وەزیری بەرگری عیراق رەزامەندی نیشاندا بۆ دوبارە دەستپێكردنەوەی دروێنەی گەنم لە گوندی تۆپزاو لە باشوری كەركوك، دوای ئەوەی بە بڕیاری سوپای عیراق دروێنە راگیرا.
سابت محەمەد عەباسی، وەزیری بەرگری عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 31ی ئایار گەیشتە پارێزگای كەركوك و لەگەڵ لێپرسراوانی ئیداریی و ئەمنی پارێزگاكە كۆبۆوە، كە ئامانج لێی تاوتوێكردنی دۆخی ئەمنی پارێزگاكە بوو.
نەجوە كاكەیی، ئەندامی پەرلەمانی عیراق كە لە بەشێك لە كۆبونەوەكانی وەزیری بەرگری عیراق ئامادەبوو، هەر ئەمڕۆ سەردانی جوتیارانی گوندی تۆپزاوای كرد، كە وەك ناڕەزاییەك لە دژی راگرتنی دروێنە خێمەیان لە گوندەكە هەڵداوە، بە جوتیارانی وت "لەگەڵ وەزیری بەرگری باسی كێشەی ئێوەم كردووە، ئەو رەزامەندی نیشاندا جوتیاران دەستبكەنەوە بە دروێنە، من هاتوم بۆ ئەوەی بڵێم دەتوانن دروێنە دەستپێبكەنەوە".
لەگەڵ وەزیری بەرگری باسی كێشەی ئێوەم كردووە، ئەو رەزامەندی نیشاندا جوتیاران دەستبكەنەوە بە دروێنە
دووشەممەی رابردوو 29ی ئایار، سوپای عیراق، چونە سەر گوندی تۆپزاوا و دروێنەی جوتیاریکی گوندەکەیان راگرت و دەستیانبەسەر دەڕاسەکەشدا گرت، هەروەها ئەو گەنمەشیان روكردە سەر زەوی كە دروێنەكرابوو، تەڵعەت عەبدوڵا، ئەو جوتیارەی رێگری لێكرا دروێنە بكات وایوت.
پەیامنێری (كەركوك ناو) هەمان رۆژ چووە گوندەكە و بەچاوی خۆی راگرتنی دروێنە بینی و روكردنی گەنمەكەی وێنەگرت.
راگرتنی دروێنە بە بڕیاری سوپای عیراق، دوای ئەوە هات کە ژمارەیەک جوتیاری عەرەب کە لە سەردەمی دەسەڵاتی حزبی بەعس، زەوییە کشتوکاڵییەکانی تۆپزاوایان بەکارهێنابوو، سکاڵایان لەسەر بەکارهێنەرانی ئێستای زەوییەکان تۆمارکرد.
بەگشتی زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندی تۆپزاوا و ژمارەیەك گوندی تری هەمان سنور، کێشەیەکی تریان هەیە، ئەویش ئەوەیە لە ئاداری ئەمساڵ تیمێکی وەزارەتی بەرگری عیراق چونە سەریان و ئاگاداریان كردونەتەوە كە زەوییەكان دەكرێن بە یەکەی نیشتەجێبون بۆ ئەندامانی سوپا و جەختیانكردۆتەوە "ئەم زەوییانە موڵکی وەزارەتی بەرگری عیراقن".
نەجوە كاكەیی لەبارەی ئەو كێشەیەوە، ئەمڕۆ بە جوتیارانی وت "ئەوە پرسێكی یاساییە دەبێت یاسا یەكلاییبكاتەوە، دەكەوێتە سەر ئەوەی بەڵگەكان چین؟ ئایا جوتیارەكە تاپۆی هەیە یان نا، ئایا لە بنەڕەتدا كێ بڕیاریداوە زەوییەكان بخرێنە سەر وەزارەتی بەرگری، ئێمە لەگەڵ ئەو پرسە دەڕۆین و بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی مافی هیچ جوتیارێك نەفەوتێت".
ئەرخەوان عەبدوڵا، یەكێك لە جوتیارەكانی گوندەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "چاوەڕوانبوین وەزیر سەردانمان بكات، كێشەی ئێمە ئەوە نییە دروێنە بكەین یان نا، كێشەی ئێمە گەورەترە، ئەوەیە لەمەودوا ناتوانین هیچ جۆرە كشتوكاڵێك لەسەر زەوییەكانمان بكەین، داوا دەكەین ئەو كێشەیەمان بۆ چارەسەر بكەن".
ئەو گوندانەی لەو ناوچەیە كێشەیان لەسەرە، پێكهاتون لە گوندەكانی تۆپزاوا، یایچی، تسعین و قزلیار، بەسەر جوتیارانی كورد و توركماندا دابەشبون و دەكەونە باشوری كەركوك.