فڕنەكەی رائید؛ چیرۆكی كۆڵنەدان و هیوا

رائید بە زەردەخەنەوە سەمونێكی بەرهەمهێنراوی فڕنەكەی نیشاندەدات فۆتۆ: UNDP

كەركوك ناو

فڕنەكەی رائید لە تەل عەتبە بەردەوام لە گەشەسەندندایە، سەرباری پاشەكشێی ئابوری بەهۆی لێكەوتەكانی شەڕی داعش، سەردەمی كۆرۆنا و پاشان مللانێی چەكداری لە ئۆكرانیا.

رائید (39 ساڵ) لە ناحیەی تەل عەتبەی نەینەوا (باشوری خۆرئاوای موسڵ) لە دایكبووە، خەونی ئەوەبووە فڕنێكی تایبەت بە خۆی هەبێت، تا ئەوكاتەی لەگەڵ خێزانەكەیدا ئاوارە دەبن و دوای گەڕانەوە، كاتێك نەینەوا لەژێر دەستی چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش" رزگار دەكرێت، پێیوایە كاتی گونجاوی بەدیهێنانی خەونەكەی هاتووە.

بڕیاردەدات بە كردنەوەی فڕنێكی سەمونی حەجەری، هەرزوو ناوبانگی بە ناوچەكەدا بڵاودەبێتەوە و كڕیار پەیدا دەكات.

"دەستپێكردنی كارێكی بازرگانی لە سفرەوە ئاسان نییە، بەڵام پێداگر بوم بۆ سەركەوتن لە پێناو خێزانەكەم و داهاتوماندا" رائید وای وت.

دەستپێكردنی كار

سەرەتا رائید لە دوكانێكی بچوكی بازاڕەوە دەستپێكرد، روبەڕوی تەحەددی زۆر بۆوە، بەتایبەت بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی ئارد، پێویست بوو رێگەیەك بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی ئیشەكەیی و لەهەمانكاتدا بژێوی خێزانەكەی بدۆزێتەوە، ئەو كۆڵی نەدا و بەردەوام بوو.

"دروستكردنی سەمون تەنیا پیشەیەك نییە بۆ من، بەڵكو حەز و خولیایە، كارەكەم خۆشدەوێت و دەمەوێت ببینم كە كڕیارەكانم تام و چێژ لە بەرهەمەكانم دەبینن".

raid nainawa (4)

رائید لە بەردەم فڕنی سەمونەكەدایە، كە چەندین تەحەددی تێپەڕاند فۆتۆ: UNDP 

گواستنەوە بۆ بازاڕی شارەوانی

رائید كاتێك دەبیستێت دوكانەكانی شارەوانی لەلایەن بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان (UNDP) ـەوە نۆژەنكراوەتەوە، بیر لەوەدەكاتەوە كارەكەی فراوانتر بكات، بۆیە فڕنەكەی دەگوازرێتەوە بۆ یەكێك لە دوكانەكانی ئەو بازاڕە، كە روبەرێكی گەورەتریان هەیە، بە كرێیەكی كەمتر لەوێ دەستبەكاردەبێت و بەوهۆیەوە، قازانجی زیاتری دەستدەكەوێت.

بەرنامەی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ پەرەپێدان 60 دوكانی لە تەل عەتبە نۆژەنكردۆتەوە، لە نێویاندا بازاڕی سەوزە و میوە كە 50 فرۆشیار لەخۆدەگرێت.

"ئەو پاڵپشتییەی بازاڕی شارەوانی زۆر هاوكارم بوو لە سەركەوتنی كارەكەمدا، سوپاسگوزارم كە دەرفەتم بۆ رەخسا لەم شوێنە نایابەدا كاربكەم" رائید وای وت.

كاریگەری كۆرۆنا و شەڕی ئۆكرانیا

وەكو زۆرێك لە پیشە و كارەكانی دیكەی جیهان؛ فڕنەكەی رائید-ـیش كەوتە ژێر كاریگەری كۆرۆناوە، بەهۆی داخستنی خواردنگەكان و كەمبونەوەی جموجۆڵی هاوڵاتیان و قەدەغەی هاتوچۆ، خواست لەسەر سەمون كەمبۆوە، جگە لەو كاریگەرییانەی لە شەڕی ئۆكرانیا بەریكەوت، كە لەسەر ئاستی جیهاندا، نرخی ئارد و گەنم بەرزبۆوە، ئەوەش وایكرد بە زەحمەت قازانجی دەستبكەوێت.

raid nainawa (5)

رائید هەویر دەشێلێت، حەز و خولیای بۆ پیشەكەی وایكرد بەرگە بگرێت و بەردەوامبێت  فۆتۆ: UNDP 

رائید دەڵێت "پەتاكە تەحەدایەكی سەخت بوو بۆ هەموان، بەڵام پێموابوو بە داهێنان و ئیرادە دەتوانین بەسەریدا زاڵ بین، هەر وامان كرد و من بە گرتنەبەری رێگەی جیاواز و نوێیش دەمەوێت بەرهەمێكی تازە پێشكەشبكەم"، هەروەها باسی لەوەكرد زۆر سەخت بوە كاتێك بینیویەتی نرخی ئارد بەهۆی شەڕی ئۆكرانیاوە بەرزبۆتەوە، بەڵام كۆڵی نەداوە، بەردەوام رێگایەكی دیكە بۆ بەردەوامی كارەكەی دۆزیوەتەوە.

ئێستا و سەرباری ئەو بارودۆخە سەختەی پێیدا تێپەڕی، فڕنەكەی رائید، سێ هێندەی جاران قازانجی هەیە، فڕنەكەی گەورەتر كردووە و سێ كارمەندیشی خستۆتە سەر كار.

پلانە گەورەكەی رائید

رائید خەونی گەورەی بۆ فڕنی سەمونەكە هەیە؛ بە هیوایە كارەكانی فراوانتر بكات و لە داهاتوودا بەرهەمەكەی بگاتە خواردنگەی زیاتر، هەروەها دەیەوێت رێگای جیاواز و داهێنەرانە بۆ دروستكردنی بەرهەمەكانی بدۆزێتەوە، تا پارێزگاری لە مانەوەی كڕیارەكانی بكات، لەوەش گرنگتر بۆ ئەو؛ دابینكردنی بژێوی خێزانەكەیی و بنیاتنانی داهاتوویەكی باشترە.

"وەك خاوەنكار دەبێت خۆت بگونجێنیت، تەحەددییەكان بەردەوام دەگۆڕێن، بەڵام ئەگەر ئامادەبیت بۆ تاقكردنەوەی شتی نوێ ئەوا دەتوانیت بەسەریاندا سەربكەویت" رائید وای وت.

raid nainawa (2)
رائید سەمونی گەرم و تازە بۆ كڕیارەكانی ئامادە دەكات فۆتۆ: UNDP

پەیامێك بۆ خاوەنكارانی دیكە

رائید پێیوایە دەبێت خاوەنكارانی دیكە سود لە دەرفەتەكان وەربگرن، هانیان دەدات كاری بازرگانی تایبەت بە خۆیان دەستپێبكەن، چونكە هەموو كەسێك دەتوانێت ئاواتەكانی بەدیبهێنێت.

"بە خاوەنكارەكانی دیكە دەڵێم: قەت واز لە خەونەكەت مەهێنە و سود لەو دەرفەتانە وەربگرە كە دێنە بەردەمت و بەجددی كار بۆ بەدیهێنانیان بكە".

چیرۆكەكەی رائید، چیرۆكی كۆڵنەدان و هیوایە سەرباری چەندین تەحەددی، بەڵام هیچ كاتێك وازی لە خەونی خاوەندارێتی فڕنەكە نەهێنا.

"دەزانم داهاتوو تەحەددی زیاتری پێیە، بەڵام من تەواو ئامادەم، بە شەوقەوە چاوەڕێم بزانم فڕنەكەم تا چ ئاستێك گەشە دەكات، سوپاسگوزارم كە دەرفەتم بۆ دەڕەخسێت هەموو رۆژێك ئەو كارە بكەم كە خۆم دەمەوێت" رائید وادەڵێت.

 

سەرچاوە: UNDP

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT