لەكاتێكدا پێشبینی دەكرێت بەرهەمی گەنمی جوتیارانی شنگال بگاتە 40 هەزار تەن، بەڵام سایلۆی قەزاكە تەنیا توانای هەڵگرتنی 22 هەزار تەنی هەیە، ئەوەش بەهۆی ئەو زیانانەی لە شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) بەر سایلۆكە كەوت.
لە ئابی 2014دا چەكدارانی داعش دەستیان بەسەر شنگالدا كرد و لە ئەنجامی بۆردومان و شەڕی كۆنترۆڵكردنەوەی قەزاكەشدا بەشێكی سایلۆكە روخا و هێشتا نۆژەننەكراوەتەوە، كە ئەوكات توانای هەڵگرتنی 65 هەزار تەن گەنمی هەبوو.
سێ هەفتە لەمەوبەر وەرزی دروێنە لە شنگال دەستیپێكرد. خەلەف حامۆ، جوتیارێکی 61 ساڵی قەزاكە، وتی بەو هیوایەن حكومەت هەموو بەرهەمەكانیان وەربگرێت، "ئەمساڵ پارەیەكی زۆرم خەرجكردووە، ئێستا دروێنەم تەواوكردووە و نزیکەی 25 تەن گەنمم بۆ بەرهەمهات، ئەمساڵ زۆر تەركیزمان لەسەر ئەوە بوو لەكاتی بێ بارانیدا خۆمان گەنمەكەمان ئاو بدەین. بەڵام بارانی ئەمساڵ باشتر بوو بەراورد بە سێ ساڵی رابردوو".
بەپێی ئامارەكانی كشتوكاڵی شنگال، ئەمساڵ و تەنیا لەو قەزایە 360 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێنراوە.
غازی ئەلیاس، بەڕێوەبەری سایلۆی شنگال بە (کەرکوک ناو)ی وت "لە 23ی ئایارەوە دەستمان بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران کردووە، تا ئێستا نزیكەی 15 هەزار تەن گەنممان وەرگرتووە، پێشبینی دەكەین بەرهەمی گەنمی قەزاكە بگاتە نزیكەی 40 هەزار تەن، لەكاتێكدا سایلۆكەمان تەنیا 22 هەزار تەن دەگرێت".
بەپێی شارەزایانی بواری چاندن لە شنگال، لە نێوان ساڵانی 2020 تا 2023 ئەمە باشترین ساڵ بووە بۆ بەرهەمی گەنم.
ئیدارەی شنگال لە گفتوگۆدایە بۆ پەیڕەوكردنی سیستمی گواستنەوەی گەنم بۆ سایلۆی موسڵ و بەپێی وتەی غازی ئەلیاس لەچەند رۆژی رابردودا ئەو هەنگاوە دەستپێدەكەن.
حكومەت لە بەرامبەر هەر تەنێك گەنمی پلە یەك 850 هەزار دینار بە جوتیاران دەدات، بۆ خراپترین جۆری گەنم-یش 500 هەزار دیناریان پێدەدات بۆ هەر تەنێك.
موحسین محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بە بازاڕكردنی دانەوێڵەی پارێزگای نەینەوا، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئامادەكاریی تەواومان كردووە بۆ وەرگرتنی گەنمی هەموو جوتیارانی پارێزگاكە، لەو چوارچێوەیەشدا بەرهەمی گەنمی خۆرئاوای موسڵ، لەوانەش شنگال، تەلەعفەر و بەعاج، ئەو ناوچانە گرنگن بەتایبەت گەنمی شنگال، چونكە كواڵیتییەكەی زۆر باشترە و هاوڵاتیان لە ئاردی گەنمی شنگال رازین، ئەمەش وادەكات ئێمە گرنگی زیاتریان پێبدەین".
قەزای شنگال، كه ناوچهیهكی جێناكۆكی پارێزگای نهینهوایه و زۆرینهی دانیشتوانهكهی ئێزیدین، لە 3ـی ئابی 2014، داعش دەستیبەسەرداگرت و ههزاران كهس لهو پێكهاتهیه روبەڕوی كوشتن، رفاندن و ئاوارەیی بونەوە، تا لە 13ـی تشرینی دووەمی 2015 قهزاكه كۆنتڕۆڵكرایەوه.