لەكاتێكدا "رۆڵ و كاردانەوەی نەبوو"
كورد دەیەوێت پۆستی قایمقامی مەندەلی بۆ خۆی ببات

دیالە/ ئاداری 2023/ لەكاتی دانانی تابلۆی قەزای مەندەلی. فۆتۆ: ئەمری خانەقینی

ئەمیر خانەقینی

سەركردایەتی كورد و دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان، كاردانەوە و هەڵوێستێكی ئەوتۆیان لەسەر پرسی بە قەزا ناساندنەوەی مەندەلی-دا نەبوو، تەنانەت بۆ ئاهەنگی جەماوەری خەڵكی قەزاكەش لایەنە كوردییەكان بانگهێشت نەكران، بەڵام دەیانەوێت پۆستی قایمقام بۆ خۆیان بێت.

بەڕای چاودێرانی سیاسی، نەبونی هیچ كاردانەوەیەكی سەركردایەتی كورد لەو پرسەدا، كە لە گوتارەكانیاندا بەردەوام "خاكی كوردستانی دەزانن"، بەهۆی ئەوەوەیە كە هەستدەكەن رۆڵیان لە بە قەزا ناساندنەوەیدا نەبووە، هەروەها لەكاتێكدا مەندەلی كرایەوە بە قەزا، كە ئەوان لە هێزە سەرەكییەكانی قەزاكە نەبون، لەگەڵ تێگەیشتن لەوەی "ئەوان لە دوای ساڵی 2003ەوە بەرامبەر مەندەلی و خەڵكەكەی كەمتەرخەم بون".

وەزارەتی پلاندانانی عیراق لە 12ی ئاداری رابردوو، رەزامەندی نیشاندا بە دوبارە ناساندنەوەی ناحیەی مەندەلی وەكو قەزا، بە ئامانجی گەڕاندنەوەی ژیان بۆ قەزاكە، كە بەپێی وەزارەتی پلاندانان "بەدەست پشتگوێخستنەوە دەناڵێنێت".

مازن ئەکرەم، كە لە ئێستادا سەرپەرشتیاری ئیدارەی قەزای مەندەلی دەكات و لە نەتەوەی عەرەبە، وتی "ئەمە دەستکەوتێکی مەزنە و دۆخی شارەکە دەگوازێتەوە بۆ دۆخێکی باشتر، ژێرخانی خزمەتگوزاریی مەندەلی پێشدەخات، هەروەها پڕۆژەی حزمەتگوزاری بۆ بەرەوپێشچونی مەندەلی بەدوای خۆیدا دەهێنێت".

ئەمە دەستکەوتێکی مەزنە

مەندەلی لە ساڵی 1947 کرایە قەزا و بە یەکێک لە کۆنترین قەزاکانی عیراق دادەنرێت، بەڵام دوای 40 ساڵ و له‌ ساڵی 1987 بە بڕیاری ئەنجومەنی باڵای سەرکردایەتی شۆڕشی سەردەمی حزبی بەعس، كرایەوە بە ناحیە و به‌ قه‌زای به‌له‌دروزه‌وه‌ لکێنرا.

عەبدولزەهرا هەنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق، لە 12ی ئادار لە بەیاننامەیەكدا جەختیكردەوە لە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەی ساڵی 1987 و جارێكی تر بە قەزا ناسندنەوەی مەندەلی.

مازن ئەکرەم وتی "ئەوكاتەی قەزای مەندەلی بە بڕیاری بەعس هەڵوەشێنرایەوە و كرایەوە بە ناحیە، دانیشتووانەكەی روبەڕوی ئاوارەبون بونەوە و خەڵكەكەی ئاوارەی بەلدروز، كەنعان و بەغدا و  ناوچەکانی دیکە بون".

ئازاد حەمید، زیاتر لە 10 ساڵ سەرۆکی ئەنجومەنی ناحیەی مەندەلی بوو – لە ئێستادا ئەنجومەنەكە هەڵوەشاوەتەوە-، دەڵێت مەندەلی لە گوندێک دەچێت و کراوەتەوە قەزا، "بەهۆی سیاسەتەكانی رژێمی پێشوو وێران بووە، گۆڕانكاریی دیمۆگرافی لە ناوچەكەدا كراوە و خەڵكە رەسەنەكەی دەركراون".

Mandale.hawre
دیالە/ ئاداری 2023/چەند هاوڵاتییەك لە نەتەوە جیاوازەكان لە ناوەندی مەندەلی. فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

مەندەلی یەکێکه‌ لە ناوچەکانی جێناکۆک له‌ پارێزگای دیالە بەدوری 93کم لە بەعقوبەی سەنتەری پارێزگاکەوە، دانیشتوانەکەى لە عەرەب، کوردی فەیلی و تورکمان پێکدێت.

لە سەردەمی رژێمی بەعسدا، كوردی فەیلی-یش پریشكی ئاگری بڕیارەكانی ئەو رژێمەیان بەركەوت، هەر بۆیە محەمەد تەمیم، وەزیری پلاندانان و جێگری سەرۆك وەزیرانی عیراق لە نوسراوێكیدا لە 9ی ئادار كە بۆ دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاكانی ناردووە و داوای نوێكردنەوەی بڕیاری بە قەزابونی مەندەلی دەكات، لە بەشێكیدا دەڵێت "مەندەلی بەدەست پشتگوێخستن و گرنگیپێنەدانەوە دەناڵێنێت، سەرباری ئەوەی ئیمكانیەتێكی فرەچەشنی هەیە و زیانلێكەوتوی ئەو جەنگانە بووە كە لەو ناوچەیە رویداوە و بە هۆیەوە خەڵكەكەی روبەڕوی ئاوارەبون بونەتەوە".

هەروەها لە بەشیكی تریدا جەختدەكاتەوە "ئەمە بۆ هەڵگرتنی هەموو ئەو كاریگەرییە خراپانەیە كە لە ئەنجامی ئەو بڕیارانە دروستبووە كە دەرهەق بە كوردی فەیلی كراوە لە مەندەلی".

ئازاد حەمید، كە لەسەر پشكی كورد و پارتی دیموكراتی كوردستان لە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی ناحیەی مەندەلی بوو، دەڵێت "هێشتا نزیکەی 84 گوندی کوردنشین لە مەندەلی وێرانەن، هێشتا دەیان هەزار دۆنم زەوی کورد لە چوارچێوەی پرۆسەی تەعریبدا دەستی بەسەرداگیراوە، بۆیە پێوستە ئەو بابەتانە بە گرنگییەوە کاری لەسەر بکرێت و دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە لە شارەکە و خەڵک بگەڕێتەوە سەر زەوی و خاکی خۆی کە لە ئێستادا لە دەرەوەی مەندەلی دەژین".

هێشتا نزیکەی 84 گوندی کوردنشین لە مەندەلی وێرانەن

وتیشی "لەگەڵئەوەی بووە بە قەزا، بەڵام تاكە چارەسەر ئەوەیە ماددەی 140ی دەستوری عیراق جێبەجێبكرێت".

لایەنە كوردییەكان لە دوای روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003دا كاری سیاسییان لە مەندەلی دەستپێكردەوە و لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی ساڵی 2005، لە چوارچێوەی یەك هاوپەیمانێتیدا دەنگی یەكەمی ئەنجومەنی ناحیەی مەندەلی-یان برد، بەهۆیەوە هەردوو پۆستی بەڕێوەبەری ناحییە و سەرۆكی ئەنجومەن لە نێوان دوو پارتە سەرەكییەكەی كورد  (یەكێتی و پارتی) دابەشكرا.

ئازاد حەمید، كە تا هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگا، قەزا و ناحییەكان لە ساڵی 2019 سەرۆكی ئەنجومەنی ئەوكاتی ناحیەی مەندەلی بوو، وتی "لە دوای روداوەکانی 16ی ئوکتۆبەرەوە کورد لە مەندەلی بە تەواوی لاواز و بێ رۆڵ بوو، بارەگا حزبییەكانمان دەستیانبەسەردا گیرا".

واحید کاکەیی، لێپرسراوی کۆمیتەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە مەندەلی، دەڵێت دەبوو مەندەلی لەسەر دەستی كورد و دوو حزبە سەرەكییەكەی كورد ببوایەتە قەزا، نەك لایەنی تر. "بەڵام كورد لەنێو خۆیدا كێشەی هەیە و ئەو كێشانە كاریگەری لەسەر چۆنیەتی كاركردنمان ئەم ناوچانەش هەیە".

ڤیدیۆ: هاوڵاتیان رای خۆیان دەردەبڕن سەبارەت بە ناساندنەوەی مەندەلی وەكو قەزا.

یەكێتی بەشداری ئاهەنگی بەقەزا ناساندنەوەی مەندەلی نەكرد، واحید كاكەیی وتی "بانگهێشت نەكرابوین و هیچ پیرۆزباییەكیشمان نەبوو، بەڵام پێمانخۆش بوو بووەوە بە قەزا، چونكە خەڵكەكەی روبەڕوی ئاوارەبون و ماڵوێرانی بونەوە".

ئەو رەخنەشی لە حزبە كوردییەكان گرت بەوەی كاتێك لە مەندەلی دەسەڵاتیان هەبوو، "خەمساردبون لە خزمەتكردن و هیچ پڕۆژەیەكی ستراتیژییان نەبوو بۆ ناوچەكە".

بەگشتی شەقام و رێگاوبانەكانی ناو مەندەلی و دەرەوەیدا باش نین، لە هەندێك شوێن نۆژەنكردنەوەی رێگاوبانەكان دەبینرێن، بەڵام پڕۆژەكان بەر لە بڕیاری ناساندنەوەی مەندەلی دێت وەكو قەزا. مەندەلی بەگشتی كێشەی كەمئاوی هەیە لە وەرزی هاویناندا، سیستمی تەندروستی و پەروەردەی هاوشێوەی ناوچەكانی تری پارێزگای دیالەیە. 

شەمسەدین حەسەن، كارگێڕی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین و لێپرسراوی بەشی جەماوەریی و پیشەیی لق، دەڵێت ئەوان لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە ناتوانن كاری سیاسی لە مەندەلی بكەن و دەستبەسەر بارەگاكەیاندا گیراوە، بەڵام لەگەڵئەوەشدا دەڵێت بەقەزابونی ناحیەكە دڵخۆشبون و وتی "پیرۆزباییمان بۆ خەڵكی ناوچەكە هەبوو". بەڵام بەشدارنەبون لە كردنەوەی بینای قایمقامی مەندەلی و ئاهەنگی جەماوەری خەڵكەكەی.

لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بە بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عیراق، هێزە عیراقییەكان بۆ تەواوی ناوچەكانی جێناكۆك گەڕانەوە و پێشمەرگە و هێزەكانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان پاشەكشێیان كرد.

بەگشتی یەكێتی و پارتی لەڕێی نوێنەرەكانیانەوە لە پەرلەمان و حكومەتی پێشوی عیراق چەندینجار هەوڵییاندا مەندەلی بكرێتەوە بە قەزا، بەڵام ئێستا ناوی موحسن مەندەلاوی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق وەك كەسی یەكەم دەبینرێت لە رۆڵ بینینی بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو پرسە.

ئازاد حەمید، كە ئێستا وەك كەسایەتییەكی سیاسی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان لەو سنورە كاردەكات و برای سەرۆكی عەشیرەتی قەرەلوس، دەڵێت هەوڵی كورد لە ئێستادا بۆ ئەوەیە پۆستی قایمقام وەربگرێت. وتی "بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامین لە كۆبونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، چونكە پێشتر پۆستی بەڕێوەبەری ناحیە لە پشكی كورد بوو بەپێی شایستەی هەڵبژاردن".

هەوڵی كورد لە ئێستادا بۆ ئەوەیە پۆستی قایمقام وەربگرێت

عەشیرەتی قەرەلوس لە نەتەوەی كوردن و زۆرینەیان لە سنوری مەندەلی بڵاوبونەتەوە.

ئەحمەد خەلیل، چاودێری سیاسی كورد لە پارێزگای دیالە، پێیوایە نەبونی كاردانەوە و هەڵوێستی لایەنە كوردییەكان لە پرسی بە قەزا ناساندنەوەی مەندەلی چەند هۆكارێكی هەیە گرنگترینیان "لە سەردەمی حوكمڕانی كورد لە مەندەلی ئەو پرسەیان پێ یەكلایینەكرایەوە، یان كەمتەرخەمبون لە كاركردن بۆ ئەو مەبەستە".

mandaaa
دیالە/ ئاداری 2023/ دەروازەی چونە ناو شارەوانی مەندەلی. فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

وتیشی "هۆكارێكی تر ئەوەیە دەستكەوتەكە بۆ كەسێك بووە كە بەشێك نییە لە هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەكە، ئەویش موحسین مەندەلاوی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراقە".

موحسین مەندەلاوی كوردی فەیلی-یە و بە پشتیوانی لایەنە شیعییەكانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی ئەو پۆستەی وەرگرتووە. ئەحمەد خەلیل وتی "لایەنە كوردییەكان هەست بەوە دەكەن ئەوان لەو پرسەدا هیچ رۆڵێكیان نییە".

ئەحمەد خەلیل زیاتر وتی "دەكرا سەركردایەتی كورد لەدوای ساڵی 2003ەوە كە لەو ناوچەیە بەهێزبوو، هەوڵی بدایە مەندەلی بكرێتە ناوەندی كوردانی فەیلی، بەڵام لەوەشدا لاوازبون و هیچ کارێکیان نەکرد".

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا وتی "بە قەزا ناساندنەوەی مەندەلی دەرفەتێکی باش دەبێت بۆ بەرەو پێشچونی شارەکە لەڕوی ژێرخانی خزمەتگوزریی و ئابوری و وادەكات حکومەت ناچاربێت بودجەی تایبەتی بۆ دابین بكات، لەڕوی سیاسیشەوە گرنگە چونكە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتودا بەپێی ئەو سیستمەی كە هەڵبژاردنی رابردوی پێ بەڕێوەچوو، ئیتر مەندەلی دەبێتە بازنەیەكی هەڵبژاردن".

هۆكارێكی تر ئەوەیە دەستكەوتەكە بۆ كەسێك بووە كە بەشێك نییە لە هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەكە

زیاتر وتی "لەڕوی ئابورییەوە زەمینەسازی دەستپێدەكات بۆ وەبەرهێنان و گرنگیدان بە دەروازەكانی بەڕوی ئێراندا، كە سەرچاوەی داهات و ئابوری گرنگە".

قەزاكە مەندەلی لە باكورەوە هاوسنورە لەگەڵ قەزای خانەقین، لە رۆژهەڵاتەوە لەگەل ئێران، لە باشورەوە ناحیەی قەزانییە و لە خۆرئاواوە ناوەندی قەزای به‌له‌دروز.

دانیشتووانی سنوری قەزای مەندەلی، 47 هەزار و 796 كەسە، بەپێی خەمڵاندنی ساڵی 2019ی دەزگای ناوەندی ئامار سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عیراق.

لە ئێستادا ئیدارەی قەزای مەندەلی سەرقاڵی رێكخستنەوەیی ئیدارە و پلەبەرزكردنەوەی فەرمانگەكانن، وەك مازن ئەکرم، سەرپەرشتیاری ئیدارەی قەزای مەندەلی بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە و وتی "ئیتر دەست بە پڕۆژەی گرنگی خزمەتگوزاریی، ئابوری وەبەرهێنان دەكەین".

* لەیلا ئەحمەد بەشداری لەم بەدواداچونەدا كردووە

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT