پۆلیسی كەركوك دەستگیركردنی هاوژین و منداڵ و برایەكی سەعد كەمبەش، سەرۆكی پێشوی دیوانی وەقفی سوننی رادەگەیەنێت، لەكاتێكدا ویستویانە بەرەو هەرێمی كوردستان بڕۆن. ئەوەش دوای چەند كاتژمێرێك لە هەڵاتنی سەعد كەمبەش دێت لە زیندان.
سەعد كەمبەش، سەرۆكی پێشوی دیوانی وەقفی سوننی بە چوار ساڵ زیندانی سزادراوە، ئەوەش لەسەر دۆسییەی كڕینی ئۆتێلێك بە ناوی ئارمادا لە هەرێمی كوردستان، بەپێی راگەیەنراوێكی وەقفی سوننی كە لە 11ی نیسان بڵاویكردۆتەوە.
عامر نوری، وتەبێژی پۆلیسی كەركوك، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە لە دەستگیركردنی هاوژین و سێ منداڵ و برایەكی سەعد كەمبەش لە بازگەیەكی شاری كەركوك و وتی "لەكاتی هەوڵدان هاتنە ناوەوەیان بۆ شارەكە دەستگیركراون، بەنیازبون لە بەغداوە بەرەو هەرێمی كوردستان بڕۆن".
وتیشی "دەزگا ئەمنییەكانی بەغدا بەدوایانەوە بون و كاتێك هاتونەتە بازگەی كەركوك دەستگیركراون و هەر ئەوكات رادەستی بەغدا كراونەتەوە".
دەزگا ئەمنییەكانی بەغدا بەدوایانەوە بون و كاتێك هاتونەتە بازگەی كەركوك دەستگیركراون و رادەستی بەغدا كراونەتەوە
لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عیراق، ئەمڕۆ 19ی نیسان لە رونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە كە سەعد كەمبەش لە 21ی ئادار لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەكانی دەستەی نەزاهە دەستگیركراوە و لە 11ی نیسان بە بڕیاری دادگا سزادراوە.
یەحیا رەسوڵ دەڵێت "سەعد كەمبەش لە بنكەی پۆلیسی كەڕادە مریەم لە بەغدا دەستبەسەربووە، لە 18ی نیسان دوای سەردانی پەرلەمانتار ئەسما حەمید كەمبەش بۆ بنكەی پۆلیس و لەكاتی بەربانگ و دواتر رۆیشتنی، لە كاتژمێر 10ەو نیوی شەو تاوانبار بە هاوكاریی سێ كەس لە پشتی بنكەكەوە هەڵاتووە و گەیشتووە بە دوو ئۆتۆمبێل كە چاوەڕێیان بووە بۆ ئەوەی بیگوازنەوە بۆ شوێنێكی نادیار".
هێزە ئەمنییەكان لێكۆڵینەوەیان لەو روداوە دەستپێكردووە و بەپێی وتەی یەحیا رەسوڵ دەستیانكردووە بە ئاشكراكردن و دەستگیركردنی هەموو ئەوانەی پەیوەندییان بەهەڵاتنەكەوە هەیە، یان ئەوانەی رۆڵیان هەبووە.
هەروەها دادوەری لێكۆڵینەوە بڕیاری دەستبەسەركردنی ئەفسەر و كارمەندانی ئەو بنكەیەی داوە كە بەرپرس بون لە پاراستنی دەستبەسەركراوەكە.
لە 11ی نیسان دەستەی نەزاهەی عیراق بڵاویكردەوە كە دادگا بڕیاریداوە بە زیندانیكردنی سەرۆكی پێشوی دیوانی وەقفی سوننی بە چوار ساڵ، هاتووە "بەهۆی پێشێلكردنی بە ئەنقەستی ئەرك و بەرپرسیارێتی كە زیانی بە سەروەت و سامانی گشتی گەیاندووە".
راگەیەنراوەكە باس لە وردەكاریی دۆسییەك دەكات كە بەهۆیەوە سەعد كەمبەش سزادراوە، ئەوەش راسپاردنی دەستەی ئیدارە و وەبەرهێنانی وەقفی سوننی-یە بۆ كڕینی ئۆتێلی ئەرمادا لە هەرێمی كوردستان، ئەوەش بەبێ ئەوەی هەڵسەنگاندنی دارایی بۆ بكات و بە پێچەوانەی رێنماییەكانی دیوانی چاودێری دارایی بووە، هەروەها هاتووە كە بە ئامانەتەوە كاری نەكردووە.
هەروەها دادگا تاوانباری كردووە بەوەی "بەشێك لەو پێشێلكارییانەی لە بەرژەوەندی خەڵكی تردا كردووە لەسەر حسابی دەوڵەت".
سەعد كەمبەش، بەپێی ماددەی 331ی لە یاسایی سزادانی عیراقی بە چوار ساڵ زیندانی سزادراوە، لەو ماددەیەدا هاتووە "هەر فەرمانبەرێكی حكومی، پێشێلی ئەركەكەی خۆی بكات، یان كارەكەی جێبەجێنەكات، بە ئەنقەست و لەپێناو زیانگەیاندن بە كەسانی تر، ئەوە بە زیندانیی و غەرامە یاخود یەكێكیان سزادەدرێت".