كەسوكاری خوێندكارێك لە قەزای كفری هێرشدەكەنەسەر بەڕێوەبەری خوێندنگەیەك و بە "دار و خاكەناز" لە پشتی سەری دەدەن و قۆڵی برینداردەبێت. لەسەر ئەو روداوەش پێنج كەس دەستگیردەكرێن.
روداوەكە ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە 8ی ئادار دوای ئەوە رویداوە كە كێشە لە نێوان ئیدارەی خوێندنگەكە و خوێندكارێكدا رویداوە، بەهۆیەوە خوێندكارەكە بیلال نەوزاد 14 ساڵانە و لە پۆلی هەشت دەخوێنێت، بەسەر دیواری خوێندنگەكەدا رۆیشتۆتە ماڵەوە و باوك و دایك و كەسوكاری ئاگاداركردۆتەوە.
مامۆستا سەیوان عەلی، بەڕێوەبەرى خوێندنگەى ئیمام محەمەد لە قەزای كفری، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەموو مامۆستاكان كێشەیان لەگەڵ ئەو خوێندكارەدا هەیە، گوێڕایەڵ نییە و لەكاتی وانەوتنەوەدا بێزاریان دەكات، بەردەوام ئامۆژگاریی دەكەین و سودی نییە، مامۆستاكان دەهاتنە ئیدارە و بێزاریی خۆیان نیشاندەدا، بۆیە چەندجارێك داوامانكرد دایك و باوكی بێنە خوێندنگەكە و قسەیان لەگەڵ بكەین، بەڵام هەر نەهاتن".
بە وتەی سەیوان عەلی، چوارشەممە 8ی ئادار دواینجار بووە كە پێیانوتووە باوك و دایكی بێنە قوتابخانە، "دوای ئەوەی لەوانەی چوارەم بەهەمان شێوە كێشەی دروستكردووە، بەڵام ئەو بەسەر دیواری خوێندنگەكەدا چۆتەدەرەوە و كاتێكمانزانی باوك، دایك، برایەكی و خاڵێكی هێرشیانكردە سەرمان".
"یەكێك لە هێرشبەرەكان دەستی گرتم، باوك و برایەكیشی كەوتنە وێزەم، بە دار و خاكەناز لە پشتی سەر و قۆڵیاندام، دەستم و سەرم برینداربوون، دیاربوو بۆ شەڕ هاتبون نەك گفتوگۆ"، سەیوان وایوت.
یەكێك لە هێرشبەرەكان دەستی گرتم، باوك و برایەكیشی كەوتنە وێزەم، بە دار و خاكەناز لە پشتی سەر و قۆڵیاندام
هەر لەوكاتەدا ئیدارەی خوێندنگەكە ئاسایش و پۆلیسەوە ئاگاداردەكەنەوە و هەر لەوێ خوێندكارەكە و سێ كەسی تری هەمان خێزان دەستگیردەكرێن، بەیانی ئەمڕۆش كەسێكی تریان.
بەڕێوەبەری خوێندنگەكە كاتێك ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی ئادار چیرۆكەكەی بۆ (كەركوك ناو)، گێڕایەوە لە دادگای كفری بوو بۆ تۆماركردنی سكاڵا.
كفری یەكێكە لەو قەزایانەی دەكەوێتە چوارچێوەی ناوچەكانی جێناكۆك بەپێی دەستوری عیراق و لەڕوی ئیدارییەوە سەر بە ئیدارەی گەرمیانە لە پارێزگای سلێمانی.
مقەدەمی مافپەروەر، عەلی جەمال، لێپرسراوی راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان، شەوی رابردوو لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كە هێرشبەرەكان لە بەڕێوەبەری خوێندنگە و برایەكی بەڕێوەبەركەشیانداوە.
جەختیشیكردەوە "كێشەكە كاتێك گەورە بووە، كە خوێندکارەکە کەسوکاری ئاگادارکردۆتەوە، باوک و دایکی و برایەكی و لەگەڵ كەسێكی نزیكی خۆیان چونەتەسەر قوتابخانەکە و شەر دروستبووە".
هەر بەو هۆیەوە پۆلیس، خوێندكارەكە و دایك و باوك و برایەكیان دەستگیركردووە، ئەوەش بەپێی ماددەی 230 لە یاسای سزادانی عیراقی.
بەپێی ئەو ماددەیە هەركەسێك دەستدرێژیی و هێرشبكاتە سەر فەرمانبەرێك یان كەسێكی راسپێردراو بە خزمەتی گشتی، یان ئەنجومەن یان دەستەیەكی گشتی لەكاتی بەجێهێنانی ئەركەكانیاندا، یان بەهۆی ئەوەوە، ئەوا بە زیندانی تا سێ ساڵ یاخود بە غەرامە سزادەدرێت.
مامۆستا سەیوان عەلی، لەبارەی دۆسییەكەوە وتی "دەمانەوێت كەیسەكە رێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت، بەڵگەكانمان رادەستی یاسا كردووە، ئەمڕۆ ئەو خێزانە داوای ئاشتی و لێبوردنیان كرد، بەڵام ئامادەنیم بیانبورم، ئەگەر ئەمڕۆ ئەوەیان بۆ بچێتە سەر سبەی هێرشدەكەنەسەر مامۆستای تر".
ئەگەر ئەمڕۆ ئەوەیان بۆ بچێتە سەر سبەی هێرشدەكەنەسەر مامۆستای تر
كێشەكە بەوتەی ئازاد نەسرەدین، مامی بیلال نەوزاد، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە ساڵی رابردوو چەند خوێندكارێك بە چەقۆ لەناو خوێندنگە لە بیلالیان داوە، دواتر كەسوكاری ئەو خوێندكارانە داوای لێبوردنیان كردووە و لەسەر راسپاردەی مامۆستا سەیوانیش كێشەكە بە سوڵحی عەشایەری چارەسەركراوە، بەڵام بەو مەرجەی ئەو خوێندكارانەی لە بیلالیان داوە لەو خوێندنگەیە بگوازرێنەوە.
ئازاد نەسرەدین وتی "بەڵام ئەمساڵ مامۆستا سەیوان چووە ئەو خوێندكارانەی وەرگرتۆتەوە و جارێكی تریش لەگەڵ برازاكەم بووە بە شەڕیان، كاتێك پێمانوتووە بۆ ئەو خوێندكارانەت وەرگرتۆتەوە دەنگی بەرزكردۆتەوە و وتویەتی خۆ پرس و ڕا بە ئێوە ناكەم، كێ بگوازمەوە و كێ وەربگرمەوە ئارەزوی خۆمە".
لەبارەی ئەوەی بیلال لە قوتابخانە چۆن بووە، ئازاد نەسرەدین وتی "ماوەیەكە زۆر بێتاقەتە، لەم رۆژانە بە نەنكی وتووە مامۆستا سەیوان بەردەوام پێی دەڵێت ئەگەر باوكت نەهێنیت دەمت دەدڕم".
ئالان حەمە حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم، شەوی رابردوو لەڕێی تەلەفونەوە قسەی لەگەڵ بەڕێوەبەری خوێندنگەكە كردووە و پشتیوانی خۆی بۆ پەنابردنی ئیدارەی خوێندنگە بۆ یاسا دەربڕیوە، ئەمڕۆش بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كفری سكاڵایان لەسەر ئەو خێزانە تۆماركرد.
بەڕێوەبەری خوێندنگەكە ئەو راپۆرتە پزیشكییەشی رادەستی پۆلیس و یاسا كردووە، كە ئێوارەی چوارشەممە بۆی كراوە.
لەبارەی ئەوەی بۆچی برایەكی لەكاتی روداوەكەدا لەوێ بووە، مامۆستا سەیوان وتی "ماڵیان لە تەنیشت خوێندنگەكەیە، لەڕێی گەڕانەوەیدا لە مزگەوتەوە بۆ ماڵەوە، بەو شەڕەی زانیوە... لەویشیانداوە، چونكە ئەو خێزانە دەزانن كە براین".
براكەی بەپێی وتەی مامۆستا سەیوان، سێ تەقەڵ دەموچاوی دوراوەتەوە.
وتەكانی مامۆستا سەلیم لەكاتێكدایە، ئازاد نەسرەدین، مامی خوێندكارەكە دەڵێت "براكەی مامۆستا سەیوان كاتێك بۆتە دەمەقاڵێیان هێرشیكردبووە سەر نەوزادی برام (باوكی خوێندكارەكە)".
"روداوێكی ناخۆش بوو، بۆ ئیدارەی خوێندنگەكە و مامۆستا و خوێندكارانیش، بەشێك لە قوتابییەكان بەهۆی ئەو شەڕەوە ترساون"، مامۆستا سەیوان وایوت.