هەناردە و داهاتی نەوتی كەركوك سفرە

كه‌ركوك/ 2014/ كۆمپانیای نه‌وتی باكور كه‌ سه‌رپه‌رشتی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك ده‌كات فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو

هەناردەی نەوتی خاوی كەركوك بۆ توركیا، مانگی رابردوو سفر بووە و هیچ داهاتێكی نییە، بەهۆی راگرتنی هەناردەكردن لە بۆری نەوتبەری هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئەو وڵاتە.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی نەوتی عیراق، لە نیسانی 2023ـدا هه‌نارده‌ی نه‌وتی خاو له‌ ته‌واوی كێڵگه‌كانی وڵاتدا گه‌یشتۆته 98 ملیۆن و 634 هەزار و 947 به‌رمیل، به‌ داهاتی زیاتر لە حەوت ملیار و 796 ملیۆن دۆلار.

هەر بەرمیلێك نەوتی خاوی عیراق لەو مانگەدا بە زیاتر لە 79 دۆلار مامەڵەی پێوەكراوە.

مانگی نیسان له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوكه‌وه، هیچ هەناردەیەك بۆ توركیا نەبووە، لەكاتێكدا مانگی ئاداری ئەمساڵ هەناردەكردن گەیشتبووە یەك ملیۆن و 727 هەزار و 494 به‌رمیل نه‌وتی خاو بە داهاتی زیاتر لە 124 ملیۆن دۆلار.

هەروەها وەزارەتی نەوت هیچ ئامارێكی دەربارەی هەناردەكراوی نەوتی كەركوك بۆ ئوردن بە تانكەر لە مانگی نیساندا بڵاونەكردۆتەوە.

نەوتی خاوی كەركوك لەڕێی بۆری نەوتبەری هەرێمی كوردستانەوە رۆژانە هەناردەی بەندەری جیهانی توركیا دەكرێت، كە لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە، لەلایەن ئەو وڵاتەوە هەناردەكردن لەو بۆرییە راگیراوە، ئەوەش دوابەدوای بڕیارێكی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس دژی توركیا، لەسەر سكاڵای حكومەتی عیراق بەرانبەر بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان.

سكاڵاكەی عیراق بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان بەغدا و هەولێرە لەسەر دۆسیەی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوتی خاو كە چەندین ساڵە بە هەڵپەسێراوی ماوەتەوە.

هەردوو حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان لە 4ـی نیسانی 2023ـدا، بە كاتی و تا پەسەندكردنی یاسای نەوت و گاز رێككەوتنێكیان واژۆكرد بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت لەڕێی بۆری نەوتبەری هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا، بەڵام هێشتا هەناردەكردن دەستیپێنەكردۆتەوە.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عیراق كۆتایی مانگی رابردوو لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی عیراقییەی نیمچەفەرمی رایگەیاند "لە رۆژانی ئایندەدا هەناردەی نەوت دەستپێدەكاتەوە"، ئاماژەی بەوەشدا حكومەتی فیدراڵی لە قۆناغەكانی كۆتایی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەیدا لەگەڵ هەرێم.

پێشتر و لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوكه‌وه‌ دوو ملیۆن و 834 هەزار و 393 به‌رمیل نه‌وتی خاو هه‌نارده‌ی به‌نده‌ری جیهان كرابوو بە داهاتی زیاتر لە 219 مليۆن دۆلار، جگە لە هەناردەی نەوت بە تانكەر بۆ ئوردن كە گەیشتە زیاتر لە 280 هەزار بەرمیل و داهاتەكەی نزیكەی 20 ملیۆن دۆلار بوو.

لە مانگی كانونی دوەمیشدا، هەناردەی نەوتی كەركوك بۆ جیهان دوو ملیۆن و 475 هەزار و 516 به‌رمیل بوو بە داهاتی زیاتر لە 185 ملیۆن دۆلار، لەگەڵ 309 هەزار بەرمیل بۆ ئوردن بە تانكەر، بە داهاتی زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلار.

لە سنوری پارێزگای كەركوك پێنج كێڵگه‌ی سه‌ره‌كی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاو هه‌یه‌؛ ئاڤانا، بای حەسەن، قوبەی بابا، جمبور ‌و خەبازە كه‌ لەژێر دەسەڵاتی كۆمپانیای نه‌وت باكور سه‌ر به‌ حكومەتی عیراقیدان.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT