سەدان جوتیاری هەردوو نەتەوەی كورد و توركمان گردبونەوە دژی هەوڵی گۆڕینی زەوییە كشتوكاڵییەكانیان بۆ یەكەی نیشتەجێبون. هەوڵەكە لە دوو كاتی جیاوازدا لەلایەن وەزارەتی بەرگری و شارەوانییەوە دراوە.
دوو هەفتە لەمەوبەر، تیمێكی وەزارەتی بەرگری عیراق چونەتە ژمارەیەك گوندی كەركوك و جەختیانكردۆتەوە كە لەسەر زەوییەكانیان یەكەی نیشتەجێبون بۆ ئەندامانی سوپا دروستدەكرێت، هەفتەی رابردوش وەفدێكی شارەوانی كەركوك هەمان داواكارییان هەبووە.
بەو هۆیەوە پێشنیوەڕۆی هەینی 24ی ئادار، نزیكەی 500 جوتیاری كورد و توركمان گردبونەوەیەكیان رێكخست و داوایانكرد ئەو هەوڵانە رابگیرێت.
سامی غەفور، نوێنەری جوتیارانی کورد لە گردبونەوەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "هاتونەتە سەرمان، دەڵێن پڕۆژەی وەبەرهێنان و یەكەی نیشتەجێبون دروستدەكەین، ئێمەش ئەوە قبوڵناكەین، تاپۆمان هەیە و لە سەردەمی رژێمی بەعس-یشدا روبەڕوی تەعریب كردن بوینەتەوە و زەوییەكانمان بەسەر هەردوو وەزارەتی بەرگری و شارەوانیدا دابەشكراوە، بەڵام ئێستا ئەو دوو وەزارەتە هەریەكە و بەجیا دەیانەوێت زەوییە كشتوكاڵییەكانمان لێوەربگرن".
گوندەكان كە داوای چۆڵكردنیان كراوە، پێكهاتون لە گوندەكانی تۆپزاوا، یایچی، تسعین و قزلیار، دەكەونە باشوری كەركوك.
حسێن مەردان، نوێنەری جوتیارانی تورکمان، وتی "دەیانەوێت هەزاران دۆنم لە زەوییەكانمان بۆ یەكەی نیشتەجێبون بگۆڕن، ئێمەش ئەوە قبوڵناكەین، تاپۆمان هەیە و پێشتر بە بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش خراونەتە سەر هەردوو وەزارەتی بەرگری و شارەوانی و دواتر بە گرێبەست دراون بە عەرەبی هاوردە".
جوتیارەكان شەقامێكی سەرەكییان داخست و بەڵگەی تاپۆی زەوییەكانیان لەسەر شەقامەكە نیشانی رۆژنامەنوساندا.
بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو) كە لەسەرچاوەی سەربازیی و جوتیارانی خۆپیشاندەر وەریگرتووە، وەزارەتی بەرگری لای خۆیەوە هەوڵەكەی بە كاتی راگرتووە، بەڵام شارەوانی هێشتا سورە لەسەر هەنگاوەكانی.
یەكلاییكردنەوەی كێشە و خاوەندارێتی زۆرێك لە زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركوك لەوانەش زەوییەكانی ئەو گوندانەی خۆپیشاندانیان كرد، بەستراوەتەوە بە جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوری عیراق. بەڵام ماددەكە لەكۆی سێ قۆناغی قەرەبوكردنەوە، سەرژمێریی و راپرسی هێشتا قۆناغی یەكەم بە تەواوی جێبەجێنەكراوە كە دەبوو لە كۆتایی ساڵی 2007 كۆی گشتی ماددەكە جێبەجێبكرایە.
سەباح حەبیب، نوێنەرێكی كەركوك لە پەرلەمانی عیراق و ئامادەبوی گردبونەوەی جوتیارانی كورد و توركمان، بە (كەركوك ناو)ی وت "چارەسەرەكە ئەوەیە دەبێت بڕیارەكانی حزبی بەعس هەڵبوەشێنەوە، ئەم زەوییانە دەكەونە چوارچێوەی ماددەیی 140ی دەستوری عیراق، بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی بەعس خاوەندارێتی زەوییەكان بۆ جوتیارانی كورد و توركمان دەگەڕێتەوە".