وەزارەتی پلاندانانی عیراق رەزامەندی نیشاندا بە دوبارە ناساندنەوەی ناحیەی مەندەلی وەكو قەزا، بە ئامانجی گەڕاندنەوەی ژیان بۆ قەزاكە، كە بەپێی وەزارەتی پلاندانان "بەدەست پشتگوێخستنەوە دەناڵێنێت".
مەندەلی لە ساڵی 1947 کرایە قەزا و بە یەکێک لە کۆنترین قەزاکانی عیراق دادەنرێت، بەڵام دوای 40 ساڵ و له ساڵی 1987 بە بڕیاری ئەنجومەنی باڵای سەرکردایەتی شۆڕشی سەردەمی حزبی بەعس، كرایەوە بە ناحیە و به قهزای بهلهدروزهوه لکێنرا.
عەبدولزەهرا هەنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق، ئەمڕۆ یەكشەممە 12ی ئادار لە بەیاننامەیەكدا رەزامەندی وەزارەتەكەی بۆ دوبارە بە قەزا ناساندنەوەی مەندەلی ئاشكراكرد، لەگەڵ جەختكردنەوە لە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەی ساڵی 1987.
"وردبینی تەواوی دۆسیەی بە قەزابونی مەندەلی كراوە، لەڕوی ستانداردەكانی پلاندانان، ژمارەی دانیشتووان و یەكەی نیشتەجێبون، چالاكی ئابوری و هەموو پێوەرانەی كە پێویستە لە قەزادا هەبێت"، هەنداوی وت.
جەختیشیكردەوە "ئەو بڕیارە یەكانگیرە لەگەڵ بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیران لە ساڵی 2010 كە تایبەتە بە هەڵگرتنی كاریگەرییە خراپەكان سەر مەندەلی و هەنگاونان بەرەو بە قەزابونی ناحییەكە و گەڕاندنەوەی بۆ پێش ساڵی 1987".
ئەو بەیاننامەیەی هەنداوی دوای ئەوە دێت كە وەزارەتی پلاندانان، بە واژۆی محەمەد تەمیم، وەزیری پلاندانان و جێگری سەرۆك وەزیرانی عیراق نوسراوێكی ئاراستەی دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاكان كردووە بۆ نوێكردنەوەی بڕیاری بە قەزابونی مەندەلی.
لە نوسراوەكەی وەزارەتی پلانداندا كە 9ی ئادار ئاراستەی دەستەكەی كردووە، تیایدا هاتووە "ئامانج لەمە دوبارە گەڕاندنەوەی ژیانە بۆ مەندەلی، چونكە بەدەست پشتگوێخستن و گرنگیپێنەدانەوە دەناڵێنێت، سەرباری ئەوەی ئیمكانیەتێكی فرەچەشنی هەیە و زیانلێكەوتوی ئەو جەنگانە بووە كە لەو ناوچەیە رویداوە و بە هۆیەوە خەڵكەكەی روبەڕوی ئاوارەبون بونەتەوە".
ئامانج لەمە دوبارە گەڕاندنەوەی ژیانە بۆ مەندەلی، چونكە بەدەست پشتگوێخستن و گرنگیپێنەدانەوە دەناڵێنێت
هەروەها هاتووە "ئەمە بۆ هەڵگرتنی هەموو ئەو كاریگەرییە خراپانەیە كە لە ئەنجامی ئەو بڕیارانە دروستبووە كە دەرهەق بە كوردی فەیلی كراوە لە مەندەلی".
مەندەلی یەکێکه لە ناوچەکانی جێناکۆک له پارێزگای دیالە بەدوری 93کم لە بەعقوبەی سەنتەری پارێزگاکەوە، دانیشتوانەکەى لە عەرەب، کورد و تورکمان پێکدێت.
قەزای مەندەلی لە باكورەوە هاوسنورە لەگەڵ قەزای خانەقین، لە رۆژهەڵاتەوە لەگەل ئێران، لە باشورەوە ناحیەی قەزانییە و لە خۆرئاواوە ناوەندی قەزای بهلهدروز.
تا ساڵی 1987 مەندەلی قەزابووە، هەردوو ناحیەی بهلهدروز و قەزانیە لە چوارچێوەی ئەو قەزایەدا بون، دواتر بهلهدروز كرایە قەزا و مەندەلی بووە ناحیەیەكی سەر بەو قەزایە. بەڵام لە ئێستادا تەنیا ناحیەی قەزانیە بۆ مەندەلی گەڕێنراوەتەوە.