ئاسۆ رۆستەم، ئەستێرە و خاوەنی گۆڵی دووەمی هەڵبژاردەی عیراق لە دژی سعودییە، فەرمانی دەستگیركردنی لە هەرێمی كوردستان هەبووە، لە پرسێكدا كە "خەتای ئەو"ی تیادا نەبووە. هەروەها لەوكاتەی ویستویەتی گەشتی بەسرە بكات بۆ بەشداریكردنی لە جامی كەنداو، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر راگیراوە و نەیانهێشتووە گەشت بكات، تا دواتر فڕۆكەكەی بەجێیهێشتووە.
ئاسۆ رۆستەم (29 ساڵ)، كە لە گێمی دووەمی یارییەكەی سعودییە لە جامی كەنداو گۆڵێكی جوانی بە لێدانی سەر تۆماركرد و یاریمەتی هەڵبژاردەكەیدا بۆ سەركەوتن، لە ساڵی 1994 لە كەمپێكی ئاوارەییدا لە شاری رومادی لەدایكبووە، دواتر لە ساڵی 2004 چۆتە قەزای كەلار لە سنوری پارێزگای سلێمانی.
ئەو كە پەیمانگەی وەرزشی تەواوكردووە، تائێستا یاریی بۆ چەندین یانە كردووە، لە نێویاندا یانەكانی نەورۆز، هەولێر، پێشمەرگەی سلێمانی و دهۆك و كەربەلا، دواترینیان لە حوزەیرانی رابردوو پەیوەندی بە یانەی سالمیەی كوێت-یەوە كرد، ئەوەش سەرەتای دروستبونی كێشەیەك بوو بۆ ئاسۆ.
محەمەد رۆستەم – برای ئاسۆ -، بە (كەركوك ناو)ی وت "براكەم لە پاڵ وەرزشدا كارمەندی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم بووە، لە پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێم دەوامی دەكرد لە پارێزگای سلێمانی، بەرلەوەی پەیوەندی بە یانەی سالمیەوە بكات، داوای مۆڵەتی دوو ساڵی بێ موچەی كرد، بەڵام مامەڵەكانی بەهۆی ئەوەی لەڕێی بەریدەوە نێردرابون، درەنگ كەوت و كاتەكەی بەسەرچوو بوو، ئەوەش وایكرد بە غیاب هەژماربكرێت و دواتر فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەربچێت، گوایا پابەندنەبووە بە دەوامەوە، لەكاتێكدا ئەو مۆڵەتی بێ موچەی كردووە".
بەرلەوەی پەیوەندی بە یانەی سالمیەوە بكات، داوای مۆڵەتی دوو ساڵی بێ موچەی كرد، بەڵام مامەڵەكانی بەهۆی ئەوەی لەڕێی بەریدەوە نێردرابون، درەنگ كەوت و كاتەكەی بەسەرچوو بوو
بەڵام بەپێی نوسراوێكی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێم، كە لە 13ی تشرینی دووەمی 2022دا ئاراستەی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی كراوە، تیایدا ئاماژە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دەستگیركردنی ئاسۆ رۆستەم دراوە، ئەوەش "دوای خۆڕادەستكردنی بە ئەنجومەنی لێكۆڵینەوە".
دواتر لە هەمان مانگدا مۆڵەتی یەك ساڵی بێ موچەیان پێدراوە و كێشەكەی چارەسەركراوە.
بەڵام محەمەد رۆستەم وتی "كێشەكە لێرەوە دروستبوو كە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دەستگیركردنی نەگەیشتۆتە فڕۆكەخانەكان".
دیمەنی گۆڵەكەی ئاسۆ رۆستەم، یاریزانی هەڵبژاردەی عیراق لە دژی هەڵبژاردەی سعودییە.
بەر لە دەستپێكردنی یارییەكانی جامی كەنداو كە لە بەسرە بەڕێوەدەچێت، ئاسۆ رۆستەم بە مەبەستی پەیوەندیكردنی بە هەڵبژاردەی عیراق دەچێتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بەڵام لەوێ رادەگیرێت و نایەڵن گەشت بكات.
محەمەد وتی "كە ئەوەمانزانی لێرەوە فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دەستگیركردن و مۆڵەتەكەیمان برد بۆ فڕۆكەخانەی هەولێر، بەڵام كاتێك گەیشتین فڕۆكەكەی بەڕێكەوتبوو، بۆیە دوای رێگەپێدانی بە ئۆتۆمبێل گەشتی كرد".
لە یاریی دووەمی هەڵبژاردەی عیراق لە شەوی 9ی كانونی دووەم، هەرچەندە ئاسۆ لە گێمی دووەم بەشداریی كرد، بەڵام بە لێدانی سەر گۆڵێكی ناوازەی لە هەڵبژاردەی سعودیە كرد و یارمەتی هەڵبژاردەكەیدا بۆ سەركەوت. ئەو گۆڵەش وایكرد ئاسۆ وەك ئەستێرەیەكی یارییەكە دەربكەوێت و هەرزوو وێنە و ڤیدیۆی گۆڵەكەی روپەڕی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی داگیركرد.
مونا سامی، خانمە بێژەری دیاری عیراقی، لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لەگەڵ دانانی وێنەیەكی ئاسۆ لەكاتی ئاهەنگێگێڕانی بۆ گۆڵەكەی، نوسیویەتی "ئەو جیاوازییانەمان چەند جوانە، یەكەم گۆڵی (كوردی) لە پاڵەوانێتی كەنداوی عەرەبی... شێرەكە (ئاسۆ رۆستەم)، سەلماندی نە ئایین، نە تائیفییەت نە نەتەوە، یەك عیراقمان هەیە".
ئاسۆ رۆستەم، كە ئێستا خێزانەكەی لە ناحیەی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی دەژیت، لە ساڵی 2018دا هاوسەرگیری كردووە، باوكی منداڵێكی 4 ساڵانە.
چوارشەممە 11ی كانونی دووەم، ئاسۆ رۆستەم بە (كەركوك ناو)ی وت كە لەگەڵ هاوڕێیەكانی سەرقاڵی ئامادەكاریین دژی هەڵبژاردەی یەمەن، كە بڕیارە پێنجشەممە 12ی مانگ بەڕێوەبچێت.
ئاسۆ، چاوی لەوەیە لەو یارییەشدا متمانەی راهێنەر بەدەستبهێنێت و یارمەتی هەڵبژاردەی عیراق و هاوڕێیەكانی بدات بۆ سەركەوتن بۆ قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین.