خوێندكاران لە نێو پۆلەكانی خوێندندا لە كەركوك سەرمایانە و سوپا و نەوت و ئامێری گەرمكەرەوەیان بەپێی پێویست بۆ دابیننەكراوە. لەكاتێكدا وەرزی زستانە و پلەكانی گەرما تادێت نزمتر دەبنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كەركوك، بۆ هەر خوێندنگەیەك یەك سۆپای تەرخانكردووە، ئەوەش بۆ مامۆستایانە نەك خوێندكاران و پۆلەكانیان. لەگەڵئەوەشدا بەشێك لە خوێندنگەكان دوو ساڵە هێچ بڕە نەوتێكیان وەرنەگرتووە.
"هۆڵەكان زۆر ساردن، قوتابیان، بەتایبەت پۆلی یەك و دووی سەرەتایی سەرمایان دەبێت، نە سۆپا هەیە نە نەوت"، رەزا ئەحمەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامەد لە داقوق – 44كم باشوری كەركوك- وایوت. هەروەها جەختیكردەوە "تەنانەت بۆ كڕینی نەوت مامۆستاكان لە نێو خۆماندا پارە كۆدەكەینەوە".
بۆ كڕینی نەوت مامۆستاكان لە نێو خۆماندا پارە كۆدەكەینەوە
ئەو گرفتە لەكاتێكدایە چەند هەفتەیەكە كەشوهەوا گۆڕاوە و پۆلەكان بەهۆی نزمبونەوەی پلەكانی گەرما ساردن.
لە قوتابخانەی ئامەد شەش پۆل هەیە و تەنیا یەك سۆپایان پێدراوە، ئەوەش بۆ ژوری ئیدارە. بەڵام مامۆستاكان ناوبەناو سۆپاكە دەبەنە ناو پۆلەكانی خوێندن، بۆ ئەوەی منداڵان نەخۆش نەكەون و توشی گرفت نەبن، وەك ئەوەی رەزا ئەحمەد وایوت.
بەپێی وێنەیەك كە پەیامنێری (كەركوك ناو) لە یەكێك لە خوێندنگەكانی داقوق گرتویەتی، ژمارەیەك خوێندكاری یەكی سەرەتایی، دەوری سۆپایەكیانداوە، كە ئیدارەی خوێندنگەكە بۆی دابینكردون.
مامۆستایەكی خوێندنگەكە وتی "زۆر سەرمایان بوو، وانەیان بۆ نەدەخوێندرا، بڕیارماندا لانیكەم تا ژورەكە گەرمدەبێتەوە، سۆپای ژوری ئیدارەیان بۆ بێنین".
ئەم گرفتە زۆرینەی خوێندنگە حكومییەكانی كەركوكی گرتۆتەوە، لە هەندێك خوێندنگە هەر هەفتەیە و مامۆستایەك دەبەیەكی 20 لیتری نەوت لە ماڵی خۆیانەوە دەبات، لە هەندێكی تر ئەو رۆژانەی ساردە سۆپای ژووری ئیدارە بۆ مامۆستاكان دادەگیرسێنن و هەر ئەوانیش بە دەبە نەوت دەكڕن.
(كەركوك ناو)، لە چەند خوێندكارێكی سەرەتایی پرسی، هەمویان وتیان هەندێك رۆژ هەیە لەبەر سەرما ناتوانن بە باشی وانەكان بخوێنن و فێرببن. ئەوانەی لە پۆلی یەك و دوو سەرەتایی بون، دەیانوت "كە بەیانیان دێین بۆ مەكتەب زۆر سەرمامانە و گەرم نابینەوە".
نيزام نەجمەدین، بەڕێوەبەری قوتابخانەی شۆڕیجە لە ناوەندی كەركوك، وتی "لەم یەك دوو رۆژەدا ئاگاداریان كردوینەتەوە كە لە ئایندەیەكی نزیكدا نەوتمان پێدەدەن، بەڵام دەبوو ئەم پرۆسەیە لەكاتی دەستپێكردنی دەوامدا بكرایە، مانگێكی تر پێویستمان بە نەوت و سۆپا نییە". جەختیكردەوە "ئەمساڵ 90 هەزارمان بۆ كڕینی نەوتی سۆپای ئیدارە خەرجكردووە".
ڤیدیۆ: كەركوك/ كۆتایی تشرینی یەكەمی 2022/ هاوڵاتیان لەسەرەی وەرگرتنی نەوتی سپیدا.
لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، لە زۆرینەی پۆلەكاندا سۆپا هەیە و حكومەت نەوتیان پێدەدات، لە زۆرینەی رۆژەكانیشدا سۆپاكان تا كۆتا وانە دادەگیرسێنرێن.
نەبونی نەوتی پێویست بۆ خوێندكارانی كەركوك، لەكاتێكدایە پارێزگاكە لە هەناردەكردنی نەوتی خاو-دا دووەم دەوڵەمەنترین پارێزگای عیراقە لە دوای بەسرە.
لە ساڵی رابردودا هەناردەی نەوتی خاوی كەركوك بە بۆری و تانكەر، زیاتر لە 29 ملیۆن و 456 هەزار بەرمیل بووە و داهاتەكەی بەپێی نرخی فرۆشتنی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، گەیشتۆتە زیاتر لە دوو ملیار و 825 ملیۆن دۆلار، ئەوەش بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی نەوتی عیراق و كۆمپانیای به بازاڕكردنی نهوتی عیراقی (سۆمۆ).
جومعە عەساف، سەرپەرشتیاریی پەروەردەییە لە كەركوك، وتی "دوو ساڵە نەوت دابەشنەكراوە، چەندینجار بۆ نەوت نوسراومان بۆ بەرهەمە نەوتییەكانی كەركوك كردووە، دواینجار (پێنجشەممەی رابردوو 12ی كانونی دووەم)، وتیان بڕی 200 لیتر (بەرمیلێك) بۆ هەر خوێندنگەیەك دابیندەكەین".
دابەشنەكردنی نەوت بەسەر خوێندنگەكاندا لەكاتی خۆیدا، وایكردووە هەندێك هێزی چەكدار، نەوت بەسەر چەند خوێندنگەیەكی دیاریكراوی توركمانی و عەرەبیدا لە قەزای داقوق دابەشبكەن.
جومعە عەساف، وتی "ئاگادارین هەفتەی رابردوو حەشدی شەعبی نەوتی بۆ چەند خوێندنگەیەكی ئەو دوو نەتەوەیە بردووە".
لە پارێزگای كەركوك 1700 خوێندنگەی سەرەتایی، ناوەندیی و ئامادەیی هەیە و دابەشبون بەسەر بەشی عەرەبی، كوردی، توركمانی و سریانی.
سامان مەجید، جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی كەركوك، وتی "خۆم سەردانی فەرمانگەی بەرهەمە نەوتییەكانی كەركوكم كردووە، ئەوان دەڵێن ئێمە بە هەمان ئەو نرخە نەوتەكەتان پێدەدەین كە بەخەڵكی كەركوكی دەفرۆشین، بڕەكەی 60 هەزار دینارە و بە كرێی گواستنەوە وە دەچێتە 80 هەزار، ئەوەش دەبێت لەسەر بودجەی خوێندنگەكان بێت".
بەڵام لەگەڵئەوەشدا وتی "سەرەڕای رێككەوتنمان تائێستا نەوتەكە دابەشنەكراوە و دوو ساڵە چاوەڕێین".
وتیشی "وەزارەتی پەروەردە سۆپای بۆی دابیننەكردوین، ئەگەر داوای هەزار سۆپا بكەیت، ئەوان 500 دانەت بۆ دەنێرن... دوو ساڵە هەر سۆپا كۆنەكانن و سۆپای نوێیان نەناردووە".
وەزارەتی پەروەردە سۆپای بۆی دابیننەكردوین، ئەگەر داوای هەزار سۆپا بكەیت، ئەوان 500 دانەت بۆ دەنێرن
سەرچاوەیەك لە بەرهەمە نەوتییەكانی كەركوك، لەڕێی (كەركوك ناو)ەوە ئاشكرای كرد كە لە ئێستاوە خوێندنگەكان دەتوانن بەشە نەوتی خۆیان وەربگرن، بڕەكەی 200 لیترە بۆ هەر خوێندنگەیەك، بەڵام وتی "پرۆسەكە رۆتیناتی زۆری تیایە و رەنگە بەربەست بێت لەبەردەم وەرگرتنی بەشە نەوتەكەیان، نەوتەكەش تەنیا بۆ ئیدارەیە نەك پۆلەكان، ئەوە بڕیاری وەزارەتی نەوتە".
"دەبێت نوسراوێك لە پەروەردەوە بهێنن، لای ئێمە ناویان لە لیستەكەدا هەبێت، ئینجا بەنزینخانەیەكیان بۆ دیاریدەكەین و خۆیان دەبێت ئۆتۆمبێلی گواستنەوە پەیدابكەن و بچن وەریبگرن"، سەرچاوەكە كە مافی لێدوانی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن بە بڕیاری وەزارەتی نەوت لێ قەدەغەكراوە وایوت.