جوتیارانی خانەقین لەبەردەم بەربەستی حكومەت و وشكەساڵیدان

كەركوك/7ی ئایاری 2020/ دوو جوتیار لەگوندێكی سەر بە ناحیەی شوان بەسەرسوڕمانییەوە دەڕواننە بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان كە تەرزە و بارانی بەخوڕ لەناوی بردووە فۆتۆ/ سۆران محەمەد

لەیلا ئەحمەد

بەشێك لە جوتیارانی خانەقین لە پارێزگای دیالە ناچارن بە قاچاغ پەینی كیمایی بەدەستبهێنن، بۆ ئەوەش پارەی زیاتر دەدەن، ئەوە لەكاتێكدایە لە دوو ساڵی رابردوودا بەهۆی لێكەوتەكانی وشكەساڵی جوتیاران بە ملیۆنان دیناریان زەرەر كردووە و ئەگەری هەیە بڕی چاندنی دانەوێڵە كەمبێتەوە.

وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق لە نوسراوێكیدا كە مێژووەكەی بۆ 20ی تشرینی دووەمی 2022 دەگەڕێتەوە و ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی كردووە، تیایدا گواستنەوە و مامەڵەكردنی هەموو پەینێكی كیمیایی لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ پارێزگاكانی عیراق راگرتووە، هەروەك مامەڵەكردنی لە بازاڕەكاندا قەدەغە كردووە.

عەلی خانەقینی، جوتیار لە قەزای خانەقین – یەكێكە لە ناوچەكانی جێناكۆك و دۆسیەی ئەمنی لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عیراقدایە-، لە سەرەتای ئەمساڵ 35 تەن پەینی كیمایی لە قەزای كەلار – ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان- كڕی، بەڵام لە بازگەكانی سەر بە حكومەتی عیراق رێگریی لێكرا بۆ خانەقینی بگوازێتەوە.

عەلی وتی "لەگەڵ شەش جوتیاری تر پەینەكەمان كڕی و ویستمان بیگوازینەوە، بەڵام وتیان بە بڕیاری وەزارەتی كشتوكاڵ رێپێدراو نییە".

لەگەڵ شەش جوتیاری تر پەینەكەمان كڕی و ویستمان بیگوازینەوە، بەڵام وتیان بە بڕیاری وەزارەتی كشتوكاڵ رێپێدراو نییە

عەلی و جوتیارەكانی زیاتر لە مانگێك چاوەڕێیان كرد، تا ناچاربون لەڕێی قاچاغەوە بۆ هەر 10 تەنێك 500 هەزار دیناریاندا و پەینەكانیان بردە خانەقینەوە.

لەبارەی ئەوەی چۆن ئەوە كارەیان كرد، جەختیكردەوە "هەمووشت لێرە بە پارە دەكرێت"، بەبێ ئەوەی وردەكاریی زیاتر باس بكات.

 (كەركوك ناو)، بۆ ئەوەی عەلی خانەقینی توشی لێپرسینەوەی هێزە ئەمنییەكان نەبێتەوە، ئەو ناوە خوازراوەی بۆ بەكارهێنا.

بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق، كە لە 20ی تشرینی دووەم دەرچووە، جگە لە سەمادی یۆریا و پەینە قەدەغەكراوەكانی تر، هەموو پەینەكانی تر دەتوانرێت لە دەرەوە هاوردەی عیراق بكرێت، بەو مەرجەی مۆڵەتی هاوردەكردنی بدرێت، بەڵام گواستنەوەی لە دەروازەكانەوە تاوەكو كۆگاكان بە چاودێری دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیی و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان دەبێت.

هەر بەپێی رێنماییەكان گواستنەوەی پەینەكان لە كۆگاكانەوە بۆ كێڵگە كشتوكاڵییەكان بە چاودێری ئاسایشی نیشتیمانی دەبێت. بەڵام گواستنەوەی هیچ جۆرە پەینێك لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ پارێزگاكانی عیراق رێپێدراو نییە.

ganmmm
عیراق: پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی 2022. فۆتۆ: وەزارەتی بازرگانی عیراق

راسپاردنی ئاسایشی نیشتیمانی بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندی بە دۆسییەی ئەمنییەوە هەیە، چونكە هەندێك لە مەوادە كیماییەكان كە بۆ كشتوكاڵ بەكاردەهێنرێت، لە هەمانكاتدا دەتوانرێت لە دروستكردنی بۆمب و تەقەمەنیدا بەكاردەهێنرێت و بە مەوادی مەترسیدار ناودەبرێن.

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە 28ی شوباتی رابردوو لە كۆبونەوەیەكدا بەشێك لەو مەرج و رێنماییانەی گۆڕی، لەوانە رێگه‌دان به‌هاتنی كیمیایی (یۆریا و داب) له ‌هه‌رێمی كوردستانی عیراقه‌وه‌ به ‌رێگای خاڵی پشكنینی به‌نداوی نه‌ینەوا بۆ موسڵ و بازگەی داره‌مان بۆ‌ كه‌ركوك، ئەوەش به‌پێی رینماییه‌كانی كارپێكراو. بەڵام بۆ پارێزگای دیالە هیچ دەروازەیەك دیارینەكراوە.

ئەمە بڕیارە لە كاتێكدا درا كە سەدان جوتیار پارەیەكی زۆریان لە دوو مانگی رابردودا خەرجكرد دوای ئەوەی بە رێگای قاچاغ پەینیان لە هەرێمی كوردستانەوە گواستەوە بۆ كێڵگە كشتوكاڵییەكانیان.

بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، زیاتر ئەو جوتیارانە كێشەی دەستڕاگەیشتنیان بە پەینی كیمایی هەیە كە زەوییە كشتوكاڵییەكانیان كێشەی لەسەرە و گرێبەستە كشتوكاڵییەكانیان بۆ نوێنەكراوەتەوە، بەوەش وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق ئامادەنییە هاوكارییان بكات لە پێدانی پەینی كیمایی. ئەم كێشەیەش لە ناوچەكانی جێناكۆك زۆرە.

عەلی خانەقینی وتی "لەبەر ئەو هۆكارەیە پەنا بۆ هێنانی پەینی كیمایی دەدەین بە رێگای قاچاغ و پارەیەكی زۆر خەرجدەكەین".

  بە رێگای قاچاغ پەنا بۆ هێنانی پەینی كیمایی دەدەین

ئیبراهیم خەلیل، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كشتوكاڵی خانەقین – سەر بە پارێزگای دیالە-، وتی "تائێستا بڕیاری وەزارەتی كشتوكاڵ ئەوەیە هیچ جوتیارێک لە خانەقین رێگەی پێنادرێت لە هەرێمی كوردستانەوە هیچ پەینێكی كیمیایی بهێنێت... ئێمە پەین و مەوادی كیمایی بە جوتیاران دەدەین، بەپێی روبەری زەوی و پێداویستی جوتیارەكە، بەڵام بەپێی رێنماییەكانی وەزارەت دەبێت گرێبەستی زەوییەكانیان بۆ نوێكرابێتەوە".

لە فەرمانگەی كشتوكاڵی دیالە 2000 جوتیار تۆماركراون، بۆ هەر تەنێك پەینی سپی 300 هەزار دیناریان لێ وەردەگیرێت، بەڵام بۆ پەینی رەش 900 هەزار دینار.

ئەوەش لەكاتێكدایە ئەگەر جوتیاران تەنێك پەینی كیمیایی لە بازاڕ بكڕن، كە بە ئاسانی دەستناكەوێت و دەبێت لە هەرێمی كوردستان بە قاچاغ بیگوازنەوە، ئەوە ملیۆنێك و 150 هەزاری دینار لەسەریان دەكەوێت.

واتە جیاوازی 20 تەن پەین ئەگەر حكومەت پێت بفرۆشێت و لە بازاڕ بیكڕێت پێنج ملیۆن دینار دەكات.

بەگشتی ئەو 2000 جوتیارە، دوو جۆر زەویی كشتوكاڵیان هەیە، بەشێك لە زەوییەكانیان لە دوای ساڵی 2003وە گرێبەستەكانیان بۆ نوێكراوەتەوە، بەشێكی تری زەوییەكانیان گرێبەستی ساڵانی حەفتاكانیان هەیە و بەپێی رێنماییەكان نابێت پەینیان پێبدرێت.

عەبدوڵا محەمەد، جوتیارێكی تری خانەقینە، دەڵێت لەكاتێكدا وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی عیراق، هێنانی پەینی كیمایی لە هەرێمی كوردستانەوە قەدەغەكردووە، بەڵام دەتوانرێت بەرێگای قاچاغ و "چاوپۆشی" بە پارەیەكی "زۆر" ئاودیوی خانەقین بكرێت.

بەگشتی ئەو جوتیارانەی گرێبەستە كشتوكاڵییەكانیان لە ساڵانی 70كانی سەدەی رابردووەوە بۆ نوێنەكراوەتەوە، لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵییەوە پەین و مەوادی كیمییان پێنادرێت.

alwan-xanaqeen1
دیالە/ كۆتایی 2020/ دیمەنێك لە روباری ئەڵوەند لە خانەقین فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

ئەو كێشەیە لەكاتێكدایە لە دوو ساڵی رابردودا بەهۆی كەمی بڕی بارانبارین و لێكەوتەكانی گۆڕانی كەشوهەوا، زۆرێك لە جوتیاران لە چاندنی دانەوێڵەدا زەرەریانكرد و بڕی چاندن بەگشتی كەمبۆتەوە.

بۆ نمونە عەبدوڵا محەمەد، دەڵێت لە ساڵی2021دا هەشت ملیۆن دیناری زەرەر كردووە، جگە لە ماندوبونی خۆی.

ئەو كە گرێبەستی نوێی زەوییە كشتوكاڵییەكانی نییە، دەڵێت ئێستا لەپاڵ ترسی كەمی بارانبارین، خەمی چۆنییەتی پەیداكردنی پەین و مەوادی كیمیاییان هەیە.

لە فەرمانگەی كشتوكاڵی خانەقین – سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان-، 2400 جوتیار تۆماركراون، بەپێی وتەی كامەران عەبدوڵا، بەڕێوەبەری فەرمانگەكە هەمویان لە ساڵانی 2021 و 2022 زیانیان كردووە.

كامەران وتی "لەو دوو ساڵەدا بەرهەمی دانەوێڵەی زەوی دێمی سفر بوو، بەڵام 300 جوتیار لە خانەقین خۆیان دانەوێڵەكانیان ئاو دەدا، بەڵام بەرهەمی ئەویش بەپێی پێویست نەبوو، بەهۆی خۆڵبارین و كرمی گەنم".

دوو ساڵی رابردودا بەرهەمی دانەوێڵەی زەوی دێمی سفر بوو

فەرمانگەی كشتوكاڵی خانەقین – سەر بە حكومەتی هەرێم- زەرەر و زیانی جوتیارانی تۆماركردووە، بەڵام هیچ هەواڵێكی دڵخۆشكەر نییە بۆ ئەوەی قەرەبوبكرێنەوە.

ئەو فەرمانگەیە ساڵانە تەنیا دەتوانێت بنەتۆ بە جوتیاران بدات، بۆ هەر كیلۆیەك بڕی 800 دیناریان لێوەردەگرێت.

لە قەزای خانەقین 92 هەزار دۆنم زەوی بەراو بۆ كشتوكاڵ هەیە، لەگەڵ 325 دۆنم زەوی دێمی.

"ئێستا لەپاڵ كێشەی وشكەساڵی، كێشەی گەورتریشمان روبەڕو بۆتەوە، ئەویش ئەوەیە ناهێڵن پەین بهێنین، ئێمە ئامادەین كشتوكاڵ بكەین، بەڵام ئەگەر هاوكاریمان نەكەن چیبكەین"، ئەکرەم حاتەم، جویتارێكی خانەقین وایوت.

ئەو چوار ساڵە لەسەر یەك لە چاندنی دانەوێڵەدا بەتایبەت گەنم زەرەر دەكات، وتی "لەساڵی 2019دا لە كۆی 40 تەن گەنم، تەنیا بنەتۆم دەستكەوتەوە، 2020 زیاتر لە 45 تەن گەنمم چاند، لەوەشدا زیانم كرد".

بۆ ساڵی 2021 ئەكرەم حاتەم دەڵێت بە هیوای بارانبارین 12 تەن گەنمی لە زەوی دێمی دا كرد، بەڵام هیچ بەرهەمی نەبوو. ئەو دەڵێت گەورەترین زەرەر لە ساڵی 2022دا بوو، كاتێك 50 تەن گەنمی چاند و هیچ بەرهەمێكی نەبوو.

حاتەم وتی "سوێند بەخوا 40 ملیۆن دینار قەرزارم..."، روی دەمی كردە حكومەت و وتی "من تەنیا كشتوكاڵ دەزانم، پێویستە حكومەت بیر لە پلانێك بكاتەوە بۆ جوتیاران، ئاوی روباری سیروان و ئەڵوەندمان لێبڕاوە و نەماوە، ئەگەر باران نەبارێت چاندن كۆتایی دێت، بەرگەی ئەو هەموو زیانە ناگرین".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT