"موختاریی هێزمان پێدەبەخشێت"
خەدیجە یەكەم موختاری كەركوكە و 12 كاندیدی تر بەڕێوەن

كەركوك/ خولێكی تایبەت بە هاندانی ژنان بۆ ئەوەی خۆیان بۆ موختاری كاندید بكەن. فۆتۆ: راگەیاندنی رێكخراوی ئەمەل

لەیلا ئەحمەد

"كاری موختاری هێزمان پێدەبەخشێت، ئێمەی ژنان دەتوانین ئەو كارەش بكەین"، خەدیجە ئەحمەد 54 ساڵ، بۆ یەكەمجار لە مێژوی كەركوك و قەزای حەویجەدا بووە موختاری دوو گەڕەك، بەوپەڕی باوەڕبەخۆبونەوە دەڵێت "موختاری پاڵپشتیمان دەكات بۆ چالاكی زیاتر".

خەدیجە خێزاندارە و سێ كوڕ و دوو كچی هەیە، ئەمساڵ توانی پشتیوانی هەردوو گەڕەكی حوریە و مەحاتە لە حەویجە بەدەستبهێنێت و وەكو موختار دەستبەكاربێت، ئەوەش دوای خانەنشینبونی موختاری پێشوو.

ئەو هەنگاوە وەك خۆی دەڵێت ئاسان نەبوو، بەڵام باوەڕبون بەخۆی، پشتیوانی خەڵكی گەڕەك و هاندانی رێكخراوێكی مەدەنی كارەكەی بۆ ئاسانتر كرد و بوو بە یەكەم موختاری ژن.

"ئێستا كارەكە بۆ من قورس نییە، ئامانجەكە ئەوەیە ئەم كارە تەنیا بۆ پیاوان نییە، هەر وەك چۆن ژنی پەرلەمانتار، پۆلیس، مامۆستا و بەڕێوەبەرەمان هەیە، ئاواش دەتوانین ببینە موختار"، خەدیجە وایوت.

ئێستا كارەكە بۆ من قورس نییە، ئامانجەكە ئەوەیە ئەم كارە تەنیا بۆ پیاوان نییە

بەپێی یاسای موختار كە لە ساڵی 2011 پەسەندكراوە، هەر كەسێك (ژن یان پیاو) بیەوێت خۆی بۆ موختاری كاندید بكات، دەبێت رەگەزنامەی عیراقی هەبێت، خێزاندار بێت، تەمەنی لە 30 كەمتر و 65 زیاتر نەبێت، لەگەڵ بونی ناو و ناوبانگێكی باش لەناو كۆمەڵگەدا. هەروەها بەدەستهێنانی پشتیوانی گەڕەك، یان گوندەكە، خەدیجە هەموو ئەو مەرجانەی تیابوو.

ئەو مەرجە یاساییەكانی تریشی تیابوو، لەوانە بڕوانامەی شەشی سەرەتایی، 10 ساڵ نیشتەجێی ئەو ناوچەیە بێت كە خۆی تیادا كاندید دەكات، هەروەها لەڕێی راپۆرتی لیژنەیەكی پزیشكیی تایبەتمەندەوە بیسەلمێنێت كە لەڕوی تەندروستی و جەستەییەوە شیاوە. لە یاساكەدا زیاتر هاتوە "حومكدراونەبێت بە هیچ كەتن و تاوانێكی شەرەف، لەگەل دەزگا ئەمنییەكانی رژێمی پێشودا هەماهەنگی و پەیوەندی نەبێت، لەگەڵئەوەشدا سەر بە هیچ كیان و حزبێكی سیاسی نەبێت".

لەگەڵ دەستبەكاربونی خەدیجە، 12 خاتونی تری كەركوك و دەوروبەری بە رەزامەندی خەڵكی گەڕەك داواكارییان پێشكەش بە قایمقامیەتی كەركوك كردووە، تاوەكو ببنە موختار، بۆ ئەوەش یاسا پاڵپشتییان دەكات.

muxtar1
كەركوك/ خولێكی تایبەت بە هاندانی ژنان بۆ ئەوەی خۆیان بۆ موختاری كاندید بكەن. فۆتۆ: راگەیاندنی رێكخراوی ئەمەل

میامى نامس 45 ساڵ، یەكێك لەو خاتونانەی داواكاریی بۆ موختاری پێشكەش كردووە، وتی "هەموو مەرجەكانم تیایە، خۆشەویستی خەڵكی گەڕەكەكەمم، یارمەتی ژنانم داوە بۆ گەیاندنی دەنگیان، ئەمە هۆكارێكی بەدەستهێنانی پشتیوانی گەڕەكەیە".

میامی خۆی چالاكوانێكی بواری مافەكانی ژنانە و پێشتر لە چوارچێوەی پڕۆگرامێكدا خەڵكی هۆشیاردەكردەوە لە مەترسییەكانی بە شودانی كچانی هەرزەكار.

ئەو وتی "ژنان بەهێزن و دەتوانن ببنە موختاریش، ژن رەنگە گونجاوتربێت بۆ ئەم كارە، چونكە لەزۆر حاڵەتی شەڕ و ناكۆكی و قەیراندا توانیویانە رۆڵی باش بگێڕن"، میامی وایوت.

موختار بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ، پێویستە دوای راسپاردنی بۆ ئەركەكەی، ئامارێكی وردی دانیشتووانی گەڕەك یان گوند ئەنجامبدات، زانیارییەكان لە تۆمارێكدا هەڵبگرێت بەشێوەی نهێنی. لەگەڵ ئاگاداركردنەوەی لایەنی پەیوەندیدار لە هەر جموجۆڵ و كارێكی گوماناوی كە هەڕەشە لە بارودۆخی ئاسایشی ناوچەكە بكات. یان هەر زیادەڕۆییەك لەسەر موڵك و ماڵی گشتی و كارە نایاسایی و نامۆكان وەكو ئەو كارانەی دورن لە رەوشتی باش.

سرود ئەحمەد، لێپرسراوی لقی كەركوكی كۆمەڵەی ئەمەلی عیراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ، پشتیوانی لە میامی نامس دەكات كە دەڵێت رەنگە ژن گونجاوتربن بۆ موختاری.

سرود وتی "وایدەبینین هەر کێشە و توندوتیژیى و روداوێک هەبێت ئەگەر موختارەکە ژن بێت دەتوانێت بە ئاسانی چارەسەری بكات و كێشەكە گەورە نەبێت، زوو لە دۆخەكە تێدەگات، ئەمەش كارەكە بۆ قوربانیان ئاسانتر دەكات".

وایدەبینین هەر کێشە و توندوتیژیى و روداوێک هەبێت ئەگەر موختارەکە ژن بێت دەتوانێت بە ئاسانی چارەسەری بكات

"ئێمە پاڵپشتى هاتنەپێشەوەی ژنان دەكەین بۆ كاری موختاری، چونکە لە دۆخی ئێستای كەركوك پێویستە ژنان لە پرۆسەی ئاشتى و پێکەوەژیان بەشداربن، کارى موختاریش یەکێکە لەو بوارانەى کە راستەوخۆ پەیوەستە بە كاری پێكەوەژیان و دەتوانێت لەو بوارەدا رۆڵ بگێڕێت"، سرود زیاتر وتی "زۆرجار حاڵەتى توندوتیژى بەرانبەر بە ژنان دەكرێت، ژنەکە لەماڵ دەردەکرێت یان هەڵدێت، ئەگەر موختارى گەڕەکەکەى ژن بێت ئەوە ماڵەکەى دەبێتە لانەى قوربانیان و دەیگرێتە خۆى تا چارەسەرێكی گونجاو دەدۆزرێتەوە... بەڵام موختاری پیاو نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو كەیسانەدا بكەن".

كۆمەڵەی ئەمەلی عیراقی، یەكێك بوو لەو رێكخراوانەی هانی ژنانیاندا خۆیان بۆ موختاری كانید بكەن، ئەوەش دوای كردنەوەی چەند خولێكی هۆشیاریی بۆ ژنان و هاندانیان.

سرود وتی بیرۆكەكە كاتێك دروستبوو تێبینیان كردووە بەشێكی زۆر لە ژنان كێشەیان بۆ دروستدەبێت كاتێك رێیان دەكەوێتە لای موختارەكان.

WhatsApp Image 2023-05-25 at 3.51.30 PM
نوسراوی ئیدارەی كەركوك كە جەختدەكاتەوە لەوەی ژنان دەتوانن خۆیان كاندید بكەن بۆ موختاری

هەر بۆیە لە ساڵی 2021ەوە هەڵمەتێكیان بۆ ژنان بە مەبەستی ئەوەی ببنە موختار دەستپێكرد. هەڵمەتەكە خۆی لە خول و كۆڕ و كۆبونەوە دەبینییەوە لە نێوان ژنان و ئیدارە و قایمقامیەتی كەركوك.

لە 28ی تەمموزی 2021 بۆ یەكەمجار ئەو باسە ورژێنرا، كاتێك بەڕێوەبەری بەشی كاروباری هاوڵاتیان لە ئیدارەی كەركوك، نوسراوێكی پرس و رای بۆ سەرۆكی دەستەی راوێژكارانی ئیدارەی كەركوك ناردووە لە بارەی بونی كاندیدی موختاری ژن لە قەزای حەویجە، لە وەڵامدا عیماد دەحام، سەرۆكی دەستەی راوێژكاران دەڵێت "هیچ دەقێكی یاسایی نییە رێگەنەدات بە كاندیدبونی ژن بۆ موختار، ئەگەر مەرجەكانی تەواوبێت".

سرود وتی "بەگشتی هەڵمەتەكەمان لەلایەن ژنان و ئیدارەی كەركوك و قایمقامیەتەوە پێشوازی باشی لێكرا، ئێستا ژمارەیەكی زۆر لە ژنان دەیانەوێت ببنە موختار".

بەپێی رێنماییەكان موختار نابێت فەرمانبەری دەوڵەت بێت، مانگانەش 250 هەزار دیناری لەلایەن حكومەتەوە پێدەدرێت، راستەوخۆ سەر بە قایمقامیەت دەبن.

فەڵاح یایچلی، قایمقامى کەرکوک بەوەكالەت، وتی "ئێستا ژنێكی موختارمان هەیە لە حەویجە، 12 داواكاری تریشمان بۆ هاتووە، ئێمەش پاڵپشتی ژنان دەكەین ببنە موختار و یاساش پشتیوانیان دەكات، تەنیا ئەوەیە دەبێت مەرجەكانیان تیابێت".

ژنێكی موختارمان هەیە لە حەویجە، 12 داواكاری تریشمان بۆ هاتووە، ئێمەش پاڵپشتی ژنان دەكەین ببنە موختار و یاساش پشتیوانیان دەكات

رێكخراوی ئەمەل بڕیاریداوە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكدا خولی تایبەت بۆ ژنانی موختار بكاتەوە، بۆ ئەوەش چاوەڕێی دەستبەكاربونی 12 كاندیدی ژن دەكەن لە ناو كەركوك و دەرەوەیدا.

سرود وتی "دەمانەوێت ئاشنابن بە یاساکان، چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵک، پۆلیس و چۆنیەتی روبەڕوبونەوەی كێشەكان".

دیمەن ئەحمەد 40 ساڵ، یەكێكی تر لە كاندیدەكان بۆ موختاری گوندی گوپتەپە لە سنوری پارێزگای كەركوك، وتی "هەستەكەم هەنگاوێكی باشم ناوە، بە عیشقەوە چاوەڕێی ئەوەم قایمقامیەت ناوەكەم قبوڵبكات و دەستبەكاربم".

خەدیجە ئەحمەد، تاكە ژنە موختارەكەی كەركوك و حەویجە، دەڵێت "دەمەوێت پەیامی ئەوە بدەم بە گوێی ژناندا، كە موختاری بۆ ئێمە هێزە و پشتیوانی بە ژنان دەبەخشێت، ئەوەتا ژنان و پیاوانی حەویجە و عەشیرەتەكان پشتوانی لەم هەنگاوەم دەكەن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT