زیادەی بایەعی هەموان ناگرێتەوە
كەركوكییەكان وەك جاران بە دوای خۆراكی مانگانەوە نین

كەركوك/ كانونی دوەمی 2023/ زەیت و دۆشاوی تەماتەی بەشە خۆراكی مانگانە لە دوكانی بریكارێكی دابەشكردنی خۆراك فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو – كەركوك

لە دوكانەكەی مام مەحمود بەشە خۆراكی چەند مانگێك لەمەوبەر كەڵەكە بووە، چونكە كەمترین هاوڵاتی لەكاتی خۆیدا وەریدەگرن و وەك جاران گرنگی پێنادەن.

"ساڵانی پێشوو بەر لە هاتنی خۆراكەكە بەردەوام خەڵك سەردانیان دەكردین و دەیانپرسی ئایا بایەعی هاتووە یان نا، بەڵام ئێستا بە پێچەوانەوە، ئەوەتا بایەعی چەند مانگێك لەناو دوكانەكەمدایە و نایەن وەریبگرن" مەحمود ئەنوەر، بریكاری دابەشكردنی خۆراك لە گەڕەكی تەپەی ناوشاری كەركوك، وای وت.

ئەو ساردییەی خەڵكی كەركوك لە وەرگرتنی بەشە خۆراكی مانگانە لە كاتێكدایە؛ حكومەتی عیراقی بڕیاریداوە بە زیادكردنی چەند ماددەیەكی خۆراكی دیكە، بە ئامانجی هاوكاری خەڵكی كەمدەرامەت و بەرەنگاربونەوەی هەژاری.

خەڵكی ئاسایی بایەعییەكەی وەك جاران دەمێنێتەوە، بەبێ زیاد و كەم

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، لە 19ـی كانونی یەكەمی 2022 پێنج ماددەی خۆراكی بۆ بایەعی زیادكرد، تەنیا بۆ هاوڵاتیانی هەژار و داهات سنوردار و ئەوانەی تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، هەر یەكێكیان جگە لە خۆراكە جێگیرەكانی مانگانە، لەمەودوا یەك كیلۆ شەكر، یەك لیتر زەیت، 200 گرام چا، 250 گرام شیر و یەك كیلۆ ئاردی سفر وەردەگرن.

سەرچاوەیەك لە لقى كەركوكی بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی خۆراك بە (كەركوك ناو)ـی وت "زیادەی بایەعی تەنیا تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی دەگرێتەوە نەك هەموو كەسێك، بەڵام خەڵكی ئاسایی بایەعییەكەی وەك جاران دەمێنێتەوە، بەبێ زیاد و كەم".

محەمەد شیاع سودانی، دوشەممە 23ـی كانونی دوەمی 2023 پرۆسەی دابەشكردنی زیادەی بایەعی بۆ بەشداربوانی چاودێری كۆمەڵایەتی راگەیاند و وتی، نزیكەی پێنج ملیۆن و 100 هەزار كەس لەو بڕیارە سودمەند دەبن.

swdani
بەغدا/ 23ـی كانونی دوەمی 2023/ محەمەد سودانی، سەرۆك وەزیران لە كۆگایەكی بەشە خۆراكی مانگانە دوای راگەیاندنی پرۆسەی دابەشكردنی زیادەی بایەعی فۆتۆ: راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق

هەر هاوڵاتییەكی ئاسایی مانگانە بەپێی كۆبۆن؛ حەوت ماددەی خۆراكی پێدەدرێت كە بریتین لە سێ كیلۆ برنج، یەك كیلۆ شەكر، یەك لیتر زەیت، 400 گرام دۆشاوی تەماتە، یەك كیلۆ پاقلەمەنی و نیسك لەگەڵ ئارد.

"جاران هەموو خەڵك چاوەڕوانی ئەوە بوو بایەعی بێت، بەڵام ئێستا وانییە، چونكە خەڵكەكە لە خۆی بایی بووە و بە هەموو شتێك قایل نییە" بەوتەی نەعیمە حەمەد ئەمین، دانیشتوی گەڕەكی شۆریجەی كەركوك بۆ (كەركوك ناو).

نەعیمە بە پێكەنینەوە وتی "لە خۆڕایی نەوتراوە؛ ماڵت ماڵ نەبێت بەڵام كابانت كابان بێـت، چونكە زۆربەی ئافرەتانی ئێستا تەنانەت بە كچ و بوكی خۆشمەوە بیانوو دەهێننەوە و دەڵێن، برنجەكە لێ نانرێت و زەیتەكە ئاوایە و ئاردەكە بە كەڵك نایات، دڵنیام زۆربەی منداڵەكانمان هەر نازانن بایەعی چییە و لە كوێ وەردەگیرێت".

خەڵكەكە لە خۆی بایی بووە و بە هەموو شتێك قایل نییە

بەشە خۆراكی مانگانە، لە ساڵانی نەوەدەكانەوە و بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەستیپێكرد، بۆ هاوكاریكردنی هاوڵاتیان لەكاتی گەمارۆی ئابوری سەر حكومەتی ئەوكاتی عیراق بەهۆی شەڕی كوێتەوە.

فەریدە شەفیق، لە گەڕەكی رەحیماوای كەركوك نیشتەجێیە، هاوسەرەكەی كرێكاری دەكات و دەڵێت گیانێكیان بە بایەعییەكەیە، هەرچەندە ئەویش گلەیی هەیە، "خۆزگە جۆری برنجەكەی باشتر دەبوو، هەروەها بڕی ماددەكانیان زیاتر بكردایە، وەك دۆشاوی تەماتە و مانگانە چا-ـش دابەشبكرایە".

لە كۆی 42 ملیۆن هاوڵاتی عیراقی نزیكەی 11 ملیۆن هەژار هەیە، ئەوەش دەكاتە رێژەی سەدا 25 لەكاتێكدا تا ساڵی 2020 رێژەی هەژاری سەدا 20 بوو، بەپێی دوایین ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی عیراق.

xorak 2023 (1)
كەركوك/ كانونی دوەمی 2023/ بەشێك لە ماددە خۆراكییەكانی مانگانە فۆتۆ: كەركوك ناو

بریكارەكەی خۆراك لە كەركوك دەڵێت هاوڵاتیان لەبەر دوو هۆكار گرنگی بە بایەعییەكە نادەن، بەشێك لە ماددە خۆراكییەكان كەمن وەك فاسۆلیا یان شەكر، بۆیە چاوەڕێ دەكەن خۆراكی چەند مانگێك كەڵەكە ببێت و بەسەر یەكەوە وەریبگرن، هەندێكیشیان بەهۆی خراپی جۆری ماددە خۆراكییەكانەوەیە، چونكە خەڵك بە زەیت و برنجەكەی قایل نین، "خەڵك دەهاتن بۆ وەرگرتنی بایەعی و راستەوخۆ هەر لە دوكانەكەی تەنیشتم دەیانفرۆشتەوە" مەحمود ئەنوەر، وای وت.

سەدا 50ـی ماددە خۆراكییەكانی بایەعی سودیان لێوەرناگیرێت و هەر هاوڵاتییەكی عیراقیش لە ساڵێكدا 120 كیلۆ خۆراك بە فیڕۆ دەدات، بەپێی ئامارێكی نێردەی یەكێتیی ئەوروپا، كە تەمموزی ساڵی رابردوو لە كۆنفرانسێكدا دەربارەی گەشەپێدانی كەرتی كشتوكاڵی عیراق، لە بەغدا خرایەڕوو.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT