فەلاح یایچلی، قایمقامی كەركوك بەوەكالەت، قسەی كۆتایی لەسەر پیشەوەران و فیتەرەكانی ناو شاری كەركوك كرد و جەختیكردەوە "هەفتەی داهاتوو كۆتایی بەكاری فیتەری دێت لەناو شار".
یایچلی ئەوەی وەكو قسەی كۆتایی كرد لەبارەی پرسی كاركردنی هەزاران پیشەوەر لەناو شاری كەركوك، ئەوەش دوای كۆبونەوەیەكی هات لەگەڵ نوێنەری پیشەوەرانی شارەكە، وەبەرهێنەرانی ناوچەی پیشەسازی و ژمارەیەك فەرمانگەی حكومی كە سێشەممە 16ی ئایار بەڕێوەچوو.
ئەو بە رۆژنامەنوسانی وت "لە هەفتەی داهاتووەوە پلانمان هەیە كاری پیشەوەری لەناو شار كۆتایی پێبهێنین، ئەمە قسەی كۆتاییە و دەبێت تەواوی پیشەوەران بگوازنەوە بۆ ناوچەی پیشەسازی".
ئەمە قسەی كۆتاییە و دەبێت تەواوی پیشەوەران بگوازنەوە بۆ ناوچەی پیشەسازی
ناوچەی پیشەسازی كەوتۆتە سەر ریگای بازنەیی (حەولی) كەركوك لە دەرەوەی شار.
ناوچەكە لە 3500 دوكان و گەراج پیكدێت، مزگەوت، بنكەی تەندروستی و ئاگركوژێنەوەی لێیە و لە سەدا 80ی دوكانەكان فرۆشراون، ئەوەش بەپێی وتەی رەمەزان حاجی رەشید، وەبەرهێنەر لە ناوچەی پیشەسازی بۆ (كەركوك ناو).
نرخی دوكان و گەراجەكان لە نێوان 12 هەزار دۆلار بۆ 18 هەزار دۆلارە و بەپێی یاسای وەبەرهێنان دەدرێت بە پیشەوەران و دوای چەند ساڵێكی كەم لەسەریان تاپۆ دەكرێت.
فەلاح یایچلی، وتی "دۆخی ئەمنی كەركوك ئێستا جێگیر و ئارامە، بۆیە پلانمان هەیە هەفتەی داهاتوو كۆتایی بەكاری پیشەوەری لەناو شاردا بهێنین، بونی پیشەوەر لەناو شاری كەركوك و شوێنی نیشتەجێبون گونجاو و شارستانی نییە، هەروەها كاریگەری لەسەر جوانی و پاك و خاوێنی شار هەیە، جگە لە كاریگەری بۆ سەر كارەبا و ئاو".
زیاتر وتی "هەر شتێكی ناشارستانی، كە كاریگەری لەسەر جوانێتی شار و تەندروستی هاوڵاتیان هەبێت لەناو كەركوك قبوڵكراو نییە".