دانیشتوانی چەند گەڕەكێكی كەركوك، بەدەست نەبونی ئاوەوە دەناڵێنن و بەشێكیان زیاتر لە مانگێكە ئاوی پاك بە بۆرییەكانی ماڵەكانیاندا نەهاتووە، لەكاتێكدا گەرمای بەتینی شارەكە دەگاتە نیوەی پلەی كوڵان.
بەپێی بەدواداچونی پەیامنێری (كەركوك ناو)، كێشەی كەمئاوی یان پێنەدانی ئاو، زیاتر گەڕەكەكانی كوردستان/فەیلەقی كۆن، تەپە، بەشێك لە رەحیماوا، عەرەفە و بەدری گرتۆتەوە.
"كەمئاوی تەنیا لە وەرزی گەرما و هاویندا نییە، ساڵانە ماوەی جارێك سەرهەڵدەداتەوە.. كەسێكی حزبیی باڵادەست بە ئارەزوی خۆی و كەی ویستی ئاو دەكاتەوە بۆ ماڵان" دڵشاد حسێن، دانیشتوی گەڕەکی کوردستان/فەیلەقی کۆن بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
ئەو دەڵێت سەرباری چەندینجار ناڕەزایی و خۆپیشاندان، بەڵام سودی نەبووە، كێشەی نەبونی ئاوی خواردنەوە هەر بەردەوامە.
دوایین خۆپیشاندانی بەشێك لە دانیشتوانی ئەو گەڕەكە هەفتەی رابردوو و پێشتریش لە ساڵی رابردودا، زیاد لە جارێك هەر بەهۆی نەبونی ئاوەوە ناڕەزاییان هەبووە.
(كەركوك ناو) تا پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 16ـی تەموز بەدواداچونی كرد و كێشەی كەمئاوی ئەو ناوچانە بەردەوام بوو.
هەڤانە عەلی، خانووەكەی لە گەڕەكی رەحیماوایە، لەگەڵ 50 خێزانی دیكەی ئەو ناوچەیەدا زیاتر لە مانگێكە ئاوی خواردنەوەیان لەلایەن حكومەتەوە پێنەدراوە، بۆیە بەردەوام بە تانكەر ئاو دەكڕن، بە (كەركوك ناو)ـی وت "ناکرێت حکومەت ئاوا دژایەتیمان بکات".
تانكەرێك ئاوی پاك بە بڕی 35 هەزار دینار بە ماڵان دەفرۆشرێت.
"ئەو كەسەی بەرپرسە لە پێدانی ئاو، بە ویستی خۆی و كەی بیەوێت ئاو بە ناوچە و گەڕەك و كۆڵانێكی دیاریكراو دەدات،.. دوای ئەوەی خۆپیشاندانمان كرد، ئێستا باشتر بووە و بە یەكسانی ئاو دابەشدەكەن" بەوتەی جەمال ئەحمەد، دانیشتوی گەڕەكی تەپە بۆ (كەركوك ناو).
كەمی یان نەبونی ئاو لە كاتێكدا بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی عیراق گەرمای كەركوك لە نێوان 46 تا نزیكەی 50 پلەی سیلیزیدایە.
جیهان ئیسماعیل، جێگری بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتی دابەشكردنی ئاوی کەرکوك بە (كەركوك ناو)ـى وت "کێشەی کەمئاوی گەڕەکەکانی کوردستان و بەشێک لە رەحیماوا و تەپە دەگەرێتەوە بۆ دابەزین ڤۆڵتيی کارەبا، بەوهۆیەوە لەکۆی چوار موزەخەی ئاو تەنيا دوو دانەيان کار دەکات, ئەوەش وادەکات کێشەی دابەشكردنی ئاو دروستببێت".
پێدانی كارەبای نیشتمانی بە تایبەت لەگەڵ وەرزی گەرمادا لە زۆربەی پارێزگاكانی عیراق و لە نێویاندا كەركوك كەمبۆتەوە.
سەرچاوەیەك كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ـی وت، لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەباوە بەڵێنی ئەوە وەرگیراوە چارەسەری پێدانی وزەی تەواو بكرێت، تا موزەخەكانی ئاو بكەونەكار و كێشەی كەمئاوی لە گەڕەكەكانی عەمەلەشەعبی، کوردستان، عەرەفە، تەپه، رەحیماوا و بەدر كۆتاییبێت و سەرهەڵنەداتەوە.