هاوڵاتییەك خنكا، دەیان جوتیار و خاوەن كێڵگەی پەلەوەری زیانیان بەركەوت، بە هۆی بارانی بەخوڕ لە شنگال، كە لە هەندێكدا ناوچەدا لافاوی لێكەوتەوە.
شەپۆلێكی بارانی بەخوڕ لە كۆتایی هەفتەدا ناوچەكانی قەزای شنگالی لە خۆرئاوای نەینەواوە گرتەوە و دوو رۆژ بەردەوام بوو.
"سێ گەنج خەڵكی شنگال لە گەلی كەرسێ بون لە كاتی دروستبونی لافاودا و بەهۆیەوە، یەكێكیان خنكا" بەوتەی سەرچاوەیەك لە تەندروستی شنگال بۆ (كەركوك ناو).
ئەو روداوە ئێوارەی 15ـی ئادار و لە یەكەم رۆژی بارانە بەخوڕەكەدا بوو.
سەرچاوەكە وتی ئەو گەنجەی خنكاوە تەمەنی 15 ساڵ و دانیشتوی ناحیەی گرعوزێری قەزاكە بووە، بەڵام دوو هاوڕێكەی، توانیویانە خۆیان لە لافاوەكە رزگاربكەن.
كەشناسی عیراق هیچ ئامارێكی دوو رۆژی بارانەكەی شنگالی بڵاونەكردۆتەوە.
مشكۆ موراد، خاوەنی كێڵگەی پەلەوەری لە شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت "لەو بارانەدا كێڵگەكەی من سەلامەت دەرچوو بەڵام كێڵگەیەكی دیكەی پەلەوەری لە قەزاكە ئاوی تێچووە و بەهۆیەوە، 19 هەزار جوجوڵەی ئاو بردویەتی، جگە لەو زیانەی بە كێڵگە و خەڵكی تر كەوتووە".
لە ناحیەی سنونێ و شنگال تائێستا زیاتر لە 160 ملم باران باریووە، ئەوەش بەپێی ئامارێكی ئیدارەی سنونێ بۆ (كەركوك ناو)، كە ئەوان چاوەڕێ دەكەن رێژەی بارانبارین دوو هێندە زیاتر بێت.
بەرەکات عیسا، لێپرسراوی فەرمانگەی چاندن لە ناحیەی سنونێی شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەرچەندە ئەو بارانە بۆ كشتوكاڵ باش بوو، بەڵام بە داخەوە زیانی گیانی و داراییشی لێكەوتەوە، گەنجێك خنكا و ئاو چووە ناو كێڵگەی پەلەوەر، موزەخە و سیستەمی ئاودێری چەندین زەوی كشتوكاڵی خراپ بووە و شتڵ و باخی جوتیاران هەندێكیان زیانیان بەركەوتووە". بەبێ ئەوەی وردەكاری زیاتر بخاتەڕوو.