قوتەیبە، بە دوای "هیوا و خۆڕاگری"ـدا دەگەڕێت

قوتەیبە، لە شوێنی كاركردنی لە ناوەندی قەزای تەلەعفەر فۆتۆ: IOM

كەركوك ناو

قوتەیبە و براكانی، ناچاربون چەندین كار بكەن تا بژێوی خێزانەكە و خەرجیی رۆژانە دابینبكەن، ئەوكاتەی بە تێپەڕینی چەندین تەنگانە و ناخۆشیدا لە زێدی خۆیانەوە گەیشتنە كەربەلا.

ئەو تازە تەمەنی دەگەیشتە 18 ساڵ، كە چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام - داعش" چونە ناو شاری تەلەعفەر، لە باكوری خۆرئاوای پارێزگای نەینەوا، بەهۆیەوە خێزانەكەی قوتەیبە وەك خەڵكانی دیكە لە توندوتیژییەوە بەدوای ئارامیدا بەرەو شارەكانی تر هەڵاتن.

بەڵام قوتەیبە هەمیشە دەیویست بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی.

"هەموو شتێكمان لە دوای خۆمان بەجێهێشت؛ خانوەكەمان، جلوبەرگ و هەموو یادەوەرییەكانمان لە تەلەعفەر"، قوتەیبە دەشڵێت "هەر هەنگاوێكمان دەنا لە ماڵەكەماندا (دوای گەڕانەوە)، پڕ بوو لە دڵەڕاوكێ و ترس".

qwtaiba (3)
فۆتۆ: IOM

دوای چوار ساڵ لە ئاوارەیی گەڕانەوەبۆ تەلەعفەر، لەكاتێكدا دوبارە بنیاتنانەوە و چاكبوونەوە لە كاریگەرییەكانی شەڕ كاتی زیاتری دەویست، زیانلێكەوتوان روبەڕوی سەختی بە دەستهێنانی بژێوی و دابینكردنی شوێنی ئارام بۆ نیشتەجێبون دەبونەوە، ئەوەش هێندەی دیكە كاریگەری لەسەر باری دەرونی و خۆشگوزەرانییان دانا.

رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ (IOM)، بە گەشەپێدانی سیستەمی زانیاری و راوێژكاری (ICRS)، هاوكاری ئاوارەكانی وەك قوتەیبە دەكەن بۆ بنیاتنانی توانای خۆڕاگری لەڕێی چالاكی پەیوەست بە تەندروستی دەرونی؛ باشتر دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەكانی پاڵپشتی دەرونی و كۆمەڵایەتی تایبەتمەند، خزمەتگوزاری یاسایی و پاڵپشتی دابینكردنی بژێوی.

(ICRS) بۆ گەنجانی تەمەن 18 تا 35 ساڵە، لە نێویاندا ژنان و خاوەن پێداویستی تایبەت، تائێستا زیاتر لە هەزار و 700 كەس لەو سیستەمە سودمەند بون.

qwtaiba (1)
فۆتۆ: IOM

قوتەیبە دەڵێت "لە تەندروستی دەرونی، گەشەپێدان، ئیدارەدانی كات و كاردا خولم بینی، فێری ئەوەش بوم چۆن مامەڵە لەگەڵ فشارە دەرونییەكاندا بكەم"، ئەو بڕە هاوكارییەكی داراییشی وەرگرتووە بۆ دابینكردنی بژیوی لەڕێی كاری شتنی ئۆتۆمبێلەوە، كە پلانی هەیە فراوانتری بكات.

"بەهۆی ئەم بەرنامەیەوە –لەڕوی دەرونی و كردارییەوە- توانیم وردەوردە ژیانم بەدەستبهێنمەوە".

بەرنامەی (ICRS) بە پاڵپشتی دارایی حكومەتی ئەڵمانیا لە پارێزگای نەینەوا، ئەنبار و نەجەف چالاكی هەیە.

"دڵخۆشم بەوەی بەدیمهێناوە"، قوتەیبە وای وت، ئەو ئێستا تەمەنی 27 ساڵە، هاوسەرگیری كردووە و لە خانوویەكی كرێ لە قەزای تەلەعفەر دەژیت.

 

سەرچاوە: رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ (IOM)

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT