ماددەی 35 چی بۆ كەركوك پێیە؟
عەرەب و توركمان لەگەڵین، كورد دژایەتی دەكات

كەركوك/ 10ی تشرینی یەكەمی 2021/ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عیراق. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

عەرەب و توركمان دژایەتی خۆیان دەربڕی بۆ تێپەڕاندنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، ئەگەر لە هەمواری یاساكەدا ماددەی 35 لاببرێت، لەكاتێكدا نوێنەرانی كورد دەڵێن سەركەوتو بوون لە لابردنی ئەو ماددەیەدا.

ئەو مشتومڕە لەكاتێكدایە پەرلەمانی عیراق، 6ـی تشرینی دوەمی 2023ی وەك وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دیاریكرد، ئەوەش لە چوارچێوەی پرۆسەی دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، كە بەرەبەیانی دووشەممە 20ی ئادار بەڕێوەچوو.

عەرەب و توركمان لەگەڵ ئەوەدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان تایبەتمەندی بە پارێزگای كەركوك بدرێت، بۆ ئەوەش ماددەی 35ی لە هەموارە تازەكەدا وەكو خۆی بمێنێتەوە.

"ئێمە بە تەواوی تێپەڕاندنی یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان رەتدەكەینەوە ئەگەر لە هەموارە تازەكدا ماددەی 35ی تیا نەبێت، كە تایبەتە بە وردبینی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگای كەركوك"، ئەمە بەشێكە لەدەقی بەیاننامەیەكی هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنی عەرەبی لە كەركوك و لیستی بەرەی توركمانی یەكگرتوو.

ڤیدیۆ: كۆنگرەی رۆژنامەوانی هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنی عەرەبی و لیستی بەرەی توركمانی یەكگرتوو. ڤیدیۆ: كەركوك ناو

لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە "كەركوك لە ساڵی 2005ەوە بەهۆی سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی لەڕێی سەپاندنی ئیرادەی سیاسیی تاكلایەنەوە هەڵبژاردنی تیادا نەكراوە، دوای ئەوەی سەلمێنرا كە نزیكەی 300 هەزار كەس لە هاوڵاتیانی پارێزگاكانی تر بۆ تۆمارەكانی وەزارەتی بازرگانی زیادكراون".

تۆمارەكانی وەزارەتی بازرگانی لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە بۆ تۆماری دەنگدەران پشتی پێدەبەسترێت.

ئەو دوو پێكهاتەیەی كەركوك پێیانوایە "زیادكردنی ئەو 300 هەزار كەسە وایكردووە گۆڕانكاریی دیمۆگرافی لە تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاكەدا روبدات، ئەوەش لە بەرژەوەندی نەتەوەیەك"، بەبێ ئەوەی بەڵگەی زیادكردنی ئەو 300 هەزار كەسە رونبكەنەوە.

زیادكردنی ئەو 300 هەزار كەسە وایكردووە گۆڕانكاریی دیمۆگرافی لە تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاكە روبدات

هەردوو پێكهاتەی عەرەب و توركمان داوا لە كوتلە و هێزەكانی پەرلەمانی عیراق دەكەن لەكاتی هەمواركردنەوەكەدا پارێزگاری لە مانەوەی ماددەی 35ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەن.

ماددەی 35 چییە؟

ماددەی 35 ماددەیەكی نێو یاسای ژماره‌ی 12ی ساڵی 2018ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراقە، كە لە ئێستادا پەرلەمانی عیراق سەرقاڵی هەمواركردنەوەی یاساكەیە.

به‌شێكی یاسای ژمارە 12ی ساڵی 2018، لە چوارچێوه‌ی مادده‌ی 35دا ته‌رخانكراوه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركوك و تیایدا چه‌ند مه‌رج و رێكارێكی داناوه‌، ماددەكە لە هەشت بڕگە پێكدێت.

بڕگه‌یه‌كی تایبه‌تە به‌ هه‌ماهه‌نگی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ وردبینی تۆماری ده‌نگده‌ران. له‌ بڕگه‌یه‌كی تری هەمان ماددەدا هاتووه‌ كە ئه‌نجومه‌نی پارێزگا دوای هەڵبژاردن رێكارێك داده‌نێت بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌ باڵاكانی كه‌ركوك، به‌ده‌ر له‌ پۆسته‌ فیدراڵییه‌كان، ئەو پۆستانە سەرەتا بۆ رۆڵه‌كانی پارێزگاکە دەبێت، ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌ یاساییه‌كانیان تێدابوو، له‌وه‌شدا ره‌چاوی پشكی نه‌ته‌وه‌كان بكرێت.

بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ی مادده‌كه‌ ده‌ڵێت ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن نابێته‌ هۆی هیچ گۆڕانكارییه‌كی ئیداریی و یاسایی په‌یوه‌ست به‌ داهاتووی كه‌ركوك.

هەر لە بڕگەیەكی تری ماددەی 35دا هاتووە، كۆمسیۆن پابەندە بە وردبینی و بەراوردی تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای كەركوك لە نێوان فۆرمی خۆراك و پێناسی باری شارستانی، ئەوەش رونكراوەتەوە "هەر ناوێك لە هەردوكیاندا نەبوو، ئەوا لە تۆمارەكەدا دەسڕدرێتەوە، بەدەر لەوانەی رێكارەكانی ماددەی 140یان تەواوكردووە". لەو بڕگەیەشدا مەرجێك دانراوە كە دەبێت ئەو بەراوردكارییە تا 31ی كانونی یەكەمی 2020 بكرێت، واتە دوو ساڵ و شەش مانگ لەمەوبەر، بەڵام ئەوەش نەكراوە.

dangdan-7
كەركوك/ 10ی تشرینی یەكەمی 2021/ دوو هاوڵاتی لەكاتی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە بنكەیەكی ناوەندی شاری كەركوك فۆتۆ: كاروان ساڵحی

لە بڕگەیەكی تری هەمان ماددەدا، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پابەند دەكات بە گرتنەبەری رێكاری پێویست بەپێی رێنماییە بەركارەكان بۆ جیاكردنەوە و هەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكان لەو وێستگانەی تانەیان لەسەرە.

ئەوكات دوای ده‌یان كۆبونه‌وه‌ی كوتله‌ و نوێنه‌رانی پێكهاته‌كانی پارێزگای كەركوك له‌ په‌رله‌مانی عیراق، ماددەی 35 پەسەندكرا.

بەڵام ئومێد محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ (كورد) و یەكێك لە نوێنەرانی پارێزگای كەركوك، دووشەممە 20ی ئادار لەكاتی هەمواری یاساكەدا بڵاویكردەوە "داواکرا کەرکوک لەکاتی هەڵبژاردندا لە هەموو پارێزگاكانی تر جیابکرێتەوە و ماددەی 35 بۆ یاساكە زیادبكرێت، بەڵام بۆ ماوەی یەك كاتژمێر دانیشتنەكەمان وەستاند، تا ئەو ماددەیە لابرا"، بەبێ ئەوەی هیچ رونكردنەوەیەك بدات ئایا ئەو ماددەیە چۆن لابراوە، چونكە هێشتا كۆی هەمواری یاساكە پەسەندنەكراوە.

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق لە پشكی كورد (پارتی) و نوێنەرێكی كەركوك، هەمان رۆژ لەكاتی كردنەوەی ئاگری نەورۆزدا لە كەركوك وتی "دەمەوێت مژدەیەكتان پێ رابگەیەنم كە لە 6ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك بەبێ هیچ بەربەست و مەرجێك بەڕێوەدەچێت".

لە 6ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك بەبێ هیچ بەربەست و مەرجێك بەڕێوەدەچێت

دوو رۆژ دوای ئەو وتارە، هەردوو پێكهاتەی عەرەب و توركمان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە كەركوك جەختیانكردەوە "پێویستە كوتلە و لایەنەكان پارێزگاری لە مانەوەی ماددەی 35ی یاساكەدا بكەن، كە بە تەوافقی هەموو پێكهاتەكان بۆ راستكردنەوەی رێڕەوی هەڵبژاردن لە كەركوك دانرابوو".

ئەنجومەنی عەرەبی و لیستی بەرەی توركمانی یەكگرتوو، كە بەپێی ئەنجامی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە كەركوك یەكی كورسییەكی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە، هۆشداریی دەدەن لە "یاریكردن بە ئاسایش و سەقامگیری كەركوك" و ئەو پێكەوەژیانەی لە پارێزگاكەدا هەیە.

"داوا دەكەین رێگە بە خەڵكی كەركوك بدرێت مومارەسەی مافی دیموكراتی خۆیان بكەن لەڕێی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردەوە، ئەوەش بە وردبینی تۆماری دەنگدەران و رێكخستنەوەی پێكهاتەی ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كە نەتەوەیەك لە ساڵی 2005ەوە دەستیبەسەردا گرتووە". بەبێ ئەوەی ناوی نەتەوەكە بهێنن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT