هێزە راسپێردراوەكەی سودانی...
لەبەردەم تەحەدای سیاسیی و عەشایەریدا بەدوای ئارامیدا دەگەڕێت بۆ دیالە

دیالە/ ئاداری 2023/ هێزە ئەمنییەكان لەكاتی ئەركدا لە بەعقوبە. فۆتۆ: وەزارەتی ناوخۆی عیراق

ئەمیر خانەقینی – خانەقین

هەفتەیەكە هێزە تایبەتەكانی عیراق كە بە بڕیاری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە تەواوی پارێزگای دیالە بڵاوكراونەتەوە، بەردەوامن لە چالاكی و دەستگیركردنی تۆمەتباران كە ژمارەیان بە سەدان كەس مەزندەدەكرێت، بەڵام لەبەردەم تەحەدای سیاسیی و عەشایەریدان بۆ گەڕانەوەی ئارامی بۆ دیالەن.

هێزە تایبەتەكان، 9ی ئادار گەیشتنە پارێزگای دیالە و بڵاویانپێكرا، تەنیا لە سێ رۆژی یەكەمدا 196 تۆمەتبار و هەڵاوتویان لە یاسا دەستگیركرد، ئەوەش بەپێی وەزارەی ناوخۆی عیراق.

سەرچاوەیەکی باڵا لە فەرماندەیی پۆلیسی دیالە بە (کەرکوک ناو)ی وت "هێزە تایبەتەکان راستەوخۆ لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عیراقەوە جوڵەیان بۆ دیالە پێکراوە، ئەوەش بەمەبەستی چەسپاندنی هەیبەتی دەوڵەت لە پارێزگاكە و لەپێناو پاراستنی دیالە، دەتوانم بڵێم لەگەڵ هاتنی ئەو هێزانەدا دۆخەكە سەقامگیر بۆتەوە و هەست بە ئارامی دەكرێت".

جوڵەپێكردنی ئەو هێزە دوای زننجیرەیەك هێرش و پەلاماری چەكداریی هات بۆ سەر هاوڵاتی مەدەنی لە ناوچە جیاوازەكانی دیالە، كە دواترینیان كوژرانی هەشت كەسی یەك خێزان بون لە سنوری قەزای شارەبان، كە لە نێویاندا سیانیان ئافرەت بون.

ئەو هەشت كەسە كە كەسوكاری سەرۆكی عەشیرەتی تەمیم بون، سەرەتا لەڕێی بۆمبی چێنراو دواتر دەستدڕێژی گولـلە لەناو ئۆتۆمبێلەكەیان كرانە ئامانج.

كوژرانی پزیشكێكی دیاری دیالە بەناوی ئەحمەد تەلال، لە شەوی 22ی شوبات لەبەردەم ماڵەكەی خۆی لە بەعقوبە – مەڵبەندی پارێزگای دیالە-، یەكێكی تر بوو لە روداوە ئەمنییەكانی ئەمدواییە كە زۆرترین كاردانەوەی بدواداهات.

sharban
دیالە/7ی ئاداری 2023/ وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلەی تیایدا بۆمبێكی چێندراوی لە شارەبان پێیدا تەقییەوە و هەشت ئەندامی یەك خێزان كوژران. فۆتۆ: تایبەت بەكەركوك ناو

كوشتنی دكتۆر ئەحمەد، تەنیا دوای تێپەڕبونی پێنج كاتژمێر هات لە لێدوانێكی محەمەد سودانی، كە جەختیكردەوە لەوەی بەدواداچون بۆ فایلە ئەمنییەکانی دیالە دەکات و رێگریی دەكات لە هەر هەوڵێک بۆ هێرشکردنە سەر هاوڵاتیان و موڵک و ماڵیان.

لە پارێزگای دیالە، هۆز و عەشیرەتەكان لە ململانێی بەردەوامدان بۆ جێگیركردنی هەژمونی خۆیان لەنێو پۆستە باڵاكانی پارێزگاكەدا، بەتایبەت پۆستە ئەمنییەكان، ئەوەش لەپاڵ ناكۆكی بەردەوامی هێزە شیعیی و سوننییەكان و كاریگەرییان بەسەر بڕیارەكانی ئیدارەی شارەكە و دەسەڵاتی دادوەریدا.

لە سەرەتای ئەمساڵدا جێگۆڕكێكردن لە پۆسە باڵا ئەمنییەكاندا زۆرترین ناڕەزایی و خۆپیشاندانی جەماوەری عەشیرەتەكانی بەدوادات.

بەگشتی ئەو دەستتیوەردانە بەوتەی بەرپرسە باڵاكەی پۆلیسی دیالە، وایكردووە روداوی خوێناویی و تاوان، لە ئەنجامی تۆڵەكردنەوەدا زۆربێت، بۆ ئەوەش پەنا بۆ چەك دەبەن.

لە تشرینی یەكەمی 2021 لە ئەنجامی هێرشی "داعش و تۆڵەسەندنەوە"دا 23 كەسی مەدەنی لە دوو گوندی شارەبان كوژران، ئەم روداوە هێشتا لەنێو عەشیرەتەكانی پارێزگاكەدا جێی مشتومڕ و گومانە.

لێپرسراوە باڵاكەی فەرماندەیی پۆلیسی دیالە بە (كەركوك ناو)ی وت "لەوەتەی هێزە تایبەتییەكە هاتووە، فەرمانەكانی دەستگیركردن جێبەجێدەكرێن و سەدان پارچە چەكی جۆراوجۆری بچوك و مامناوەند و تەقەمەنی و ئۆتۆمبێلی نایاسایی دەستیبەسەرداگیراوە".

ڤیدیۆ: بەڕێكردنی تەرمی پزیشكی دیاری دیالە، ئەحمەد تەلال بۆ گۆرستان

هێزە تایبەتەكان زیاتر لە ناوچەكانی شارەبان و باعقوبە بڵاوەیانپێکراوە، چونەتە بازگەكان و چاودێری وردی چون و هاتنی هاوڵاتیان دەكەن بۆ پارێزگاكە و هەروەها لە نێو شارەكانیشدا، سەرچاوەكە زیاتر وتی "چاودێری خاڵە سنورییەكان دەكەن و ئەو بارهەڵگرانە دەپشكنن كە گوماندەكرێت شتی قاچاغ و رێپێنەدراو بگوازنەوە".

ئۆپەراسیۆنەكان بڕیارە هەفتەی داهاتوش بەردەوامبێت، "ئەگەر بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت دۆخەکە زۆر دەگۆڕێت و ئارام دەبێتەوە، بەڵام پێدەچێت فشاری عەشایەریی و سیاسی کاریگەریان هەبێت لەسەر ئۆپەراسیۆنەکان و ئەنجامەکانی"، بەپێی وتەی فەرماندەكەی پۆلیسی دیالە.

ئەو وتەیەی دوای ئەوە دێت، كە هێزە تایبەتەكە ئێوارەی سێشەممە 14ی ئاداری یەكێك لە تۆمەتبارە دەستگیركراوەكانیان ئازادكرد، كە پێشتر لێپرسراوی هەواڵگری لیوای 24ی حەشدی شەعبی بووە لە پارێزگاكە و ئێستا كاری بازرگانی دەكات و نزیكە لە هێزەكانی بەدر.

بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، ئەو تۆمەتبارە كە لە عەشیرەتی تەمیم-یە، برای سەڵاح زەینی، پەرلەمانتارێكی عیراقە و هێزە تایبەتەكە هیچ رونكردنەوەیەكیان نەداوە لەبارەی هۆكاری دەستیگیركردن و دواتر ئازادكردنیەوە.

ئازادكردنی دوای ئەوە هات، كە بەشێک لە عەشیرەتی تەمیم، کۆبونەوەیەكی جەماوەرییان لە دژی شێوازی دەستگیركردن و بڵاوكردنەوەی وێنەكانیان كرد لەكاتی دەستگیركردندا و جەختیانكردەوە "هێزە تایبەتەكە بۆ شكاندنی كەسایەتی ئەو كارەیان كردووە". لەگەڵ ئیدانەكردن-دا داوای دەستبەجێ ئازادكردنیان كرد، ئەوەشیان بۆ چووەسەر.

بەربەستی سیاسیی و عەشایەری هەیە لەبەردەم هێزە تایبەتەكەدا، ئەوە تەحەدییەكە و دەبێت بۆ ئارامكردنەوەی پارێزگای دیالە تێیپەڕێنن

سەرچاوەیەكی ئەمنی دیالە، كە چاودێری دۆخەكە دەكات، دەڵێت "بەربەستی سیاسیی و عەشایەری هەیە لەبەردەم هێزە تایبەتەكەدا، ئەوە تەحەدییەكە و دەبێت بۆ ئارامكردنەوەی پارێزگای دیالە تێیپەڕێنن".

هێزە تایبەتەكان لە دوو رۆژی رابردودا گەیشتنە قەزای خانەقین و ناوچەكانی دەوروبەری، بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپا و حەشدی شەعبی و پۆلیسی خانەقین خاڵی پشکنینیان لەناو خانەقین و رێگا سەرەکییەکانی نێوان خانەقین – کەلار و خانەقین – جەلەولا دانا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT