زەویی كشتوكاڵی بۆ سەربازگە
جوتیارانی داقوق ناڕازین لە هەوڵێكی وەزارەتی بەرگری عیراق

كەركوك/ 4ی ئاداری 2023/ گوندی كولی تەپە سەر بە قەزای داقوق. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

فەرمانگەی كشتوكاڵی داقوق و جوتیارانی گوندێك دژی هەوڵی تەرخانكردنی 500 دۆنم زەوی كشتوكاڵی بۆ "سەربازگە" دەوەستنەوە.

بەپێی نوسراوێكی فەرمانگەی عەقاراتی دەوڵەت لە كەركوك، كە لە سەرەتای كانونی دووەم ئاراستەی هۆبە كشتوكاڵییەكانی داقوق و چەند ناحیەیەك كراوە، تیایدا داوای كەشف-ی لانیكەم هەزار دۆنم زەوی كشتواڵی دەكات لە داقوق، دوزخورماتوو و ریاز. بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو) هەوڵدەدرێت زەوییەكان بكرێنە سەربازگە.

سەرچاوەیەك لە هۆبەی كشتوكاڵی داقوق، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە چەند رۆژێكە نوسراوەكەمان پێشگەیشتووە، هەوڵێكی وەزارەتی بەرگری عیراق هەیە بۆ دروستكردنی چەند سەربازگەیەك یەكێك لەو سەربازگانە دەكەوێتە سنوری قەزای داقوق".

بەپێی یەكێك لە نوسراوەكان كە كۆپییەكی دەست (كەركوك ناو) كەوتووە، تیایدا داوای كەشفی 500 دۆنم زەوی دەكات لە سنوری گوندی كولی تەپە لە داقوق.

"دوای نوسراوەكە كەشفی ئەو 500 دۆنم زەوییەمان كرد، دەركەوت زەویی كشتوكاڵین و دەكەوێتە نێوان هەردوو گوندی كولی تەپە و تازەدێ، كە موڵكی 15 جوتیارانی هەردوو گوندەكەن... ئێمە بە نوسراو وەڵامی وەزارەتی بەرگری عیراقمان دایەوە كە ئەو زەوییانە موڵكی جوتیارانی ناوچەكەن و گرێبەستی نوێی كشتوكاڵیان هەیە"، سەرچاوەكە وایوت.

پەیامنێری (كەركوك ناو)، شەممە 4ی ئادار چووە گوندی كولی تەپە و قسەی لەگەڵ جوتیاران كرد و دژایەتی خۆیان نیشاندا بۆ دانانی سەربازگە لەناو زەوییە كشتوكاڵییەكانیاندا.

كەشفی ئەو 500 دۆنم زەوییەمان كرد، دەركەوت زەویی كشتوكاڵین و موڵكی 15 جوتیارانی هەردوو گوندەكەن

فەهمی حەبیب، ئەنجومەنی گوندی كولی تەپە و تازە دێ، بە (كەركوك ناو)ی وت "داواكارین حكومەتی فیدراڵ ئەم هەوڵە رابگرێت، ئەگەر 500 دۆنم زەویی كشتوكاڵی بكرێتە سەربازگە، ئەوە دڵنیابن 500 دۆنم زەویی تریش دەكرێتە ناوچەی قەدەغەكرا و لە چواردەوری سەربازگەكە، ئەوەش بەو مانایە دێت دەبێت هەردوو گوندەكە چۆڵی بكەن".

sarbazga
كەركوك/ 4ی ئاداری 2023/ گوندی كولی تەپە سەر بە قەزای داقوق. فۆتۆ: كەركوك ناو

ئەو جەختیكردەوە ئەو 500 دۆنمەی دیاریكراوە موڵكی 15 جوتیاری هەردوو گوندی كولی تەپە و تازەدێیە و بژێوی ژیانیان لەسەر كشتوكاڵ و ئاودێرییە لەسەر زەوییەكانیان.

لەو دوو گوندە 75 جوتیاری لێیە و گرێبەستی بەكارهێنانی زەییە كشتوكاڵییەكانیان نوێیە كە چەند ساڵێك جارێك لەلایەن وەزارتی كشتوكاڵی حكومەتی عیراقەوە بۆیان نوێدەكرێتەوە و دەتوانن بەكاریبهێنن.

"حكومەت لەبری ئەوەی ئەو دەیان گەنجەی لە هەردوو گوندەكە بێكارن و كاریان بۆ بدۆزێتەوە، دێت ئەوانی تریش بێكار دەكات، داوا دەكەین ئەو هەوڵە رابگیرێت"، فەهمی حەبیب وایوت.

هەر بەپێی نوسراوەكان، فەرمانگەی تاپۆی كەركوك لەسەر داوای وەزارەتی یەرگری عیراق، داوای كەشفی چەند پارچە زەوییەكی تری كردووە لە قەزای دوزخورماتوو و ناحییەكانی ریاز و رەشاد بۆ هەمان مەبەست.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT