(كەركوك ناو) رێنماییەكانی تاپۆكردنی خانوی زیادەڕۆ ئاشكرادەكات

كه‌ركوك، هاوینی 2017، گه‌ڕه‌كێكی كۆنی ناوه‌ندی شاری كه‌ركوك فۆتۆ: بنار سه‌ردار

كەركوك ناو

بڕیاری تاپۆكردنی خانوی زیادەڕۆ بەهیچ شێوەیەك زەوی ناگرێتەوە، هەركەسێكیش یەك خانوی لەسەر تاپۆ دەكرێت، بەڵام هێشتا بڕی پارەی وەرگیراو لە بەرامبەر ئەو هەنگاوەدا دیارینەكراوە، ئەوەش بەپێی وتەی فەرەیدون عادل، بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك.

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە 28ی تشرینی دووەمی 2022، بڕیاریدا بە تاپۆكردنی تەواوی خانووە زیادەڕۆكان لەسەر ئاستی عیراق جگە لە هەرێمی كوردستان. شارەوانی كەركوكیش چوارشەممە 11ی كانونی دووەم، ئامادەكاریی و رێنماییەكانی بۆ پێشكەشكردنی داواكاریی راگەیاند و هاوڵاتیان دەتوانن لە ئێستاوە ئەو هەنگاوە بنێن.

بەپێی رێنماییەكان، دەبێت ئه‌و که‌سەی داواكاری پێشكەش دەكات، سودمه‌ندی یه‌که‌می زه‌وییه‌که‌ بێت، به‌پێی ئه‌و داتا و بەڵگانەی  كە پێشكەشی یه‌که‌ شارەوانییەكانی دەكات، هەروەها داواكار دەبێت تەنیا یەك پارچە زەوی بەناوەوە بێت.

بەپێی بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران – بڕیاری ژمارە 320ی ساڵی 2022-، پێویستە داواكار، داواکارییه‌ک پێشکەشی ‌شاره‌وانی په‌یوه‌ندار بكات له ‌ماوه‌یەك "90 رۆژ له‌ رێکه‌وتی ده‌رچونی ئه‌م بڕیاره‌ زیاتر نه‌بێت".

فەرەیدون عادل، بەرێوەبەری شارەوانی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "بڕیارەكە تەنیا خانوی زیادەڕۆ دەگرێتەوە، بەهیچ شێوەیەك زەوی زیادەڕۆ ناگرێتەوە، هەروەها سەیری داواكارییەك ناكرێت ئەگەر جێگیر و هەمیشەیی نەبێت، واتە ناكرێت پارچە زەوییەك كابینەیەكی تیادا دابنرێت و داوای تاپۆكردنی بكرێت، یان زەوییەك سیاجكرابێت".

بڕیارەكە تەنیا خانوی زیادەڕۆ دەگرێتەوە، بەهیچ شێوەیەك زەوی زیادەڕۆ ناگرێتەوە

جەختیشیكردەوە "بڕیارەكە ئەو زەوییانە ناگرێتەوە كە لە بنەڕەتدا زەوییەكەی بۆ ئەو پڕۆژانە تەرخانكراون كە بەرژەوەندی گشتییان تێدایە، یان ئەو خانوو و بینایانەی لەسەر هێڵی نەوت و كارەبا و پڕۆژەی ترن".

له‌ دوای ساڵی 2003 و نه‌مانی رژێمی به‌عس به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌دام حسێن، هه‌زاران خانوو له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییانه‌ بنیاتنراون كه‌ موڵكی ده‌وڵه‌ت بون له‌ پارێزگاكانی عیراق به‌ كه‌ركوكیشه‌وه‌.

لە پارێزگای كەركوك زیاتر لە 60 هەزار خانوو و باڵەخانەی بازرگانی زیادەڕۆ هەن؛ كە سێیەم پارێزگایە لە زیادەڕۆییدا دوای هەریەك لە بەغدا (زیاتر لە 130 هەزار زیادەڕۆیی) و بەسرە (زیاتر لە 90 هەزار زیادەڕۆیی)، بەپێی ئامارێكی رەسمی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی كەركوك كە پێشتر بە (كەركوك ناو) دراون.

بەڵام فەرەیدون عادل، بەرێوەبەری شارەوانی كەركوك، وتی "ئامارەكەی كەركوك ئێستا زۆرتر بووە، زیاتر لە 70 هەزار خانوی زیادەڕۆ دروستكراون".

ئەو وتیشی "هەر خانویەك لە دوای دەرچونی بڕیارەكەوە لە یەكی كانونی یەكەمی 2022 لەسەر زەوی زیادەڕۆ دروستكرابێت، تێكدەدرێت، بەهیچ شیوەیەك داواكاریی تاپۆكردنی قبوڵناكرێت".

هاوڵاتیان چۆن داواكاریی پێشكەش بكەن؟

داواكاری بۆ تاپۆكردنی خانوی زیادەڕۆ، لەڕێی فۆرمێكەوە دەبێت كە شارەوانی بڵاویكردۆتەوە، پێویستە داواكار ناوی چواری خۆی بنوسێت، لەگەڵ ژمارەی زەوییەكە و كەرتەكەی ئەگەر هەبێت.

kirkuk-5
كه‌ركوك، هاوینی 2017، گه‌ڕه‌كێكی كۆنی ناوه‌ندی شاری كه‌ركوك فۆتۆ: بنار سه‌ردار

هەروەها روبەڕی خانووەكە، ناونیشان و چەند بەڵگەنامەیەكی پێویستە لە نێویاندا، پێناسی باری شارستانی و رەگەزنامە (یاخود تەنیا كارتی نیشتیمانی)، لەگەڵ كارتی نیشتەجێبون و فۆرمی خۆراك".

شارەوانی كەركوك لەڕێی شەش كەرتەوە، داواكاریی هاوڵاتیان وەردەگرێت.

بەڕێوەبەری شارەوانی، وتی "ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە ئەوەیە 90 رۆژمان لەبەردەستدایە، هاوڵاتیان دەتوانن چ داواكارییەكیان هەیە پێشكەشی بكەن، چونكە دوای 90 رۆژەكە كە هەموو كەس داواكاری پێشكەش كرد، كۆبونەوە و گفتوگۆ دەكەین بۆ ئەوەی رێكارەكان بە تەواوی دیاریبكەین، رەنگە گۆڕانكاریی لە رێنماییەكان روبدات"، زیاتر وتی "رەنگە كۆمەڵێك زیادەڕۆ هەبێت كە لە ئێستادا بە خەیاڵی منیشدا نەیات ئایا دەتوانین تاپۆی بكەین یان نا. رەنگە دوایی گۆڕانكاریی لە رێنماییەكان بكرێت، بۆیە گرنگە چ داواكارییەك هەیە پێشكەش بكرێت".

رەنگە گۆڕانكاریی لە رێنماییەكان روبدات

لەبارەی ئەوەی ئایا كوڕ و كچی گەنج كە هێشتا هاوسەرگیرییان نەكردووە دەتوانن، داواكاری بۆ تاپۆكردنی خانوو پێشكەش بكەن، ئەو وتی "ئەو پرسیارەم زۆر لێدەكرێت، بەڵێ دەتوانن و خانوی زیادەڕۆیان لەسەر تاپۆ دەكرێت".

لەبارەی ئەوەی ئایا هەیكەل، تاپۆ دەكرێت، وتی "بەڵێ حسابی خانوی بۆ دەكرێت و تاپۆ دەكرێت، بەڵام زەوییەك كەرەڤانەیەكی تیا دابنرابێت، یان سیاجێكی كردبێت، ئەوە تاپۆ ناكرێت... بەڵام رەنگە دوای رێنماییەكان بگۆڕن".

لەبارەی باخ-ەوە، وتی "ئەوانیش دەتوانن داواكاریی پێشكەش بكەن، بزانین دواتر چ گۆڕانكارییەك لە رێنماییەكان رودەدات". لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی بڕیارەكە قەزاو ناحییەكانیش دەگرێتەوە.

فەرەدیون عادل وتی "كۆی پرۆسەكە بابەتێكی سادەو ئاسان نییە، پێویستی بە گفتوگۆ و كۆبونەوەی زۆر هەیە... گرنگی پرۆسەكە جارێ ئەوەیە خەڵك داواكاری پێشكەش بكات، دواتر لیژنەی خەمڵاندنمان هەیە، ئەوان بڕی پارەكە دیاریدەكەن، ئەوەش لەسەر بنەمای روبەڕی زەویی نەك روبەڕوی خانوو".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT