بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كفری سزای 40 مامۆستای گوندەكانی دەوروبەری دەدات، بەهۆی پابەندنەبون بە دەوام.
سزاكە دوای ئەوە هاتووە كە چوار خوێندنگەی سەر بە پەروەردەی كفری بۆ چەند جارێك بەر لەوادەی كۆتاییهاتنی دەوام خوێندنگەكانیان بەجێهێشتووە و كۆتاییان بەدەوام هێناوە. بەو هۆیەوە رۆژێك بە ئامادەنەبوو بۆیان هەژماركراوە و موچەی ئەو رۆژەیان بڕدراوە.
مامۆستایانی وانەبێژ كاتێك هەفتەی رابردوو موچەی مانگی شوباتیان وەرگرتووە، دەركەوتووە هەریەكە و موچەی ئەو رۆژەی لێ بڕدراوە و دەڵێن سزاكە مامۆستایانی میلاكی نەگرتۆتەوە، بەڵام بەڕێوەبەری پەروەردە دەڵێن "سزاكە هەمویانی گرتۆتەوە و جیاوازی نەكراوە".
نێچێرڤان رەئوف، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە سنوری قەزای كفری، بە (كەركوك ناو)ی وت "نزیكەی 40 مامۆستا بۆ رۆژێك غیاب دراون و موچەی ئەو رۆژەیان بڕدراوە، چونكە رۆژێك لە مانگی یەكی 2023 زوو رۆیشتونەتەوە ماڵ، لەوكاتەدا بەڕێوەبەری پەروەردە هاتۆتە خوێندنگەكان و بینیویەتی دەرگای خوێندنگەكان داخراون".
نزیكەی 40 مامۆستا بۆ رۆژێك غیاب دراوین و موچەی ئەو رۆژەیان بڕدراوە
بەڕێوەبەری پەروەردەی كفری ئەو رۆژە چاودێری چوار خوێندنگەی گوندەكانی كفری كردووە و دەركەوتووە بەر لەوادەی دەوام دەرگای خوێندنگەكانیان داخستووە و رۆیشتونەتە ماڵەوە.
سزادانەكە جگە لە هەژماركردنی رۆژێك بە نەهاتوو، موچەی ئەو رۆژەشیان لێبڕاوە.
بەڵام گلەیی مامۆستایانی وانەبێژ ئەوەیە، كاتێك هەفتەی رابردوو موچەی مانگی شوباتیان وەرگرتووە، تەنیا موچەی ئەوان بڕدراوە و مامۆستایانی میلاك موچەی خۆیان بە تەواوی وەرگرتووە.
ئیسماعیل سمین فەرەج، بەڕێوەبەری پەروەردەی كفری بە (كەركوك ناو)ی وت "هیچ جیاوازییەك نەكراوە، مامۆستایانی هەر چوار خوێندنگەكە وەكو یەك سزادراون، تەنیا جیاوازییەكە ئەوەیە مامۆستایانی میلاك مانگی رابردوو موچەی ئەو رۆژەیان لێبڕداوە، چونكە ئەم موچەیەی ئێستا وەریدەگرن موچەی مانگی ئادارە نەك شوبات، بەڵام مامۆستایانی وانەبێژ تازە موچەی مانگی شوبات وەردەگرن".
لەبارەی سزادانەكەوە وتی "چەند جارێك مامۆستایانی ئەو خوێندنگایانە زوو دەچونەوە بۆ ماڵ و دەرگای خوێندنگەكانیان دادەخست، هەر وتم قەینا موچەیان كەمە و چەند ساڵێكە موچەیان دوادەكەوێت با سزایان نەدەم بەڵكو باشتربن و پابەندی دەوام بن، بەڵام سودی نەبوو".
بەپێی رێكارەكانی پەروەردەی كفری، وانەی كۆتایی لە خوێندنگەی گوندەكان لە 11:45 خولەك كۆتایی دێت، بەڵام وەك ئاسانكارییەك مامۆستایانی ئەو گوندانە كاتژمێر 11:30 دەرگای خوێندنگەیان داخستووە.
ئیسماعیل سمین وتی "بەڵام ئەوان بەوەشەوە پابەندنەبون و پێش كاتژمێر 11 خوێندنگەیان بەجێهیشتووە".
وتیشی "زۆرێک لە مامۆستایانى قوتابخانەى گوندەکان پابەندى کاتى دەوامى خوێندنگەکان نابن، ئەو ماوەیەش خۆم چوم لە دورەوە چاودێری دەوامی ئەو چوار خوێندنگەیەم كردووە و پابەندنەبون، بۆیە هەمویان سزادراوان بێ جیاوازی".