانییەی پەتاکانی داهاتوو، پێویستییەکی زۆر گرنگ هەیە بۆ میکانیزمێکی یەکگرتووی فرە لایەنە لە ڕاپۆرتکردن،  لەسەر ئەو هۆکارە کۆمەڵایەتی-ئابووری، کۆمەڵایەتی، زانستی و ڕەفتارییانەی کە بەشدارن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە ئاژەڵییەکان.

چی بکرێت بۆ ئەوەی لە ڕووی میدیاییەوە زیاتر گرنگی بە یەکتا تەندروستی بدرێت؟

  • دامەزراندنی پانێڵی زانستی و میدیایی کاریگەر لەسەر  ڕەفتاری مرۆڤ لەسەر ژینگە و شوێنی ژیانی گیانلەبەرە کێوییەکان یەکێکە لە کارە لە پێشینەیەکان. بە تەریبی درووستنەبوونی میدیا و رۆژنامەوانی زانستی، کە لەئێستادا کەلێنێکی گەورەیە لە میدیای کوردی و عێراقیدا.  
  • دەبێت میدیا گرنگی تەواو بدات بە هەوڵە نێودەوڵەتییە نوێیەکان لە ڕێکخراوی خۆراك و کشتوکاڵ، (FAO)؛ ڕێکخراوی جیهانی بۆ تەندروستی ئاژەڵان (OIE)؛ بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNEP)؛ و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) بۆ باشترکردنی تێگەیشتن لە چۆنیەتی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە ئاژەڵییەکان.
  • بەرزکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵگا سەبارەت بە دەرئەنجامە گشتگیر و چارەسەرییەکان و هەروەها جەختکرنەوە لە دابینکردنی دارایی و سیاسەتێکی ڕوونی حکوومەتی خۆجێی لە سەر  بنەما زانستییەکان وەك بیرۆکە و چیرۆك، توێژینەوەی کەیس و خوێندنەوەی زیاتر، دابینکردنی  سەرچاوە و زانیاری پێویست و هاوبەشیپێکردنی لەگەڵ میدیا و  ڕۆژنامەواندا پایەیەکی گرنگە لە بەکارهێنانی ڕێبازی یەکتا تەندروستی.  هەروەها دابینکردنی لێکۆڵینەوە و ڕوماڵی بۆ  پەرەسەندنی پرسە مەترسییەدارە جیهانییەکان و  نەخۆشییە ئاژەڵییەکان و کێشە ژینگەییەکان بۆ هەر ناوچەیەك.  
  • فشاری میدیایی بکرێت بۆ دامەزراندی تاقیگەی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشیەکان لە کوردستان و عێراقدا و بەهێزکردنی توانای تاقیگەیی بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵ و ژینگە و خۆراکی تەندروست کە لە ئێستادا بوونیان هەیە . هەرەوها چاودێری میدیا چڕ بکرێتەوە لەسەر تاقیگەکان و تاقیکردنەوەکانی دەستنیشانکردنی خێرا، کۆکردنەوە و گواستنەوەی نموونەکان بخرێنە بەرچاوی خەڵك تا بە ئاگا بن و بەشێك بن لە هاوكێشەی چارەسەر.
  • زۆر گرنگە میدیا جەخت بکاتەوە لە بەهێزکردنی سیستەمی ئاو، پاکوخاوێنی لە ڕێگەی میکانیزمی فرە کەرتییەوە، بە واتا هەموو کایەکانی تر هاوبەش بن لە راگرتنی تەندروستی و ڕووبەڕو بونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازاراو. هەڵسەنگاندنی کارەساتی سروشتی وەک زریان و لافاو و وشکەساڵی وبڕینەوەی داو درەەخت کاریگەرییە تەندروستیەکانیش شیبکرێنەوە و لە ڕێگەی میدیاوە شرۆڤەی بۆ بکرێت.
  • یەکێک لە کایە بنەڕەتیەکانی میدیای یەکتا تەندروستی ڵێکۆڵینەوەیە لە سەر بازرگانیکردن بە گیانلەبەرە کێوییەکانەوە، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری تەواو دەکاتە سەر تەندروستی گشتی لە کۆمەڵگادا ، لە هەمان کاتدا کاریگەری زۆریشی هەیە بۆ سەر ئاژەڵەکانی تر، کە ڕەنگە ژیانیان بخاتە مەترسییەوەلە ڕێگەی سەلامەتی خۆراک، کۆنترۆڵکردنی زۆنۆسی و بەرەنگاربوونەوەی بەرگری دژە زیندەیی لە ڕێگەی ڕووەک و ئاژەڵەوە.
  • پەراوێزخستن و فەرامۆشکردنی کۆچبەران و  ئاوار و پەنابەران و دانیشتوانی کۆچەری، و فراوانبوونی نیشتەجێبوونی نافەرمی شارەکان بە هۆی شەڕەوە بێت یان کۆچی وشکە ساڵی و بە بیابانبوونەوە بێت و فراوانبوونی شارەکان بێت کاریگەری زۆریان دەبێت لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان و ئاڵووگۆڕ و بەرکەوتنی رۆژانەوە. ئەمەش کایەیەکە ڕاستەخۆ پەیوەند بە یەکتا تەندروستییەوە هەیە. 

سەرچاوەکان:

 

History | One Health | CDC

One-Health two-pager (internews.org)

Preventing the next pandemic: the One Health approach | UNESCO

Toxicology, Environmental Health, and the “One Health” Concept

 Journalism for One Health: the Internews Approach - Health Journalism Network

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT