لە كاتژمێرێكدا پێنج هەزار ئۆتۆمبێل پێیدا دەڕوات
پڕۆژە "گرنگەكەی" سلێمانی تەنیا لەسەدا 42ی تەواوبووە

سلێمانی/ 2013/ كاركردن لە پڕۆژەی یەکتربڕی باخی بەختیاری. فۆتۆ: راگەیاندنی شارەوانی

لاڤە حیسام

پڕۆژەی یەکتربڕی باخی بەختیاری كە رێگای سەرەكی بەستنەوەی شاری سلێمانییە بە زۆرینەی پارێزگاكانی عیراق، تەنیا لەسەدا 42ی كارەكانی تەواوبووە، لەكاتێكدا كەمتر لە 90 رۆژی ماوە بۆ تەواوكردنی تەواوی پڕۆژەكە.

پڕۆژەكە كە لەلایەن كۆمپانیای دەروازەی گەرمیان بە تێچوی نزیكەی 13 میلیار دینار جێبەجێدەكرێت، ئەوەش لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی شارەوانی سلێمانی، كە بەپێی گرێبەستی نێوانیان دەبێت لە 365 رۆژدا تەواوبێت.

ئەندازیار ئەحمەد سەید، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی یەکتربڕی باخی بەختیاری لە کۆمپانیای دەروازەی گەرمیان، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەسەدا 42ی كارەكان تەواوبون و بڕی پێنج ملیار دینار خەرجكراوە، بەشێک لە هۆکاری دواکەوتنەکەی پشکنینی بەشێک لەو كەرەستانە بوو كە لە دەرەوەی وڵات هاوردە دەكران، چونكە لە مانگی شوبات نێردراون، تازە ئەنجامەکەیمان بەدەست گەیشتووە، بەشێكی تری پەیوەست بوو بە بونی بۆری ئاوی سەرەكی بەناو پڕۆژەكەدا، لەگەڵ كەشوهەوا و زۆری بارانبارین لە ئەمساڵدا كە كارگەرییان هەبوو لەسەر دواخستنی پڕۆژەكە".

پڕۆژەكە پێكهاتووە لە دوو ئەندەر پاس، یەکێکیان لەسەر شەقامی بەکرەجۆ ئەوەی دیکە لەسەر شەقامی قلیاسان.

پڕۆژەكە لە یەكی ئەیلولی 2022 دەستكراوە بە كاركردن تیایدا، بەو پێیە كەمتر لە سێ مانگی ماوە بۆ تەواوبون.

baxryari2
دیزاینی پڕۆژەكە كە لەلایەن شارەوانی سلێمانییەوە بڵاوكراوەتەوە.

بڕیاردان بۆ دروستكردنی ئەو یەكتربڕە، دوای ئەوە هات كە بەپێی روپێوییەكی شارەوانی سلێمانی، دەركەوتووە لەیەك كاتژمێردا پێنج هەزار ئۆتۆمبێل پێیدا تێپەڕدەبن، ئەوەش هەر بەپێی شارەوانی زۆرترینە بەراورد بە شەقامەكانی سلێمانی.

زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی، وتی "ئەمە یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكانی شاری سلێمانی لە بواری رێگاوبان و بە دروستکردنیشی، قەرەباڵغی لەسەر شەقامی تاسڵوجە - سلێمانی کەمدەبێتەوە... بە تەواوکردنی پڕۆژەکە، دەروازەی شاری سلێمانی ئاسانکاریی ھاتوچۆی تێدا دەبێت، ھەروەھا ئەو قەرەباڵغی و پاڵەپەستۆیەی تێدا نامێنێت".

ئەمە یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكانی شاری سلێمانی لە بواری رێگاوبان و بە دروستکردنیشی، قەرەباڵغی لەسەر شەقامی تاسڵوجە - سلێمانی کەم دەبێتەوە

پڕۆژەكە جگە لە هاتوچۆ و بەستنەوەی شاری سلێمانی بە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، هاوكات پارێزگای كەركوك و بەشێك لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و خواری عیراقییش هەر بەو رێگایەدا هاتوچۆ دەكەن.

سۆما جەمال، هاوڵاتییەکی شاری سلێمانییە و رۆژانە بۆ چونی بۆ سەر كارەكەی بەو رێگایەدا هاتوچۆ دەكات، دەڵێت هیوادارە زوو تەواوبێت، چونكە قەرەباڵغی دروستكردووە و بەو هۆیەوە لەكاتی پێویستدا ناگاتە دەوامەكەی.

baxryari1
دیزاینی ئەندەر پاسی پڕۆژەكە كە لەلایەن شارەوانی سلێمانییەوە بڵاوكراوەتەوە.

دێرین نورەدین، خوێندكاری زانكۆی سلێمانی – زانكۆكەی نزیكە لە یەكتربڕی بەختیاری- وتی "هیوادارم زوو پڕۆژەكە تەواوبێت، چونكە هەستدەكەین كارەكانی بە باشی ناڕوات، ئەگەر وابڕوات زۆری پێدەچێت، پێویستە حكومەت و شارەوانی و لایەنی پەیوەندیدار بەدواداچون بۆ پڕۆژەکە بکەن و چاودێریی كارەكانی بكەن".

هۆشیار ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی پڕۆژەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، وتی "راستە ماوەیەك كارەكانی بەباشی بەڕێوەناچوو، هەندێك بەربەستی هەبوو، یەکێک لەوانە ناجێگیری كەشوهەوا بوو، كۆمەڵێك كێبڵ و بۆری ئاوی سەرەكی پێدا تێپەڕدەبوو، بەڵام ئیستا ئاستەنگەکان کەمبونەتەوە و كارەكانی پڕۆژەكە خێراتربون".

"بڕیارە پێش تەواوبونی کاتی پڕۆژەکە، بەشی یەکەمی کارەکان تەواوبن، واتە شەقامی سەرەكی وەكو پێشتر بكرێتەوە، لە دوای ئەوە لەژێرەوە كار لەسەر ئەندەرپاسەكان دەكەن، بەڵام ئەگەر لەکاتی دیاریکراو تەواو نەبێت، ئەوا قەرەبووی کات دەکرێتەوە"، هۆشیار وایوت.

لاڤە حیسام، یەكێك بوو لە بەشداربووانی پڕۆگرامی "نوسینی چیرۆكە هەواڵ بۆ دەستپێكەران"ی دامەزراوەی (كەركوك ناو)، ئەم بەرهەمەی لە چوارچێوەی پڕۆگرامەكەدا ئامادەكردووە.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT