ئەو كچە 15 ساڵەی چەند رۆژێكە لە نێو مزگەوت، بنكەكانی پۆلیس و پەناگەی رێكخراوەكاندا شەو و رۆژ بەڕێدەكات، نایەوێت بگەڕێتەوە لای دایك و باوكی، هەرچەندە باوكی لەڕێی (كەركوك ناو)ەوە بەڵێندەدات؛ چیتر توندوتیژ نەبێت بەرامبەری و دەڵێت "دەمەوێت لەگەڵ خۆماندا بژیت".
كۆتایی هەفتەی رابردوو لارا (15 ساڵ) –ناوی خوازراوی كیژۆڵەیەكی كەركوكییە-، ماڵی باوكی بەجێدەهێڵێت و دەچێتە مزگەوتێكی شارەكە دەمێنێتەوە، دوای دوبارە گەڕاندنەوەی بۆ ماڵی باوكی بە هەوڵی پۆلیس و رێكخراوەكان، شەوی 16ـی نیسان جارێكی تر گەڕایەوە بۆ هەمان مزگەوت و وتی "من چیتر ناگەڕێمەوە ماڵ، چونكە دایك و باوكم ئەشكەنجەم دەدەن".
چیرۆكی تەمەنی یەك ساڵی لارا
لارا لە ساڵی 2009 كاتێك تەمەنی تەنیا یەك ساڵ بوو، دەبرێتە لای نەنكی – دایكی باوكی-، تا ساڵی 2018 لای ئەو دەمێنێتەوە، لە هەمان ئەو گەڕەكەی ماڵی باوكی لێیە (ئیمام قاسم). بەڵام لەو ساڵەدا كاتێك نەنكی دەمرێت، ئیتر دەگەڕێنرێتەوە لای دایك و باوكی خۆی.
لێرەوە چیرۆكی "توندوتیژی و ئەشكەنجەدان"ـی لارا لەلایەن دایك و باوكییەوە دەستپێدەكات، تا هەفتەی رابردوو بە هەڵاتنی لە ماڵ، چیرۆكەكەی لەو ماڵە كۆتاییهات.
باوكی لارا –كەركوك ناو پێیباش نەبوو ناوی بهێنێت-، بە (كەركوك ناو)ی وت "دایكم بەردەوام دەیوت من بە تەنیام، پێویستە ئەم كچە لای من بمێنێتەوە و بەخێوی دەكەم، منیش بە قسەیم كرد و 10 ساڵی تەمەنی لەوێ بەسەربرد، هەر لەوێش چووە بەر خوێندن".
من بۆیە رامكردووە چونكە دایك و باوكم لێمدەدەن
باوكی لارا لە نێو هێزێكی ئەمنیدا دەوامدەكات، كوڕێك و دوو كچی تری هەیە، لارا منداڵی گەورەیەتی و لە ساڵی 2008 لەدایكبووە.
"ساڵی 2018 كاتێك دایكم كۆچی دواییكرد، ناچار لارا-ـم گەڕاندەوە لای خۆم، بەڵام هەڵسوكەوتی جیاواز بوو، لەگەڵ ئێمەدا نەدەگونجا، خۆشی نەدەویستین، بە قسەی نەدەكردین، زۆر رقی لە دایكیەتی... چەند جارێك لە ماڵ رایدەكرد و دەمهێنایەوە".
شەوی 16ـی نیسان لە نێو مزگەوتێكی كەركوك، لارا قسەی بۆ پەیامنێری (كەركوك ناو) كرد و وتی "من بۆیە رامكردووە چونكە دایك و باوكم لێمدەدەن، نامەوێت بگەڕێمەوە لای ئەوان".
باوكی لارا، دووشەممە 17ـی نیسان لەڕێی تەلەفونەوە وتی "نایشارمەوە وەكو باوك لە كچەكەمداوە، منداڵی خۆمە و دەمەوێت تەربیەتی بدەم، چونكە ئەو هەڵەی كردووە... ئەو لە دەست دەرچووە، هەندێك رەفتار دەكات لە سەرم دەكەوێت، من خاوەنی ئابڕوم، ئەو لە ماڵ دەچێتە دەرەوە و رادەكات...".
بەپێی ماددەی 41ـی یاسای سزادانی عیراقی "مافی تەمێكردن" دراوە بە مامۆستا و باوك بەرانبەر بە منداڵ و مێردمنداڵ، بە مەرجێك لە سلارای شەرع و یاسادا دەرنەچێت، بەڵام دادگای باڵای فیدراڵی لە نیسانی 2019ـدا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا جەختیكردەوە "مافی تەمێكردن" بە مانای توندوتیژی و لێدان نایات.
باوكی دانبەوەدا دەنێت كە خۆیشی و هاوژینەكەشی لە كچەكەیانداوە، دەڵێت "كاتێك لە ماڵی دایكیشم بوو ئێمەی نەدەویست، تەنیا بە قسەی دایكمی دەكرد و جنێوی دەدا".
ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی ماددەی 29ـی دەستوری عیراق رێگەنادرێت بە گرتنەبەری شێوازەكانی توندوتیژی و ستەم لە ناو خێزان و قوتابخانە و كۆمەڵگەدا.
لە كۆتایی هەفتەی رابردوودا، كاتێك لارا لە ماڵ چۆتە دەرەوە و پەنای بۆ مزگەوتێكی شارەكە بردووە بۆ پاراستنی، پۆلیس و رێكخراوەكان پێیانزانیووە، هەمان رۆژ بەڵێنیان لە باوكی وەرگرتووە جارێكیتر توندوتیژ نەبێت.
بەڵام شەوی 16ـی نیسان لارا جارێكیتر چۆتەوە هەمان مزگەوت و وتی "لێم دەدەن".
نایشارمەوە وەكو باوك لە كچەكەمداوە، منداڵی خۆمە و دەمەوێت تەربیەتی بدەم
باوكی لارا وتی "من حەز بەم دۆخە ناكەم، كچەكەم نەخۆش نییە و تەندروستی باشە، تەینا نایەوێت لەگەڵ ئێمەدا بژیت". زیاتر وتی "هەموو جارێک بە دایکمم دەوت با کچەکەم ببەمەوە لاى خۆم، چونكە دوایی گەورە ببێت، بە قسەمان ناكات، بەڵام ئەو دەیوت لەبەر خاتری من با لێرە بێت، كە مردم بیبەرەوە".
وتیشی "ئەو چەند رۆژەش كە هێنامانەوە رەفتاری باش نەبوو، تەنانەت خەریكە خوشك و براكەشی فێری هەمان رەفتار دەكات".
لارا بەدوای پەناگەیەدا دەگەڕێت
لارا لە ئێستادا لە رێكخراوی ئەمەلی عیراقی هێڵدراوەتەوە، پۆلیس سەرقاڵی ئیجرائات و دۆزینەوەی چارەسەرێكە.
موقەدەم عامر نوری، وتەبێژى پۆلیسی کەرکوک بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئەو كیژۆڵەیە ئێستا ژیانی پارێزراوە... هەرچەندە جاری یەكەم گەڕێنرایەوە ماڵەوە، بەڵام دیسان ئەشكەنجەیان داوە، بۆیە بەباشمانزانی جارێ لە شوێنێكی پارێزراو بهێڵدرێتەوە".
"كچەكە دوایینجار – 16ـی نیسان-، بەگریانەوە ماڵەوەى بەجێهێشتبوو، بۆیە بڕیاری ئیجرائاتماندا و دایك و باوكیمان بانگكرد، بەڕێوەبەرى پۆلیسی کەرکوک خۆى سەرپەرشتی دۆسیەكە دەكات"، عامر نوری وای وت.
ئەو جەختیكردەوە "بەهۆی ئەوەی لە منداڵییەوە لای ئەوان –دایك و باوكی- نەبووە، توشی حاڵەتێكی دەرونی بووە، لەگەڵئەوەشدا هەستدەكەین ئەو دایك و باوكە جیاوازی لە نێوان ئەو كچە و منداڵەكانی تریاندا دەكەن... هۆكاری سەرەكی ئەوەیە ئەو دایك و باوكە لە سەرەتاوە خۆیان بەخێویان نەكردووە".
هێشتا هیچ سزایەكی دایك و باوكی نەدراوە، تەنیا لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە. عامر نوری وتی "بەڕێوەبەرى پۆلیس بڕیاریدا ئەگەر بێت و دایک و باوکى سێ بارە لە كچەكەیان بدەن و توندوتیژى بەرامبەر بکەن، ئەوە سزاى یاسایی وەردەگرن".
بەپێی ماددەی 413 لە یاسای سزادانی عیراقی، هەركەسێك بە ئەنقەست لە كەسێكی دیكە بدات و زيانى پێبگەیەنێت، ئەوا سزادەدرێت بە سێ ساڵ زیندانی.
كچەكە لەڕوی دەرونییەوە زۆر ماندووە و ئێمەش هەوڵدەدەین چارەسەرى دەرونى بۆ بکەین
سرود ئەحمەد، بەڕێوەبەرى نویسنگەی كەركوكی رێکخراوى ئەمەلی عیراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ، كە لە ئێستادا لارا لای ئەوان پارێزراوە، دەڵێت "ئێمە چاودێرى کەیسەکە دەکەین تا بەتەواوى کێشەکان چارەسەر دەبن، دایک و باوکى –17ـی نیسان- لای دادوەر و پۆلیس بەڵێنیاندا هەڵسوكەوتیان لەگەڵ كچەكەیان باش بكەن...".
"كێشە ئەوەیە كچەكە لەڕوی دەرونییەوە زۆر ماندووە و ئێمەش هەوڵدەدەین چارەسەرى دەرونى بۆ بکەین"، سرود زیاتر وتی "تا چارەسەرێکى گونجاو نەدۆزرێتەوە ئەو لای ئێمە دەمێنێتەوە، بەڵام لەڕاستیدا ئەم كچە باشترە لای دایك و باوكی بمێنێتەوە و جارێكیتر بگەڕێنرێتەوە ناو خێزان".
"ئەم کەیسە، یەکێکە لەو کەیسانەى کە هەمووجار دەوترێت نابێت منداڵ بدرێتە کەسوکار و خزم بەخێوى بکەن، دەبێت لای دایك و باوك گەورەبێت و بەخێوبكرێت، ئەگینا ئەمە ئەنجامەکەیەتى" بەوتەی سرود.
مانەوەی لارا لای رێكخراوی ئەمەل لەكاتێكدایە، ئیدارەی كەركوك لە ساڵی رابردووەوە چەندینجار بانگەشەی كردنەوەی شیڵتەرێكی كردووە بۆ خانمانی هەڕەشەلێكراو، هەرچەندە كردنەوەی پەناگەكە لە كۆتایی ساڵی رابردودا راگەیەنرا، بەڵام تائێستا هیچ خانمێكی هەڕەشەلێكراوی وەرنەگرتووە.
ئینتیسار كەریم، سەرپەرشتیاری پەناگەكە و لێپرسراوی بەشی پەرەپێدانی ئافرەتان لە ئیدارەی پارێزگای كەركوك، بە (كەركوك ناو)ـی وت "هیچ کەیسێکمان وەرنەگرتووە و ناتوانین ئەو كچەش وەربگرین، هەموو رێکار و کارێکى شێڵتەرەکە ئامادەیە و تەواوبووە، بەڵام دەبێت لە بەغداوە بڕیاری وەرگرتنی خانمانی هەڕەشەلێكراو بدرێت، تائێستا رێكارەكانمان بۆ نەهاتووە".
باوكی لارا، لە كۆتایی قسەكانیدا وتی "ئەوەندە داخ و خەفەتم زۆرە خەریکە سەرم دەتەقێت، ئەو كچی منە و دەمەوێت لەگەڵ ئێمەدا بژیت".
لەپێناو پاراستنی كەسێتی ئەو كیژۆڵەیە (كەركوك ناو) ناوی راستەقینەی بڵاوناكاتەوە و ناوی لارا بۆ ئەم راپۆرتە خوازراوە.