"گرێبەستی هاوسەرگیری بۆتە رۆتین"
داوای دەرچواندنی رێنمایی نوێ یان هەمواری یاسای باری کەسیەتی دەکرێت

سلێمانی/ 2023/ بینای دادگای سلێمانی. فۆتۆ: ئەحمەد مستەفا

ئەحمەد مستەفا

دادگاکانی هەرێمی کوردستان شاهیدی قەرەباڵغی لە گرێبەستە هاوسەرگیرییەکانن، کە زیاتر لە 15 گرێبەستی هاوسەرگیری لە یەک دادگادا لە یەک رۆژدا ئەنجام دەدرێت و زۆربەی گرێبەستەکانی هاوسەرگیریش بەپەلە و بە رێکاری رۆتینی ئەنجام دەدرێن، بەبێ ئەوەی توێژەری کۆمەڵایەتی سەیری ئەو گرێبەستانە بکات بۆ دڵنیابون لەوەی کە هەردو لایەنەکە، ئامادەن بۆ هاوسەرگیری و رادەی گونجانی کۆمەڵایەتی نێوانیان.

نەبونی رێسایەکی یاسایی کە بنەمای گونجانی کۆمەڵاتی و ئامادەیی دەرونی و کۆمەڵایەتی و کولتوری ژن و مێردەکە بۆ هاوسەرگیری دیاری بکات، هەروەها تێکچونی رۆڵی توێژەری کۆمەڵایەتی لە دادگاکانی باری کەسیەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسی داواكار بۆ هاوسەرگیری پێشوەختە و جەنجاڵبونی دادگاکان بە گرێبەستی هاوسەرگیری بەبێ هیچ لێکۆڵینەوە و پلانێک، کە دەبێتەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی، زۆرجار دەبێتەهۆی جیابونەوە و کێشەی خێزانیی، ئەوەش وایکردوە داواکاری بۆ دەرچواندی ڕێنمایی نوێ یان لانیکەم، هەموارکردنەوەی یاسی باری کەسیەتی پێشنیار بکرێت. ئەمەش لەلایەن ئەندامێکی داواکاری گشتییەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی دادوەری کراوە لە هەرێمی کوردستان.

(ز.ج) تەمەنی 25 ساڵە و خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە، گەنجێکی دانیشتوی سنوری پارێزگای سلێمانییە. بە پیشە سەرقاڵی کاری حەماڵییە لە عەلوەی شارەکە. ئەو پاش ئەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری لەگەڵ کچێک تۆمارکردوە جیابۆتەوە، ئەوەش لەسەر ئەوەی کچەکە پاش پرۆسەی گرێبەستی هاوسەرگیری پەشیمان بۆتەوە لەوەی کە (ز.ج) حەماڵی دەکات.

بە وتەی (ز.ج) لە ماوەی ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەی کە تەنیا ماوەی دو رۆژیان ویستوە کاتێک پرۆسەی هاوسەرگیرییان ئەنجامداوە و لەو ماوەیەشدا قسەیەکی خێر نەبێت، هیچ توێژەرێکی کۆمەڵایەتی و یاسایی رێنمایی نەکردون، تا هەردولا ئاشنای بەرپرسیارێتی نێوانیان بن.

 فەرمان حەسەن، پارێزەری کارا کە ماوەی دە ساڵە کار لە کەیسە باوەکانی دادگا دەکات، لە بارەی رێکارەکانی ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیری دەڵێت "کەسانی خوازراو پاش پێشکەشکردنی داواکاری بە دادگا و پشکنینی جەستەیی و خوێن، دەگەڕێنەوە بۆ نێو دادگا بەپێی گرێبەستێکی یەک لاپەڕەیی پاش نوسینی مافە کەسییەکانی (بڕی مارەیی و تەندروستی) لەبەردەم دادوەری دادگای باری کەسیەتی گرێبەستەکەیان بە فەرمی تۆمار دەکرێت و بەهاوژینی یەک بڕیار لە بارەیانەوە دەدرێت".

دادگای باری کەسێتی بە یەکێک لە پێکھاتەی دادگا شارستانییەکان هەژمار دەکرێت. ئەم دادگایە لە ھەر شوێنێک دادگای بەرایی بونی ھەبێت،  دادەمەزرێت. دەکرێت بە بڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری ھەرێمی کوردستان دادگایەکی باری کەسیەتی بۆ سەیرکردنی جۆرێک یان زیاتر لە داواکان دابمەزرێت، ئەوەش لەژێر یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2015 یاسای هەمواری دوەمی جێبەجێکردنی یاسای باری کەسیەتی ژمارە 188 ی ساڵی 1959 ی هه موارکراو لە هەرێمی کوردستانی عیراق، بڕیار و سزا دیاری دەکات.

بەپێی یاسا لەپاش تۆمارکردنی داوای جیابونەوە، بەمەبەستی چاکسازی یان ئاشتەوایی، توێژەری کۆمەڵایەتی لەنێو دادگا رۆڵ دەگێڕێت. بەڵام پێش ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیری هیچ پسپۆڕێکی یاسایی و توێژەری کۆمەڵایەتی پەیوەندی نوسراو یان زارەکی لەگەڵیان ئەنجام نادات. پارێزەر فەرمان پێیوایە، "دەبێت پێش بڕیاردان لە پرۆسەی هاوسەرگیری ئامۆژگاری هەبێت بۆ هەردوو رەگەز، لەڕوی خێزان هەروەها ئاستی پێگەشتنی هەردولا".

dadga.grebast
نمونەیەك لە گرێەستی هاوسەرگیری لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان.

توێژەرێکی کۆمەڵایەتی لەنێو دادگای باری کەسی لە سلێمانی ئەوەی ئاشکراکرد کە "یاسا رێگەی نەداوە توێژەری کۆمەڵایەتی دیدار لەگەڵ کەسانی خوازراو ئەنجام بدات پێش تۆمارکردنی گرێبەستی هاوسەرگیری".

 فەرمان حەسەن-ی پارێزەر پشتگیری ئەو رێگەپێنەدانەی یاسا دەکات و دەڵێت "ئامادەکاریی پێشوەختە پێویسترە وەک لە قورسکردن و وردکردنەوەی رێکارەکانی ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری"، چونکە بە وتەی ئەو، "یاسای باری کەسێتی هەردولا دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی".

یاسای باری کەسێتی هەردولا دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی

ناسک واحید، چالاکوان و داکۆکیکار لە مافی ژنان کە سەرۆکایەتی ڕێکخراوێک دەکات بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری کلتوریی و کۆمەڵایەتی بە ژنان، پێیوایە "جۆرێک لە فشارخستنە سەر دەرونی تاک ھەیە بۆ ھاوسەرگیری کە دەتوانین ناوی بنێین فشار و زۆرەملێ و ھاندانی ناڕاستەوخۆ بۆ ھاوسەرگیری، بە نمونە تێڕوانینی خراپ و بەزەییانەی  کۆمەڵگا بۆ کچ و کوڕێک کە درەنگ ھاوسەرگیری دەکەن، پیاھەڵدان و وەسفکردنی ئەو کچ و کوڕانەی کە زوتر ھاوسەرگیری دەکەن و بە سەرکەوتوو و خاوەن کەسێتییان دەزانن ئەمە خۆی لەخۆیدا ھاندان و فشارێکی ھەڵەی ناڕاستەوخۆیە کە وا لە زۆرینەی گەنجەکان دەکات کێبڕکێ بکەن کە کامیان زوتر ھاوسەرگیری بکەن".

ئەو چالاکوانە لەبارەی ئامادەیی کوڕ و کچان بۆ هاوسەرگیری لە دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆر جار کوڕەکان وەک تاکێکی ئەوروپی یان ئەکتەرێکی فیلمەکان خۆشەویستی و دڵداری دەکات و کۆمەڵێک خەیاڵ و خەونی رەنگاو و ڕەنگ لە سەری کچێکدا دروستدەکات، بەڵام کە پرۆسەی ھاوسەرگیری ئەنجامدا دەیەوێت بە ھەمان عەقڵیەتی بابەگەورەی مامەڵە لە ھاوسەرگیریدا بکات و، ھەموو خەونە ڕەنگاوڕەنگە دروستکراوەکانی سەری کچەکە دەگۆڕێت بۆ ڕەش".

 ناسک لەگەڵ ئەوەیە کچ ئازاد بێت و ئەگەر پێویست بکات ڕێنمایی و هەمواری یاسا بکرێت یان توێژەر هەڵسەنگاندن بۆ داوای هاوسەرگیرییان بکات تا پێش لە جیابونەوە بگیرێت لە ئەنجامی تێنەگەشتن و پێنەگەشتن.

بەپێی ئاماری ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2020دا 7566 خێزان هەڵوەشاونەتەوە و هاوسەرەکان لەیەکتر جیابونەتەوە. هەروەها لەساڵی 2021 لە هەرچوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بە کەرکوک و گەرمیانەوە، 11هەزار و 672 خێزان لێکهەڵوەشاونەتەوە. هەروەها بە گوێرەی ئامارەكان ساڵی  2022 لە هەرێمی كوردستان لە هەر چوار پرۆسەی هاوسەرگیری، یەکێکیان بە جیابونەوە كۆتایی پێهاتوە و، ڕێژەی جیابونەوەش زیاتر لە ناو شارەكاندا تۆماركراون. بەجۆرێک تەنیا لە هەشت مانگی ساڵی 2022دا 9557 داوای جیابونەوە لە دادگاکانی باری کەسیەتی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.

هاوکات بۆ ساڵی 2023، بەوتەی ئەندامێکی داواکاری گشتی سلێمانی لە دادگای  سێی لێکۆڵینەوە، تەنیا لە ماوەی پانزە رۆژدا و لە 1/1/2023  بۆ 15/1/2023 لە یەک دادگای باری کەسی لە سلێمانی، 300 داواکاری بۆ جیابونەوە تۆمارکراوە.

  ئاماری هەشت ساڵی پێشوتری تەڵاق و جیابونەوە:

 ساڵی 2012/ 6079 دۆسیەی تەڵاق و جیابونەوە هەبوە.

 ساڵی 2013/  6417 دۆسیەی تەڵاق و جیابونەوە هەبوە.

 ساڵی 2014/ 8777 دۆسیەی تەڵاق و جیابونەوە هەبوە.

 ساڵی 2015/ 8621 دۆسیەی تەڵاق و جیابونەوە هەبوە.

 ساڵی 2016/  6250 دۆسیەی تەڵاق و جیابونەوە هەبوە.

 ساڵی 2017/ 6271 دۆسیەی تەڵاق و جیابونەوە هەبوە.

 ساڵی 2018/ 9192 دۆسیەی تەڵاق و جیابونەوە هەبوە.

ساڵی 2019/ 10883 دۆسیەی تەڵاق و جیابونەوە هەبوە.

 

(ن.و) یەکێکە لەو ژنانەی پاش هێنانەدونیای منداڵیش، لە هاوسەری یەکەمی جیابۆتەوە و ئێستا دوبارە هاوسەرگیری کردۆتەوە. ئەو وتی، "غەریزە سێکسییەکان و حەزم بۆ جوتبون وایکرد، کە بۆ تێرکردنیان هاوسەرگیری بکەم، لە ماوەی ئەو پرۆسەیەشدا هیچ توێژەرێکی کۆمەڵایەتیم لەسەر ئاستی تاک نەبینیوە".

(ن.و) لە پاش هاوسەرگیری منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەتی لە هاوسەری یەکەمی لەدایکبوە، بەرپرسیارێتی و قورسی هاریکاری نەکردنی یەکتری لە بەخێوکردنی منداڵەکەدا وایکردوە تێگەشتنی هاوبەش دروست نەبێت. پەرەسەندنی کێشەکان ناچار بە جیابونەوەی کردون. وتیشی "حکومەت پێی قورسە دۆسیەی کوڕ و کچان پێش هاوسەرگیری لەئەستۆ بگرێت و لەڕێگەی توێژەر و پسپۆرانەوە بەتاک کوڕ و کچان ببینن یان دەرفەتی ژوری تایبەت بۆ هەریەکێکمان دروست بکات". 

پارێزەر فەرمان حەسەن، پێی وایە "دەبێت هەر پرۆسەیەکی پەیوەست بە زەواجەوە زو بدات بەدەستەوە، نابێت ڕێکار و تاقیباتی زۆری تێدابێت، یاسا پێویستییەکانی پرۆسەی هاوسەرگیری دیاری کردوە و رێکارەکانیش دادگا ئەنجامی دەدات. بۆیە لەم ڕوە یاسا پەراوێز نەخراوە، بەڵام دەکرێت باس لە هەندێک موخالەفە بکەین، لەوانەش کە (موراعاتی بەندە یاسا ییەکان ناکرێ). بە نمونە  ( هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگا، هاوسەرگیری تەمەن منداڵ ، فرەژنی) ئەمانە هەموی لە دەرەوەی دادگا ئەنجام دەدرێن و گرفتی گەورەیان دروستکردوە و هیچ ڕێکارێک نییە بۆ رێکخستنیان".

ئەو پارێزەرە چەند نمونەیەکی بەهۆکاری بەرزبونەوەی ڕێژەی جیابونەوە هێنایەوە، لەوانە لەپڕ کرانەوەی کۆمەڵگە بەروی تەکنەلۆجیا و ئینتەرنێت و شێوازی بەکارهێنانی، گرانی تێچوی بەڕێوەچونی خێزان، نەبونی رۆشنبیری و ئامادەنەبونی تاک بۆ ئارامگرتن و ئیدارەدانی خێزان لە دۆخی سەختدا.

باوترین ئەو کەیسانەی کە ئێستا لەدادگا هەن بریتین لە کێشە لە نەبونی بڕوانامەی هاوتا، کێشەی لەچک، جلوبەرگ گۆڕین، سەردانی ماڵی خەزور، چونە دەرەوە، ئیهانەکردن، توندوتیژی و، گۆڕینەوەی هاوسەر. بە وتەی توێژەرێکی دادگا "زاوایەک تەنیا لەبەر ئەوەی خەزوری پێی وتوە ئەم چاکەتەت چییە لەبەرتا وەرە با چاکەتێکی ترت بۆ بکڕم، کاکی زاوا هاتوە بۆ دادگا و ئەمە بە ئیهانە تێگەشتوە وتویەتی لە هاوسەرم جیا دەبمەوە، چونکە لەناو خەڵکا خەزورم منی (سوک) کردوە".

باوترین ئەو کەیسانەی کە ئێستا لەدادگا هەن بریتین لە کێشە لە نەبونی بڕوانامەی هاوتا، کێشەی لەچک، جلوبەرگ گۆڕین، سەردانی ماڵی خەزور، چونە دەرەوە، ئیهانەکردن، توندوتیژی و، گۆڕینەوەی هاوسەر

بەوتەی سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان، دۆسیەکانی جیابونەوە لە دادگاکاندا زۆرن، بەڵام ژمارەیەک لەو دۆسییەیانە دادوەرەکان ئاڕاستەی لای توێژەرەکانی کۆمەڵایەتی دەکەن، ئەوانیش لانیکەم ڕۆژانە سێ کەیسی نوێ دەبینن، کە هەوڵی چاکسازی و نەگەیشتن بە بڕیاری کۆتایی جیابونەوەیان دەدەن.

هۆکارێکی زۆر بۆ دیوی دوەمی قەرەباڵغی نێو دادگاکان بۆ جیابونەوە دەخرێنەڕو، بەنمونە (هۆشیاری خەڵکی زیادی کردوە بەرامبەر بە یاسا و چاوکرانەوە بۆ مافەکانی، خەڵکانێکی زۆر پرسیار دەکەن کاتێک ناحەقیان لەبەرامبەر دەکرێ، رۆژگاری ئەمرۆ خەڵک ئەوەندە ئەحتیاجی نییە تا بەدەم کێشەکانییەوە دابنیشێت).

لە جیهاد عومەر ڕێشاوی، توێژەری کۆمەڵایەتی لە دادگای باری کەسیەتی سلێمانی-م پرسی لاپەڕەیەکی ئەی فۆڕ کە هەموی کۆ بکەیتەوە 100وشەیە، ئایە ئەوە ژن و پیاو دەگەیەنێت بە ژیانێکی سەرکەوتوو، ئەو ئاماژەی بەوەکرد، "دادگا پێی وایە، شوێنی ڕێکخستن و ئامۆژگاریکردن و ڕێککەوتنی کەسەکان نییە، بەڵکو لە روی یاساییەوە شوێنی یەکلابونەوەی کێشە و بەیەک گەشتنی کەسەکانە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە لە دەرەوەی دادگا دروستبوە دەبێت فەرمانگە یان دامەزراوە هەبێت، ڕۆڵی لێکۆڵینەوە و ئامۆژگاریکردنی پێش پرۆسەی هاوسەرگیری ببینێت، تا بزانرێت ئەو دو کەسە تاچەند گونجاون بۆ یەک، یان رادەی سەرکەوتنی پرۆسەکە لە نێوانیان تا چ ئاستێکە".

dadga.jyabunawa
ئاماری هاوسەرگیری، تەڵاق و جیابونەوە و رێپیدان بە ژنی دووەم بۆ ساڵی 2021. 

سەنتەری ڕاوێژکاری خێزانی کە ئێستا لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە کراوەتەوە و سەرپەرشتی دەکرێت، بەکۆی 12کاتژمێر وانە بەو کوڕ و کچانە دەڵێنەوە، کە دەچنە پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە، بەڵام بەوتەی جیهاد، "ئەم پرۆسەیە سەرجەم کوڕ و کچان لێی سودمەند نین بەڵکو لەکاتی فەحسی خوێن لێیان هەڵدەبژێرن، ئەمەش هەوڵێكی زۆر بچوکە، کە ناتوانێت تەختیەی هەمو ئەو داوایانە بکات کە دەچنە نێو پرۆسەی هاوسەرگیری، بەهۆی ئەوەی کارمەندەکانیان خۆبەخشن و ستافیان کەمە".

"گرێبەستی هاوسەرگیری ئێستا تەنیا مارەی و تەڵاقی تێدایە، ئەگەر بێت و خولی گەشەپێدان هەبێت، پاشتر توێژەرێکی کۆمەڵایەتی بیان بینێت ئەوکاتە هەردولا بابەتەکە زۆر بە قورس و  گرنگ وەردەگرن، نەک لەبەرامبەردا کە هاوسەرەکان ئێستا لێیان دەپرسین نازانن گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەیان لەکوێیە، کە ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە گرێبەستەکە هەر لە بنەرەتدا بە نرخ نەبوە لەلایان"، جیهاد ڕێشاوی وای وت.

دکتۆر عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی هەرێمی کوردستان بەشداری لەم راپۆرتەدا کرد و ئەوەی خستەڕو، "لە ئاینی ئیسلامدا پرۆسەی هاوسەرگیری پیرۆزە و خودای گەورە بە گرێبەستی توند ناوی هێناوە، لە هەرێمی کوردستانی خۆشمان پرۆسەکە سێ دیوی هەیە (یاسایی، ئاینی و کۆمەڵایەتی)، لەروی ئاینییەوە هەندێکجار مامۆستایان پێش دادگا پرۆسەکە بۆ کچان و کوڕان ئەنجامدەدەن، کە ئێمە بەردەوام داوامان لە مامۆستایانی ئاینی کردوە، پشکنین بکەن و ئامۆژگارییان بکرێ پاشتر بڕیار لە گرێدانیان بدرێت".

سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی هەرێمی کوردستان پێی وایە، "پێویستە دایک و باوکی، کوڕان و کچان لەڕوی کۆمەڵایەتییەوە یارمەتیدەدەر بن، چونکە ئەو کوڕ و کچانە تەمەن و ئەزمونیان لەو ئاستەدا نییە کە ڕاستەوخۆ دەستبەرداریان ببن، خودای گەورە ئەو رۆڵەی بە خێزان داوە کە لەنێوان کوڕان و کچانی تازە هاوسەردا یارمەتیدەر بن".

بەوتەی عەبدوڵڵا وەیسی، ڕێژەی تەڵاق وردە وردە زیاتر دەبێت، ئەو ئاماری هەشت مانگی ساڵی 2022ی بە نمونە هێنایەوە و کە لەو ماوەیەدا، نۆ هەزار 557 داوای جیابونەوە لە دادگاکانی باری کەسیەتی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. بەوتەی عەبدوڵلا وەیسی ئەمە وایکردوە، "کوڕەکە سەرگەردان ببێت و ئەگەر منداڵیش لەنێوانیاندا هەبێت ئەوە منداڵەکەش سەرگەردان ببێت، هەروەک بۆ ژنەکەش قورسە دوبارە بتوانێت ژیان لەگەل کەسێکی دیکە پێک بهێنێتەوە".

 بەوتەی عەبدوڵلا وەیسی، ئەوان لەلایان کێشە ئەوەنییە، کە گرێبەستی هاوسەرگیری یەک لاپەڕەیە و  ماوەی 30خولەک دەخایەنێت بەڵکو ئەو پێی وابو، هۆکارەکانی بەرزی ڕێژەی جیابونەوە بریتین لە، (پەلەکردنی گەنجان لە ئەنجامدانی هاوسەرگیری، گەنجان لەروی جەستییەوە ئامادە نین، بەشێکی گەنجەکان گرفتی ئابورییان هەیە، خێزانەکان تەداخولی ژیانیان بکەن)، گرفتی پاش ئەمەش گەورەترە، کە لەپاش پرۆسەکە دەردەکەون و دەبنە گرێی کۆمەڵایەتیی و کاریگەری گەورەیان هەیە لە لێکترازانی خێزان.

لەو حاڵەتەشدا، ئەگەر لێکتێنەگەشتن لەنێوان هەردولا رویدا، ئاینی ئیسلام ڕێنمایی کردوین کە کەسێکی نزیکی کوڕەکە و کەسێکی نزیکی کچەکە هەوڵی ئیسڵاح "ئاشتەوایی" بدەن لەنێوانیاندا، بەو مەرجەی ئەو دو کەسە ئاشتی خوازبن و هەوڵی ئاشتەوایی بدەن.

ئەگەر لێکتێنەگەشتن لەنێوان هەردولا رویدا، ئاینی ئیسلام ڕێنمایی کردوین کە کەسێکی نزیکی کوڕەکە و کەسێکی نزیکی کچەکە هەوڵی ئیسڵاح "ئاشتەوایی" بدەن لەنێوانیاندا

سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئاینی هەرێمی کوردستان پێشنیاری کرد، بەشێک لە کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان بە یاسا ڕێکبخرێن، چونکە بەوتەی ئەو، "ئەو یاسایانە ئێستای باری کەسیەتی بەرکارن جێگەی رەزامەندییانە، و مامۆستایانی ئاینیش درێغیان نەکردوە، بەڵکو دەبێت لەم قۆناغەدا باس لە گونجاندن بکرێت نەک دو کەس بیانەوێت وەک یەک بن کە ئەمە هەرگیز رونادات".

(ش.ع) تەمەنی 23ساڵ یەکێکە لەو کەسانەی پاش گرێبەستی هاوسەرگیری روبەروی توندوتیژی بۆتەوە باس لە ڕێکارەکانی ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری دەکات، ئەو دەڵێت، "لە ئەنجامی بینینی کەسێک پەیوەندیی لەنێوانیان دروستبوە پاش رەزامەندی خانەوادەی هەردولا بۆ بون بە هاوژینی یەکتر، تەنیا ماوەی دو رۆژیان پێچوە کە کاتێک گرێبەستەکەیان کردوە بە یاسایی، رۆژێک بۆ پشکنین و رۆژێک بۆ واژۆکردنی دادوەر و بەدەستهێنانی گرێبەستی هاوسەرگیری".

ئەو لە ئەنجامی گفتوگۆیەک لەگەڵ هاوسەرەکەی روبەروی لێدان بۆتەوە.. زۆرجار ویستویەتی بچێتەوە ماڵی دایکی و هەندێکجاریش داوای چونەوە دەرەوەی کردوە، بەڵام هاوسەرەکەی ڕێگەی پێ نەداوە، ئەو ئەوەی ئاشکراکرد، "لە سەروبەندی پێکهێنانی خێزان و تۆمارکردنی گرێبەستی هاوسەرگیری جگە لە قسەی کەسوکاری، هیچ پسۆرێکی یاسایی و توێژەر بەرچاو رونی پێ نەداون لە کاتی تۆمارکردن و پشکنینەکانی بەڵێننامە و گرێبەندی هاوسەرگیری، پاش ئەوەی روبەروی لێدان دەبێتەوە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە، وای لێدەکات لەلای پۆلیسی سکاڵا بکات و هەنگاوی کردەیش بۆ دادگا بنێت بە مەبەستی جیابونەوە".

ناسک واحید-ی چالاکوان، لەبارەی جیابونەوەی هاوسەران رایەکی جیاوازتری هەیە و دەڵێت، " ڕاستییەک ھەیە دەبێت ھەموان بیزانین و لێی تێبگەین ئەویش ئەوەیە سەرەڕای ئەوەی کە جیابونەوە ڕێکارێکی ناخۆشە، بەڵام بڕیارێکی باشە چونکە جیابونەوە بەدیلی کێشەی خراپترە و بۆ چارەسەری کێشەی گەورەترە". ئاماژە بەوەشدەکات، " ئێمە لە پرۆسەی ھاوسەرگیریدا مرۆڤ لە قاڵبێکی ئەبەدی ئەدەین، بۆ نمونە چەندەھا ژن ھەن کە پێش ھاوسەرگیری سەردانی ھاوڕێی خۆی کردوە و گەشتی کردوە، بەڵام دوای ھاوسەرگیری ڕێگری ھەمو ئەمانەی لێ دەکرێت و سەرجەم ویستە زەوت دەکرێت، ھەر بۆیە لەو پرۆسەدا ھەست بە خنکان دەکات".

لە بارەی ئەوەی دادگا رۆڵی  بە توێژەرانی کۆمەڵایەتی نەداوە، کوڕ و کچان داواکار بۆ گرێبەستی هاوسەرگیری ببینن، جیهاد عومەر ڕێشاوی پێی وایە، "رێکارەکە کۆمەڵایەتییەن هەڵەیە" پێشی وابو دەکرێ لەڕێگەی ستافی زیاترەوە دادگا رۆڵی ڕێنمایی و ئامۆژگاری ببینێت، بەڵام بەم ستافە کەمەی ئێستا ناتوانن، چونکە ئێستا لەکۆی 10دادگای باری کەسیەتی تەنیا لە سنوری سلێمانی سێ توێژەری کۆمەڵایەتی تێیاندا کاردەکەن.

ئەو توێژەری کۆمەڵایەتییە وتیشی، "لە راستیدا هەر شکڵی گریبەستی هاوسەرگیرییەکە زۆر ناشرینە، جگە لەوەی بێ زانیارییە زۆرجار هەر ناخوێندرێتەوە". دەکرێ زۆرێک لە بڕگە و ماددەکانی یاسای باری کەسی بکرێتە نێو گرێبەستەکەوە، چی وەک ڕێنمایی یان وەک پابەندێتی، بەوپێیەی دامەزراوەکانی حکومەت نەیانتوانیوە خەڵک ئاڕاستە بکەن بۆ گونجاندن، لەکاتێکدا ئەم دامەزراوە میرییانە کاریان زۆر پێ دەکرێت، دەبو کاریان لەسەر ئەوەبکردایە چۆن خێزان ڕێکبخەن و یەکبخەن".

لە راستیدا هەر شکڵی گریبەستی هاوسەرگیرییەکە زۆر ناشرینە، جگە لەوەی بێ زانیارییە زۆرجار هەر ناخوێندرێتەوە

دادوەر چنار عەبدولقادر، ئەندامی داواکاری گشتی سلێمانی یەکێکە لەو پسپۆرانەی کە لەساڵی 1997ەوە لە دادگای باری کەسیەتی کاردەکات و پێشنیاری دەرکردنی ڕێنمایی نوێ و دەستکاریکردنی ناوەرۆکی گرێبەستی هاوسەرگیری هەیە، لە کۆتا ئەگەردا هەمواری یاسەکەش وە ئەگەرێک بۆ چاکسازی دەهێنێتەوە، ئەو لەبارەی پرۆسەکەوە ئاماژەی بەوەکرد، "ئیجرائاتەکانی ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیری بۆتە ڕۆتینێک، تەنیا مەبەست لێی ئەنجامدانی پرۆسەکەیە، ئەو ئاسانکارییەی لە پرۆسەی هاوسەرگیری هەیە، هۆکارە بۆ ئەو ئامارە شۆکهێنەرانەی رۆژانە لەبارەی داوای جیابونەوە و لێک هەڵوەشاندنەوەی خێزان دەیبینین".

خوازیاران تێگەشتنێکی بەهێزیان نییە، لەسەر بناغەکردنی خێزان لەناو کۆمەڵ و لێکەوتە و بەرپرسیاربون بەرامبەری، بەپێچەوانەی ئەوەی تەنیا بیریان لەلای ئەوەیە کوڕەکە کچەکەی خۆش دەوێت و هاوسەرگیری بکەن، کە ئەوە هیچ تێگەشتنێک دروست ناکات بەرامبەر ئەوەی بزانن چی لەسەر شانیانە چی مافیانە، ئەگەر لەبەرامبەر ئەمەدا هۆشیاری یاساییان پێ بدرێت و یاساکانی بەردەمیان بخرێتە پێش چاو ئەوکات سڵ دەکەنەوە و ناتوانن بیگەیەنن بە خاڵی کۆتایی، چونکە ئەو دو کەسە زۆر بەئاسانی گرێبەستی هاوسەرگیریان کردوە، واش خەیاڵ دەکەن دەست لەیەکبەردانیان ئاسان بێت.

ئەو ئەندامەی داواکاری گشتی لەبارەی ئەو دۆسیەیانەی هاتوەتە لایان ئاماژە بەوەدەکات "هەمو دۆسیەکان تا زەواج ڕێک بون، بەڵام لە پاش زەواج بۆ هەردولا دەرکەوتوە کە ناتوانن بگونجێن پێکەوە. لەم پرۆسەیەشدا دەرکەوتوە نە لە پێش زەواج نە لەدوای زەواج پشت بە توێژەی کۆمەڵایەتی نەبەستراوە ، تەنانەت ئێستا داوای جیابونەوەی پێش گواستنەوە و دوای گواستنەوەشمان هەیە، کە ئامارەکانی زۆر ترسناکن".

دادوەر چنار عەبدولقادر وەڵامی بۆچونە یاسایی و ئاینییەکان دەداتەو و دەڵێت، "ئەزمون زۆر گرنگە، پێم وانییە بەڕێز پارێزەر و بەڕێزان مامۆستایانی ئاینی تێگەشتنی قوڵیان بۆ بابەتەکە هەبێت، خاڵێک نییە لە جۆرەکانی توندوتیژی لەنێو خێزانی کورد روینەدابێت سەرجەم جۆرەکانی توندوتیژیمان تۆمارکردوە، هەر داوا و خاڵێکی کۆمەڵایەتی بتەوێت بەسەر گشتدا پەیڕەوی بکەیت و بیسەپێنێت، دەبێت بە یاسا بێت، دەکرێت سود لە بۆشایی و خاڵەکانی ناو یاسای باری کەسی وەربگیردرێت، کە تائێستاش لەنێو گرێبەستی هاوسەرگیری یان دانەنراون یان پەراوێزخراون".

"من ئێستا لەگەڵ دەرچواندنی ڕێنمایی نوێم، یان لە دواخاڵی کەمدا هەمواری یاساکە، ئەمەشم  بە نوسراو ئاراستەی ئەنجومەنی دادوەری کردوە ە بەنمونە بۆم رونکردونەتەوە کە دەبێت بڕگەی نوێی بۆ زیاد بکرێت و رونکردنەوە لە بارەی هەندێک ماددە و بڕگە بدرێت".

بە وتەی ئەو ئەندامەی داواکاری گشتی "لەنێو یاسایەکەدا هاتوە کە دەبێت مێرد، سەرجەم بڕی ئاڵتون و پێشەکی بۆ ژن بکات، بەڵام لە گرێبەستدا بە پێشەکی و پاشەکی ئاماژە بەو بابەتە کراوە، کە واتێگەشتن کراوە ئەمە یاساکە وای رێکخستبێت".

ئەو دادوەر باس لە هەندێک روداوی نێو دۆسییەکان دەکات کە هەندێک لە هاوسەران(کوڕ) بەس بە وتن وتویانە، ئاڵتون دەکەین، بەڵام ئەو وەک دادوەرێک ئەمەی ڕاگرتوە، تا وەسڵی کڕینی ئاڵتونی کچەکەیان بۆ هێناوە، چونکە بەوتەی خۆی "ئەوە مافێکی خۆیەتی(ژن) بەوەش ڕێگەم لەوە گرتوە لەپاش هاوسەرگیری کێشەیان بۆ دروست ببێت، لە ئەنجامدا کچەکە بە دڵێکی خۆشەوە هاتۆتەوە بۆ واژۆکردنی گرێبەستەکەی".

ئەو لەبارەی دۆسیەکانەوە دەڵێت، "هەندێک لە هاوسەران نیەتی دروستکردنی خێزانێکی تۆکمەیان نەهێناوەتەوە بون، دۆسیەمان هەبوە، کە هاوسەر کاری بەدرەوشتی بە ژنەکەی کردوە، یان بە هاوسەرەکەی پاکبونەوەی قەرزی کردۆتەوە، بەرامبەر بەوەی پیاوی و ژنێکی غەیرە کاری ژن و مێردایەتی بکەن، ئەم کەیسانە زۆر قورسن، جۆرە توندوتیژییەکان شاهیدیان بۆ پەیدا نابێت، لەبەرانبەدا ژنان بەهۆی ئەم بابەتەوە کەیسەکانیان دۆراندوە".

"زۆرێک لەو کچانەی کە خێزان یان هاوسەر نایانگرنە خۆ دەخرێنە شێڵتەر، کەیسمان هەیە لەپاش ئەوەش کێشە یان گرفتی دیکەی دروستکردوە، شێڵتەرەکە وتویەتی پەنجەرە و تەلەفزیۆنی شکاندوە... من دەمەوێت لەوە بگەم بۆ دەبێت لەسەر یەک وەرەقە هەموژیان بنیاد بنرێت، بەڵکو با سێ لاپەرە بێت دەفتەرێک بێت با هەمو زانیارییەکانی هەردولایەنی لەسەر بێت  و،  باس لە ماددە  سزاییەکان بکات. هەرکات هاوسەران بزانن ئەوانە دەرئەنجامی توندوتیژییەکانیانە ئەوا هەرگیز دەست بۆ توندوتیژی نابەن...ئەم دۆخە ئەوەندە پێویست و هەستیارە چۆن پێویستە مناڵ فێری ئەلوفبێ بکرێت لە قۆناغی خوێندندا پێویستە بەهەمان دیزانین کۆمەڵێک یاسا فێر ببێت".

زۆرێک لەو کچانەی کە خێزان یان هاوسەر نایانگرنە خۆ دەخرێنە شێڵتەر، کەیسمان هەیە لەپاش ئەوەش کێشە یان گرفتی دیکەی دروستکردوە، شێڵتەرەکە وتویەتی پەنجەرە و تەلەفزیۆنی شکاندوە

"دەبێت مافەکان جێگیربکەین و وردەکاری ناو یاسای باری کەسی جێبەجێ بکەین، کەیسەکانی جیابونەوە لەسەر هۆکاری زۆر بەسیت داوای جیابونەوەیان پێشکەشکردوە، بۆیە من جەخت لە سود وەرگرتن لە وردەکاری ناو یاسای باری کەسێتی یان هەمواری یاساکە دەکەمەوە، ناکرێ بەهۆی هۆکارێکی بچوک خێزان بگەن بەوەی یەکسەر داوای جیابونەوە بکەن"، دادوەر چنار عەبدولقادر وای وت.

بەپێی ئەو رەشنوسەی دەست ئامادەکاری ئەم ڕاپۆرتە کەوتوە، لە ڕەشنوسی داواکارییەکانی ئەو ئەندامەی داواکاری گشتیدا کە ئاراستەی  سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان-ی کردوە، ئەوە هاتوە کە گرێبەستی مارەبڕین لە روی ڕواڵەت (شکلی) لەڕوی بابەت(مەوزوعی) بتوانرێت لەسەر بنەمای (یاسا و ئاین و دابونەریتی کۆمەڵایەتی) سود لە دەقە یاساییەکان وەربگیرێت و، ڕێنمایی نوێی پێ دەرچوێندرێت. ئەو ئەندامە پێشنیاری ژمارەیەک خاڵی کردوە، داوای لانیکەم هەموار یان پێداچونەوە بە ڕێنماییەکانی یاسایی باری کەسێتیشی کردوە، کە دیارترین لە گۆرانکارییەکان ئەمانەن: 

  • هەبونی وێنەی هەردولایەن لەسەر گرێبەست.
  • ناوی گرێبەستەکە یەکخراو بێت.
  • ئاماژەکردن بەتەواوی زانیاری هەردولایەن.
  • وەرگرتنی تەواوی حەقی پێشەکی و پاشەکی مارەیی، هەر لە سەرەتادا.
  • ئاماژەدان بە ئەرک و ماف.
  • هەمواری ئێستا باری کەسی لە روی (ماددە)، (ڕێکارەکان) نارێکی تێدایە.

(ز.ج) ئێستا لە دۆخێکی ناهەمواردایە، بەردەوام لە شارەزایی یاسایی و کەسانی بە ئەزمون دەپرسێ، مەبەستێتی ساتێک زوتر لەو دۆخە ڕزگاری ببێت کە پاش تۆمارکردنی گرێبەستی هاوسەرگیری توشی هاتوە. دادگاش بەمەبەستی ئاشتەوایی جارێک ڕۆژی دانیشتنی دادگایکردنەکەی دواخستوە، لەکاتێکدا ئەو لەگەڵ دەستگیرانەکەی "پێشوی" کە بەهۆی کاری حەماڵیەوە نەیوستوە، گەشتون بە بڕیاری کۆتایی و جیابونەوە.

ئەم راپۆرتە رۆژنامەوانییە بەپاڵپشتی دارایی INTERNEWS و GIZ بەرھەمھێنراوە

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT