حسێن جاسم لەژێر خۆرەتاوێكی بەتیندا كاردەكات، تەمەنی 34 ساڵە و لە لوتكەی تواناكانیدایە، رۆژانە بۆ چەندین كاتژمێر بە عەرەبانەیەكی دەستی چەو و لم و بلۆك دەگوازێتەوە.
حسێن بە كاری قورس راهاتووە، بە هاوكاری وەستا و تەختەبەست، دەیەیەكە لەبارەی كاری جددی راستەقینەوە فێر دەبێت، لە تەختەبەستی و گرتنەوەی چیمەنتۆوە تا دیوار و دانانی خشتی قوڕ و دروستكردنی هەیكەلی خانوو.
"كارەكەمان هێز و لێهاتویی زۆری دەوێت، رەنگە عارەقەی زۆر بكەیتەوە و ئازاریشت پێبگات، بەڵام زیاتر لەبارەی پیشەكەوە فێر دەبێت، ئەوەی من دەیكەم كارێكی شایستە و سەرچاوەیەكی دابینكردنی بژێوی خێزانەكەمە" حسێن جاسم محەمەد، وای وت.
حسێن چەند مانگێكە لەگەڵ 85 كرێكاری دیكەدا لە پرۆژەی نۆژەنكردنەوەی بازاڕی سەوزە و میوەی قەزای حەویجە كاردەكات، كە بەرنامەی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ پەرەپێدان (UNDP) جێبەجێیدەكات.
لە بەرانبەر ئەو كارەدا، هەر كرێكارێك رۆژانە بڕی 20 دۆلار (نزیكەی 30 هەزار دینار)ـی پێدەدرێت، كارەكانیشیان بەپێی شارەزایی و لێهاتوویی دابەشدەكرێت.
نەجیبە تەها محەمەد (40 ساڵ)، كرێكارێكی دیكەیە لەو پرۆژەیەدا، بەوپێیەی تازەیە لەو كارەدا و شارەزایی زۆری نییە، بۆیە زۆربەی جار كاری پاككردنەوە دەكات، لە كاتژمێر 7ـی بەیانییەوە تا كاتژمێر 2ـی دوانیوەڕۆ لەوێیە، ئەوەش كاتێكی زیاتری بۆ دەڕەخسێنێت تا زوو بڕواتەوە بۆ ماڵەوە و لەگەڵ منداڵەكانیاندا بێت.
ئەو پارەیەی نەجیبە دەستی دەكەوێت، زۆربەی بۆ كڕینی خۆراك و دەرمانی هاوسەرە نەخۆشەكەیی و خەرجی چوار منداڵەكەی دەڕوات، لەگەڵ نۆژەنكردنەوەی خانووەكەیاندا، كە كاتی شەڕ زیانی بەركەوت، بژێوی خێزانەكە لەسەر نەجیبەیە و تائێستا كەلوپەلی ناوماڵی كڕیوە و كەمێك لە خانوەكەی چاككردۆتەوە.
"پرۆژەی پێدانی پارەی كاش لە بەرانبەر كاركردندا دەرفەتێكی باشە، چونكە ئێمە لە یەككاتدا هاوكاردەبین بۆ دوبارە بنیاتنانەوەی دامەزراوەكانی حەویجە و هەروەها پارەشمان دەستدەكەوێت" نەجیبە تەها محەمەد وادەڵێت.
داعش لە حوزەیرانی 2014ـدا دەستیگرت بەسەر سێیەكی پارێزگای كەركوك لەوانە قەزای حەوجیە، ناحیەكانی زاب، رەشاد، عەباسی، ریاز و موڵتەقا، تا تشرینی یەكەمی 2017 ئەو ناوچانە لەلایەن هێزە عیراقییەكانەوە كۆنتڕۆڵكرانەوە.
كرێكاریی لە بازاڕی سەوزە و میوەی حەویجە كاتییە، بۆیە حسێن جاسم لە داهاتەكەی ماتۆڕسكیلی كڕیووە بۆ كاری گەیاندن (دیلیڤەری)، چونكە پێیوایە ئەو كارەی بەردەوامدەبێت و لەگەڵ كردنەوەی دوكان و بازاڕی زیاتر و گەڕانەوەی ئاوارەكانیشدا، قازانجی باشتری دەبێت.
ئەو دەڵێت "ساڵانێكە لە كرێكاری بیناسازیدا كاردەكەم و نابێتە هۆی دابینكردنی داهاتێكی جێگیر، ئەوە كار و پیشەیەكی ئاسایی نییە، سێ مانگی دیكە كارەكانمان لێرە (نۆژەنكردنەوەی بازاڕی سەوزە و میوەی حەویجە)ـش كۆتاییدێت".
حسێن دوای كرێكارییەكەی تەنیا ماوەی یەك كاتژمێر پشوو دەدات، دواتر بە ماتۆڕسكیلە نوێیەكەی تا چوار كاتژمێری دیكە كاری گەیاندن و گواستنەوەی شتومەك دەكات، لەوەشدا رۆژانە لانیكەم 10 دۆلار (نزیكەی 15 هەزار دینار)ـی دەستدەكەوێت.
هاوشێوەی حسێن، تارق موسا سلێمان (42 ساڵ)، بەشێك لە داهاتی كرێكارییەكەی لە پرۆژەی نۆژەنكردنەوەی بازاڕی مۆبایلی زیرەك لە حەویجە، بۆ وەبەرهێنان لە كشتوكاڵدا خەرجدەكات، بە ئامانجی ئەوەی سەرچاوەیەكی بژێوی جێگیر بۆ خێزانە حەوت كەسییەكەی دابینبكات.
"پێنج منداڵەكەم هێشتا دەخوێنن، پێویستە بەردەوام كاربكەم تا پشتیوانییان بكەم، بۆیە بیرێكم لێداوە و بە داهاتی خۆم كێڵگەیەكی كشتوكاڵیم دروستكردووە بۆ چاندنی تەماتە، خەیار و سەوزەواتی دیكە كە بتوانم لە بازاڕدا بەرهەمەكەی بفرۆشمەوە" تارق وای وت.
پێویستە تارق تا مانگێكی دیكە كرێكاری بكات و زۆر دڵخۆشە بە توانای كێڵگە كشتوكاڵییە بازرگانییەكەی خۆی.
"هەمیشە حەزم بە كاری كشتوكاڵی و كێڵگە بووە" حسێن بيرى رابردوى دەكەوێتە كاتێك سەرقاڵیی بەرهەمی گەنم بون، دەڵێت "كشتوكاڵ كاری جددی و ئارامگرتنی دەوێت، دواتر بەرهەمەكەی دەچنیتەوە".
پرۆژەكانی (بەرنامەی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ پەرەپێدان) بە ئامانجی بنیاتنانی توانای خۆڕاگری، لەڕێی پرۆژەكانی نۆژەنكردنەوەی بازاڕی سەوزە و میوەی حەویجە كە 139 دوكان لەخۆدەگرێت لەگەڵ بازاڕی مۆبایلی زیرەك كە ئەوەش 30 دوكانە، ئەو پرۆژانە بە دەستی كرێكاری ناوچەكە جێبەجێدەكرێت.
پرۆژەی بنیاتنانی خۆڕاگری لە شوباتی 2023ـەوە هەلیكاری بۆ پێنج هەزار و 500 كەس رەخساندووە، مینحەی كاشی بۆ زیاتر لە هەزار و 600 خێزان دابینكردووە كە ژنان سەرۆك خێزانن، راهێنانی كارامەیی بۆ هەزار و 120 كەس كردۆتەوە و نزیكەی دوو هەزار و 350 خانوی نۆژەنكردۆتەوە.
سەرچاوە: UNDP