رەدسە؛ یەكێكە لەو ژمارە كەمەی ژنان كە دەیانەوێت ئاژەڵداری بكەن، تا تەنیا پشت بە خۆیان ببەستن و بژێوی خێزانەكانیان دابیبنكەن.
لە ناوچەكەی ئەو، قەزای شەرگات-ـی پارێزگای سەڵاحەدین، زۆرینەی هاوڵاتیان بە كشتوكاڵەوە سەرقاڵن و بەشێكیشیان مەڕ و ماڵاتیان هەیە.
"دەمویست ببمە مامۆستا، بەڵام هاوسەرگیرم كرد"، ئێستاش "تەنیا من سەرچاوەی بژێوی خێزانەكەمم" رەدسە (43 ساڵ) وای وت.
تا پۆلی شەشی سەرەتایی خوێندووە، دواتر هاوسەرگیری كردووە و 10 منداڵی بووە، حەوت كچ و سێ كوڕ، هاوسەرەكەی بەهۆی لەكاركەوتنی گورچیلەیەوە كۆچی دوایی كردووە كە پێش نەخۆشكەوتنی بەگرێبەست پاسەوانی دەكرد.
رەدسە لە كێڵگەیەكی كشتوكاڵیش كاردەكات، كە نزیك زێدی خۆیانە و رۆژانە بۆ چەندین كاتژمێر لەوە دەمێنێتەوە لەبەر بژێوی منداڵەكانی.
"كاتژمێر 4ـی بەیانی دەچمە كێڵگە و كاتژمێر 11ـی شەو دەگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە، ئێمە رۆژانە شەش هەزار دینار (نزیكەی چوار دۆلار)ـمان دەستدەكەوێت لە كێڵانی زەوی و چاندنی بەروبومەكانی وەكو بامێ".
رەدسە لەچوارچێوەی پرۆژەیەكدا بە سەرپەرشتی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان (UNDP) راهێنانی بۆ ئاژەڵداری بینیووە، دوای ئەوەی لەگەڵ 30 ژنی دیكەی ناوچەكەدا، ئەو رێكخراوە پاڵپشتی دەرونی و كۆمەڵایەتی پێشكەشكردن.
دوابەدوای دانیشتنی پاڵپشتی دەرونی و راهێنانی پیشەیی؛ رەدسە مانگایەك و گوێرەكەیەكی پێدراوە، پلانی هەیە سود لە شیرەكەی وەربگرێت بۆ خێزانەكەیی و هاوكات بۆ فرۆشتن.
سەرباری زەحمەتی كارەكانی؛ بەڵام ئەو سورە لەسەر ئەوەی ببێتە پێشەنگ بۆ ژنانی دیكە، "ئامۆژگاری هەموو ژنێك دەكەم لە كێڵگە كاربكەن، لە كارگە و هەر شوێنێكی دیكە كە دەتوانن بەهۆیەوە بژێوی بۆ خێزانەكانیان دابینبكەن، ئامۆژگارییان دەكەم لە هەوڵەكانیان بۆ سەركەوتن لە ژیاندا بەردەوامبن".
هەروەها بە ژنانی دیكەی بەشداربوی پرۆژەی ئەو رێكخراوە دەڵێت "هەمویان هاوڕێی منن و ئامۆژگاری یەكتری دەكەین و هانی یەكتری دەدەین".
هەر لە چوارچێوەی ئەو پرۆژەیە بەشێك لەو خێزانانەی بە خێزان و كەسوكاری داعش ناودەبرێن؛ هاوكاری دەكرێن تا جارێكیتر بگەڕێنەوە بۆ شەرگات و تێكەڵ بە دراوسێ و كۆمەڵگە ببنەوە.
"هیچ كێشەیەكم لەگەڵ گەڕانەوەی ئەو خێزانانەدا نییە كە بە داعش تەماشا دەكرێن، ئەوان زیانیان بۆ من نییە، كێشەم لەگەڵیاندا نییە و ئەوانیش هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ من نییە".
رەدسە لەبارەی ژیانیەوە وتی "پێویستە بەهێز بم.. من كچم هەیە".
"دەمەوێت منداڵەكانم ببن بە مامۆستا یان فەرمانبەری حكومی، دەمەوێت كچەكانم ببن بە پزیشك، ئەوان بەردەوام چاودێری من دەكەن كە چۆن بە جددی لەپێناو ئەواندا كاردەكەم".
سەرچاوە: UNDP