دروستكردنی مۆنیومێنتێك بۆ قوربانیانی ئێزیدی دەستیپێكرد

نەینەوا/ شوباتی 2023/ شوێنی مۆنیومێنتەكە لە شنگال. فۆتۆ: IOM

كەركوك ناو

پرۆسەی دروستكردنی گۆڕستان و مۆنیومێنتێک لە سۆڵاغ لە شنگال، بە شێوەیەکی فەرمی دەستیپێکرد، لەکاتێکدا کۆمەڵگەی ئێزیدی لە عیراق خەریکی بنیاتنانەوەی ژیانی خۆیانن لە دوای جینۆساید.

پڕۆژەکە لە ساڵی 2021 و لەسەر داواکاریی کۆمەڵگەی ئێزیدی بە دەستپێشخەریی نادیە راگەیەنرا، ئەم هەفتەیەش بە پاڵپشتیی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە عیراق و ئاژانسی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەستیپێكرد.

"ماتەمینی بەشێکە لە پرۆسەی ساڕێژبون"، نادیە موراد، دامەزرێنەر و سەرۆکی دەستپێشخەریی نادیە وایوت، "هەبونی شوێنێک بۆ ئەوەی بەیەکەوە ماتەمینی بکەین و یادی ماڵبات و دۆست و دراوسێکانمان بکەینەوە بۆ رزگاربووان گرنگە، بە تایبەتی ئەوانەی گەڕاونەتەوە بۆ شنگال. هەروەها مەبەستێکی پەروەردەییش دەپێکێت – ئەویش وەبیرهێنانەوەی جیهانە کە کۆمەڵگەکەمان چی چەشتووە و چۆن دەبێت بەردەوام کار لەسەر ئەوە بکەین کە ئەم نەهامەتییانە دووبارە نەبنەوە".

"کاتێک کۆمەڵگەیەک ئەم هەموو زەبر و وێرانکارییەی بینیوە، یادی رابردوو و رێزگرتن لە خۆشەویستان کە لە دەستمانداون کۆڵەگەی سەرەکیی هەوڵەکانمان بۆ پاڵپشتیکردنی رزگاربووان لە گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان"، گیۆرگی گیگاوری، لێپرسراوی نێردەی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە عیراق وایوت.

زیاتر جەختیكردەوە "ئێمە دەمانەوێت ئەمە بە جێ بگەیەنین – مۆنیومێنتێک دروست بکەین کە لەلایەن کۆمەڵگەکە و بۆ کۆمەڵگەکە بێت، هەروەها تەبا بێت لەگەل بەندەکانی یاسای رزگاربووانی ئێزیدی، کە رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ و دەسپێشخەریی نادیە هەر لە سەرەتاوە کاریان کردووە بۆ پاڵپشتیکردنی، هەروەها ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر پابەندبوونمان لەکاتێکدا قەرەبوکردنەوەکان بەردەوام دەبن".

gorr-snjar-1
نەینەوا/ 21ـی تشرینی دوەمی 2021/ دایێ شەمێ، بەدیار پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕی كوڕ و نەوەكانیەوە لە ناحیەی گرعوزێری شنگال راوەستاوە فۆتۆ: خدر دێرۆ بۆ (كەركوك ناو)ی ناردووە

لە مانگی ئابی 2014، کۆمەڵگەی کەمینەی ئەتنی-ئاینی ئێزیدی لە شنگال بەشێوەیەکی سیستەماتیکی لەلایەن رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش)، پەلامار درا، هەزاران خەڵک کوژران و سەدان هەزار ئاوارەبوون و زیاتر لە 6000 ئافرەت و منداڵ بە کۆیلەکران. تا ئێستاش چارەنوسی نزیکەی 2700 ئێزیدی هێشتا بە بێسەروشوێنی ماوەتەوە و دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ هێشتا هەڵنەدراونەتەوە، بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ.

خالید تەلۆ خدر، ئەندامێکی کۆمەڵگە و خزمێکی قوربانییەکانی سۆڵاغ – ئەو شوێنەی مۆنیومێنتەكەی لێ دروستدەكرێت-، وتی "ئەم گۆڕستانە یەکەمین پڕۆژەی لەو ئاستەیە کە جینۆسایدی ئێزیدییەکان دۆکیومێنت بکات".

گۆڕستانەکە دەبێتە شوێنێکی مێژویی بۆ نەوەکانی داهاتوو، هەروەها بەشێوەیەکی بینراو گەورەیی ئاستی جینۆسایدەکە و کاریگەرییەکانی بەسەر کۆمەڵگەکەمانەوە نیشاندەدات.

دروستکردنی گۆڕستانێکی بە کۆمەڵی رەمزی دەبێتەهۆی راکێشانی سەرنجی کەسایەتییەکان و ئەوانەی گرنگی دەدەن بە مافەکانی مرۆڤ و پرسەکانی دادپەروەری.

بە مۆنیومێنتکردنی قوربانییانی جینۆساید بۆ کۆمەڵگەی ئێزیدی زۆر گرنگە. زۆربەیان، دوای هەشت ساڵ، هێشتا بە ئاوارەیی ماونەتەوە.

دیزاینی کۆتایی بۆ گۆڕستانەکە و مۆنیومێنتەکە بە راوێژپێکردن لەگەڵ رزگاربووەکان، ئەوانەی گەڕاونەتەوە شنگال و ئەوانەش کە هێشتا لە ئاوارەییدا دەژین، هەڵبژێردراوە.

IOM1
نەینەوا/ شوباتی 2023/ نمونەیەك لە دیزاینی مۆنیومێنتەكە لە شنگال. فۆتۆ: IOM

"ئامانجی دیزاینەکە هەر تەنیا ئەوە نییە کە یادی قورباننییان بکاتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەشە کە ببێتە هۆکارێک بۆ ساڕێژبوونی بە کۆمەڵی خەڵک و کۆمەڵگە و ناوچەکە کە دووچاری زەبری لە ڕادەبەدەر بوونەتەوە"، بەپێی راگەیەنراوێكی راپۆرتێكی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ.

ئامانجی دیزاینەکە هەر تەنیا ئەوە نییە کە یادی قورباننییان بکاتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەشە کە ببێتە هۆکارێک بۆ ساڕێژبوونی بە کۆمەڵی خەڵک و کۆمەڵگە و ناوچەکە کە دووچاری زەبری لە ڕادەبەدەر بوونەتەوە

ئەمە یەکەمین پڕۆژەی بە مۆنیومێنتکردنە بەم قەبارە و مەودایە کە لە شنگال جێبەجێ بکرێت.

دەستپێشخەریی نادیە، - رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی ناحکومییە - خۆی تەرخانكردووە بۆ بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەکان لە تەنگژەدا و داکۆکیکردن لە رزگاربووانی توندوتیژیی سێکسی لەسەر ئاستی جیهان.

کاری ئێستای رێکخراوەکە چڕبۆتەوە سەر دوبارە بنیاتنانەوەی درێژخایەنی نیشتیمانی ئێزیدییان لە شنگال.

رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، رێکخراوێکی نێوان حکومەتەکانە لە بواری کۆچ، بە هاوکاری حکومەتی عیراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوبەشان لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کار دەکات  بۆ دابینکردنی پاڵپشتی لە هەر ١٨ پارێزگاکانی عیراق.

ئەم راپۆرتە لەلایەن رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ و دەستپێشخەری نادیە. بۆ (كەركوك ناو) نێردراوە

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT