خودێدا حەسەن، بەڕێوەبەری ناحیەی گرعوزێر، ئیدانەی هێرشكردنە سەر گەنجێكی ناحییەكە دەكات لەلایەن سێ پۆلیسەوە و جەختدەكاتەوە لە كاركردن بۆ سزادانی هەرسێكیان.
چوارشەممە 5ی تەمموز لەبەردەم فەرمانگەی رەگەزنامەی گرعوزێر، سەر بە قەزای شنگال، سێ پۆلیس بە دار پەلاماری گەنجێك دەدەن و بە توندی لێی دەدەن، ئەوەش بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە یەكێك لە شایەتحاڵەكان بۆ (كەركوك ناو)ی ناردووە.
گەنجەكە تشێرتێكی رەشی لەبەردایە و فایلێكی زەردی بەدەستەوەیە، سەرەتا پۆلیسێك پاڵێكی پێوەدەنێت و دارێك بەسەریدا دەكێشێت دوابەدوای ئەوە دوو پۆلیسی تریش بە هەمان شێوە و بەدار دەكەونە وێزەی، بە هەرسێكیان لانیكەم 10 دار بەسەریدا دەكێشن.
وەك لە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێت، گەنجەكە هەوڵدەدات بەرگری لە خۆی بكات، بەڵام ناتوانێت تا ئەوكاتەی ئەو خەڵكەی لەبەردەم فەرمانگەكەن دێنە دەنگ.
گەنجەكە بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو) تەمەنی 22 ساڵە و بۆ دەكردنی مامەڵەی كارتی نیشتیمانی سەردانی فەرمانگەكەی كردووە، ئەو فەرمانگەیە یەكێكە لە فەرمانگە قەرەباڵغەكانی ناحییەكە.
ئەو گەنجە پرسیاری لە یەكێك لە پۆلیسەكان كرد، بەڵام پۆلیسەكە دەنگی لەسەر بەرزكردەوە و هێرشی كردە سەری و بە دار لێیدا
مازن خەلیل، دانیشتووی ناحیەی گرعوزێرە و لە كاتی روداوەكەدا لەوێ بووە، بە (كەركوك ناو)ی وت "بە چاوی خۆم روداوەكەم بینی، خەڵك سەرەیەكی زۆری گرتبوو بۆ تەواوكردنی مامەڵەی كارتی نیشتیمانی، لەوكاتەدا ئەو گەنجە پرسیاری لە یەكێك لە پۆلیسەكان كرد، بەڵام پۆلیسەكە دەنگی لەسەر بەرزكردەوە و هێرشی كردە سەری و بە دار لێیدا و دوو پۆلیسی تریش بە هەمان شێوە هێرشیانكردە سەر گەنجەكە".
مازن وتی "لەوكاتەدا ئەو خەڵكەی بۆ دەركردنی كارتی نیشتیمانی لەوێ بون، لەژێر دەستی پۆلیسەكان گەنجەكەیان رزگاریان كرد".
ڤیدیۆ: ساتی هێرشی سێ پۆلیسەك بۆ سەر گەنجێك. ڤیدیۆكە لەلایەن شایەتحاڵێكی رواوەكەوە بۆ (كەركوك ناو) نێردراوە
خودێدا حەسەن، بەڕێوەبەری ناحیەی گرعوزێر، لەبارەی روداوەكەوە بە(كەركوك ناو)ی وت "لەگەڵ بنكەی پۆلیس قسەم كردووە، ناڕازایی خۆمان لەو رەفتارە پێڕاگەیاندون، ئەوان بەڵێنیان پێداوین كە هەرسێ پۆلیسەكە سزابدەن".
"راستە فەرمانگەكە زۆر قەرەباڵغە، بەڵام ئەو رەفتارە بەهیچ شێوەیەك شایەنی لێخۆشبون نییە و قبوڵی ناكەین".
گرعوزێر لە خۆرئاوای نەینەوایە و سەر بە قەزای شنگالە، ناحییەكە ناوچهیهكی جێناكۆكه له نێوان ههردوو حكومهتی فیدراڵی عیراق و ههرێمی كوردستان، وهك ناوچهكانی دیكهی ئێزیدی نشین له ئابی 2014ـدا روبهڕوی هێرشی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام - داعش" بۆوە. چەند ساڵێكە ناوبەناو دانیشتووانەكەی لە كەمپی ئاوارەییەوە بۆ گرعوزێر دەگەڕێنەوە.
بە بەپێی ماددەی 29ـی دەستوری عیراق رێگەنادرێت بە گرتنەبەری هیچ شێوازێكی توندوتیژی و ستەم لە ناو خێزان، قوتابخانە و كۆمەڵگەدا. هاوكات بەپێی ماددەی 413 لە یاسای سزادانی عیراقی، هەركەسێك بە ئەنقەست لە كەسێكی دیكە بدات و زيانى پێبگەیەنێت، ئەوا سزادەدرێت بە سێ ساڵ زیندانی.
بەڕێوەبەری ناحیەی گرعوزێر، وتی "گەنجەكە ویستویەتی كارتی نیشتیمانی دەربكات، بەڵام بەشێوەیەكی خراپ مامەڵەی لەگەڵدا كراوە، ئێمە ئەوە قبوڵناكەین و بەردەوامین لە بەدواداچون تا پۆلیسەكان سزای خۆیان وەردەگرن".