هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئاسنی سارد دەكوتێت؛ لەكاتێكدا پارە تەرخاندەكات و فشار دەكات بۆ چاكسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەكخستنی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام پارتی و یەكێتیی بەجیا و لە ژێر چەتری حیزبایەتیدا، خەریكی فراوانكردن و زیادكردنی ژمارەی چەكدارەكانیانن لە دەرەوەی وەزارەت.
ئەو دوو حیزبە چەکدارە، نەك ملكەچی فشاری بەردەوامی هاوپەیمانان بە سەركردایەتی ئەمریكا نەبون كە حەوت ساڵە بەدوای یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەوەن، بەڵكو هەردوو حزب هیچ بایەخ و دەسەڵاتێكیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە نەهێشتووەتەوە و حیزبایەتییان لە ناو هێزە چەكدارەكاندا زیاتر كردووە، وەك سەرچاوەكانی پەرەگراف باسی دەكەن.
پەرەگراف لەم بنكۆڵكارییەدا، جگە لە بەدواداچونی بۆ كۆبونەوە و رێنمایی و بڕیارەكانی چەندین ساڵی رابردوی تایبەت بە یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە، زانیاری لە پێنج سەرچاوەی جیاواز و ئاگادار لەو پڕۆسەیە وەرگرتووە، كە بەهۆی نەبونی مۆڵەتی لێدوان یان لەبەرئەوەی بە ئازادی تەواو قسە بكەن، داوایانكرد ناویان بڵاونەكرێتەوە.
"هاوپەیمانان دەڵێن نابێت حیزبایەتی هەبێت، بەڵام یەكێتیی و پارتی زیاتر حزبايەتی دەكەن و هیچ متمانەیەک لە نێوانیاندا نەماوە، وەزارەتى پێشمەرگەیان پشتگوێخستووە و پەرە بە هێزی حیزبیی دەدەن" یەكێك لە سەرچاوەكان وای وت.
ئەو مامەڵەیەی پارتی و یەكێتیی تەواو پێچەوانەی پەیڕەوی حیزبەكانیان و كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، كەهەردوكیان پێكهێنەری سەرەكیین تیایدا و لە خاڵەكانیدا هاتووە؛ پێداچونەوە دەكەن بە میکانیزمی ڕێکخستن و یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هەوڵدەدەن بە هاوکاری پسپۆڕانی ناوخۆ و دەرەکی ئەو هێزە لە ستانداردە سەربازییەکان نزیک بکەنەوە.
ئەو هاوكاریی و پشتیوانییە دەرەكییەی لە كارنامەی حكومەتدا باسكراوە؛ حەوت ساڵە هەیە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی ئەمریكا وبەریتانیا و ئەڵمانیا، بە پارە و راوێژ و دابینکردنی پێداویستی سەربازیی و هەماهەنگی دیكە، دەیانەوێت سوپایەكی نیشتمانی بۆ هەرێمی كوردستان پێكبهێنن لەڕێی نەهێشتنی هێزی سەر بە پارتی و یەكێتی، ئەوەش لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.
لێكتێگەشتنی فەرمی نێوان هەردوو وەزارەتی بەرگری ئەمریكا و پێشمەرگە، لە ساڵی 2016ـەوە واژۆكراوە و لە ئەیلولی 2020ـیشدا جارێكیتر نوێكرایەوە، كە ئامانجی سەرەكیی هاوکاریکردن و پڕکردنەوەی پێداويستى و كهموكوڕييهكانى پێشمهرگەیە، لەگەڵ هاوكاری و پشتيوانییان بۆ سهرخستنى پڕۆسهى چاكسازى له وهزارهتى پێشمهرگه و يهكخستنهوهى يهكه و هێزهكانى پێشمهرگه.
سەرچاوەیەك بۆ پەرەگراف وتی، وەزارەتی پێشمەرگە، تەنیا "دیكۆرە" بۆ پەیوەندی لەگەڵ هاوپەیمانان و عێراق، ئەگەرنا دەسەڵاتی راستەقینە حیزبییە و لای پارتی و یەكێتییە، هەردوو حزب لە ناو بینای وەزارەتدا "وەكو لقی پارتی و مەڵبەندی یەكێتیی مامەڵە دەكەن".
"ئەوەی هاوپەیمانان دەیكەن تەنیا ئاستی سارد كوتانە" وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی هیچ بەرهەمێكی نابێت. هەروەها زۆر بەبێ ئومێدییەوە دەڵێت "يەک لەسەدیش ئومێد نییە کوردستان ببێتە خاوەنی سوپایەکی نیشتیمانی".
هەردوو حزب لە ناو بینای وەزارەتدا وەكو لقی پارتی و مەڵبەندی یەكێتیی مامەڵە دەكەن
لە ساڵی 2006دا بوو، كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێم بەڵێنی لەشكرێکی یەكگرتووی بە خەڵك دا، لەوكاتەوە چوار كابینەی تر و سێ سەرۆكوەزیران بونەتە حوكمڕان، بەڵام هێشتا زۆرینەی هێزی پێشمەرگە بە دەست حيزبەوەن.
هەنگاوی كردەیی بۆ یەكخستنەوەی پێشمەرگە لە 2010وە دەستیپێكرد، بەڵام تائێستا كەمترین هێز یەكخراونەتەوە و زۆرینە كە چەندین هێندەی لیوا یەكگرتووەكانن، لە دەستی حیزبدان.
بەپێی ئامارە نافەرمییەكان ژمارەی هێزەكانی سەر بە پارتی لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە زیاتر لە 50 هەزار چەكدارن و هێزەكانی سەر بە یەكێتی زیاتر لە 42 هەزار چەكدارن، لە ژێر ناوی جیاواز.
یەكێك لە سەرچاوەكانی پەرەگراف، مەترسی زیاتربونی هێزی حیزبی ئاشكراكرد، بەوپێیەی لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی و یەكێتیی،حیزب خەریكی وەرگرتنی خەڵكە لە ڕیزی یەكە چەكدارییەكانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و لە هەوڵدان، دەسەڵاتی سەربازییان زیاترفراوان بكەن.
"سوپای بارزان کراوەتە فەرماندەیی بارزان، خەڵک وەردەگرن و لە سێ بنکە لە هەولێر و دهۆک مەشقیان پێدەکرێت"، نمونەیەكی دیكەشی ئاشكراكرد كە "لەشکری تایبەتی یەک و هێزی گوڵان کە ڕاستەوخۆ سەر بە ماڵی بارزانین، خۆیان ڕێکدەخەنەوە".
ئەو فراوانخوازییەی چەكداری حیزبی تەنیا لای پارتی نییە، لە سنوری قەڵەمڕەوی یەكێتیش بە ئاشكرا دەردەكەوێت، بە تایبەت لەدوای روداوەكانی 8ـی تەمموزی 2021، ئەوكاتەی ململانێی ناوخۆیی یەكێتیی تەقییەوەو لاهور شێخ جەنگی، لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانی ئامۆزایەوە، لە هاوسەرۆكی و تەنانەت حیزبەکەش دورخرایەوە.
"يەکێتیش هێزەکانی دژەتیرۆرو کۆماندۆی تەنانەت لەناوشاریش مانۆڕ دەکەن، بافڵ تاڵەبانی بەردەوام لەگەڵیاندا دەردەکەوێت و ڕۆڵی زۆری بە کەس و هێزە سەربازییەکان داوە" سەرچاوەكە وای وت.
بەپێی بەدواداچونێكی پەرەگراف، تەنیا لە دوو هەفتەی یەكەمی تەمموزی 2023ـدا، زیاتر لە 10 جار شاندی هاوپەیمانان و سەربازیی وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەیان كردووە یان لە كۆبونەوەی وەزارەتدا بەشداربون، لە زۆرینەی گفتوگۆكانیشیاندا، پرسی چاكسازی و یەكخستنی پێشمەرگە تەوەری سەرەكیی بووە کە بەرێوەبەرایەتییەكی بۆ کراوەتەوە بەناوی چاكسازیی و هاوپەیمانان سەرپەرشتی دەكەن، ئەو ئامارەی سەردانی هاوپەیمانان بۆ مانگەكانی پێشتریش هەر ڕاستە.
دووان لەو كۆبوونەوانە لە 5 و 6ی مانگی تەمموزی لێپرسراوانی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكانی هاوپەیمانان، باسی جێبەجێكردنی خاڵەكانی لێكتێگەیشتنی وەزارت و وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بووە، كە ئامانجێكی یەكخستنی پێشمەرگەیە لەگەڵ جەختكردنەوە لە خێراكردنی پرۆسەی چاكسازیی.
چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە وەستاوە
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان -كە ئێستا دەڵێن حزبەكەیان لە ناكۆكیدایە لەگەڵ پارتی-، لە نوێترین لێدوانیدا دەربارەی پێشمەرگە، 12ـی تەمموزی 2023 لە گفتوگۆیەكدا لە خانەی چاتەم هاوس لە لەندەن وتی، "چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە وەستاوە"، هەروەها باسی لەوەشكرد ئەمریكا سەرقاڵی داڕشتنەوەی بودجەیە، لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو پرسە تاوتوێ دەکەن "دەپرسن ئێمە پارە دەدەینە پێشمەرگە بۆ ئەوەی چاکسازی بکات و یەکبخرێتەوە، ئەی کوا ئەنجامەکان؟ کاتێک هیچ دیار نییە ڕەنگە ئەوانیش بڕیاريکی دیکە بدەن".
ئەو قسانەی تاڵەبانی ئاماژەن بۆ مەترسی بڕینی بودجەی پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریکاوە، كە مانگانە لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا نزیكەی 20 ملیۆن دۆلار بۆ موچەی ليوا يەكگرتووەكانی پێشمەرگە تەرخاندەکات.
یەكێتیی و پارتی لە چەندین لێدوان و چاوپێكەوتنی لێپرسراوەكانیاندا، بە تایبەت لە كاتی ناكۆكییەكاندا، یەكتریی بە پەكخستنی یەكخستنەوەی پێشمەرگە تۆمەتباردەكەن.
بەپێی ئەو ئامارەی لە ئاستی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەیە؛ تا نیسانی 2022، ژمارەی لیوا یەكگرتووەكانی ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە گەیشتووەتە 19 لیوا و میلاكی وەزارەت گەیشتووە بە زیاتر لە 60 هەزار كەس. بەڵام بەدواداچونی پەرەگراف دەریخستووە زیاتر لە 200 هەزار پێشمەرگە هەن.
"یەکگرتنەوەو لیوا هاوبەشەکانیش تەنيا دیکۆرە، لەبەرئەوەی وەزارەت دەسەڵاتی نییە و گۆڕانکارییەکان لە دەرەوەی وەزارەت دەکرێن، دواتر بە لیست دەنێردرێن بۆ وەزارەت بۆ جێبەجێکردن، وەزارەت هیچ دەسەڵاتێکی تێدا نییە" سەرچاوەیەكی ئاگاداری پەرەگراف وای وت.
هەروەها جەختیكردەوە ئێستا 22 لیوای هاوبەش هەن، "كاتێك لیوایەکی هاوبەش دروستدەکرێت، پارتی و یەکێتی هەریەکەیان لیستی خۆی دەنێرێت و دواتریش هەر گۆڕانکارییەکیان بوێت خۆیان وەک حیزب دەیکەن".
سەرچاوەكە رونكردنەوەی زیاتری دا، وتی، ئەگەر پارتی ئامرلیوایەک بگۆڕێت، وەزیر کە پشکی یەکێتییە ناتوانێت نەیکات و دەبێت ئیمزای بکات، بۆ یەکێتیش هەروایە، ئەگەر گۆڕانکارییەک بکەن بریکاری وەزیر کە پشکی پارتییە ناتوانێت نەیکات و "دەبێت کوێرانە واژۆی بکەن".
هەرچەندە وەزارەتی پێشمەرگە، تاكە ناونیشانی هێزە چەكدارەكانە بە فەرمی، بەڵام زۆرینەی ئەوانەی چەكیان بە دەستە، لە یەكێـتی و پارتییەوە فەرمان وەردەگرن، پێشتر و لە چەندین ململانێی سیاسی حیزبەكان، هێزی پێشمەرگە و چەكدار جوڵەی پێكراوە، هەرچەندە لەسەرئاستی فەرمی نكۆڵی لێدەكرێت.
لە روداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 لە كەركوك، كاتێك بارگرژی كەوتە نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق بەهۆی ریفراندۆمەوە لەناوچەكانی جێناكۆك، حیزبایەتی و لایەنگری لیوا یەكگرتووەكانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ حزب بە زەقی دەركەوت، كاتێك بەشێك لە پێشمەرگە تۆمەتباركران بەوەی بەرگرییان نەكردووە و كشاونەتەوە، لە میدیاكانیشدا بە ئاشكرا فەرماندەی لیواكان و جێگرەكانیان كە سەر بە دوو حزب بون، قسەیان بە یەكتریی دەوت.
یەكێك لە سەرچاوەكانی پەرەگراف وتی "لیوا هاوبەشەکان لە 16ـى ئۆكتۆبەر ڕێک بوون بە دوو لەتەوە و هەڵوەشانەوە، ئەمە باشترین نمونەی فەشەلی لیوا هاوبەشەكانە".
لیوا هاوبەشەکان لە 16ـى ئۆكتۆبەر ڕێک بوون بە دوو لەتەوە و هەڵوەشانەوە
پێشیوایە پارتی و یەکێتی هێزی پێشمەرگەیان بۆ ناوخۆ دەوێت، نەک پاراستنی کوردستان بەرامبەر هەڕەشەی دەرەکیی، "بیرکردنەوەی زاڵ لەناو ئەو دوو حیزبە وایە کە قەوارەی کوردستان دۆخی هەرێمایەتیی دەیپارێزێت یان تێکیدەدات و ئەوان دەسەڵات و توانای ئەوەیان نییە، بۆیە پێشمەرگەیان بۆ خۆپاراستن لە ناوخۆ و دەنگدان لە هەڵبژاردن و سەرکوتی ناڕەزایی ناوخۆیی دەوێت بۆیە بە مەترسیی دەزانن دەستبەرداری ببن".
لە كپكردنی زۆربەی خۆپیشاندانەکاندا لە هەرێمی كوردستان ئەگەر خۆپیشاندانەکە بەرفراوان بێت، هێزی سەربازی بەكاردەهێنرێت لەبری پۆلیسی چالاكی مەدەنی یان هێزەكانی دیكەی وەزارەتی ناوخۆ، ئەوەش چەندینجار ڕوویداوە و بووەتە جێگەی ناڕەزایی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی چاودێری مافی مرۆڤ.
"هیچ ھێزێک، بە حکومەتی ھەرێمی کوردستانیشەوە دەسەڵاتی تەواوی نیيە بەسەر ھەموو ھێزەکانی پێشمەرگەدا و تەنانەت هێزەکانی پارتی و یەکێتیش، له ژێر دەسەڵاتی یەک کەسدا نین" بەوتەی سەرچاوەكە.
هێزەكانی ناو هەرێمی كوردستان بریتین لە هێزەكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە (پشكی یەكێتی و پارتی)، هەردوو یەكەی 80ـیپێشمەرگەی پارتی و یەكەی 70ـی پێشمەرگەی یەكێتی، زێرەڤانی سەر بە پارتی و لەبەرانبەردا بەرگری و فریاكەوتنی یەكێتی، هێزەكانی پشتیوانی یەك پارتی و پشتیوانی دوو یەكێتی، هەردوو دژەتیرۆری پارتی و یەكێتی، لیوا تایبەتی و كەسییەكانی حزب و كەسایەتییە حیزبییەکان، هێزەكانی حزبی سۆسیالیست و پێشمەرگەی رۆژ (پێشمەرگەی رۆژئاوای كوردستان) کە سەرجەمیان خەرجییان لەسەر حکومەت و بوودجەی گشتییە، بەڵام بەشێكیان نەك لە وەزارەت، بەڵكو فەرمان لە حیزبیشەوە وەرناگرن و راستەوخۆ تاكەكەسێكی حیزبیی، دەسەڵاتی جوڵاندنیانی هەیە.
سەرچاوەیەك بۆ پەرەگراف وتی "لە دەرەوەی لیواکانی وەزارەت، زیاتر لە 10 هێزی دیکە هەن کە لەژێر فەرمانی راستەوخۆی پارتی و یەکێتین، دوان لەوانە یەکەكانى 80 و 70ـن، ئەوانیتر هێزی دیکەن کە سەر بە 80 و 70ـيش نين، وەك دژەتیرۆرەکان و زێرەڤانی و بەرگری و فریاکەوتن و لیوا و هێزە کەسییەکان".
ئەوەش لە كاتێكدایە پێویستە یەك هێزی یەكگرتوی پێشمەرگە هەبێت تا لە چوارچێوەی سیستەمی بەرگری عێراقدا جێیبكرێتەوە، هاوشێوەی هێزەكانی دیكەی فیدراڵی بودجەیان بۆ تەرخانبكرێت، بەوپێیەی لە ماددەی 121ـی دەستوری هەمیشەییدا دانیپێدانراوە وەك پاسهوانی ههرێمی كوردستان.
"ئێستا سیستمی دابەشکاریی 50 بە 50 (فیفتی بە فیفتی) بۆ پارتی و یەکێتی لە هەموو پلەو پۆستەکانی وەزارەت هەیە، بەڵام پارتی داوادەکات لەسەدا 57 بۆ ئەو بێت و سەدا 43ـیش بۆ یەكێتی، یەكێتی بەوە قایل نییە و پابەند نابێت"، سەرچاوەیەكی پەرەگراف وای وت، رونیشیكردەوە عیسا عوزێر، سەرۆک ئەرکانی پێشمەرگە لە پشکی پارتی، "داوای لەسەرجەم بەڕێوەبەرو جێگری بەڕێوەبەرە پارتییەکان کردووە میلاکات بە سیستەمی دابەشكاریی 57 بە 43 ڕێکبخەنەوە".
لە حوزەیرانی 2023ـیشدا جارێكیتر ناكۆكی حیزبی لە ناو وەزارەتدا بە ئاشكرا دەركەوت كاتێك عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە پشكی پارتی فەرمانێکی وەزاری دەركردو دەڵێت "لە ئێستا و بۆ داهاتوو، دیاردەی دابەشکاری 50 بە 50 لە رووی کەسی، لۆجستی، کارگێڕی و دارایی کاری پێناکرێت، لەبەر ئەوەی هیچ بنەمایەکی لە یاسا کارپێکراوەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا نییە".
دەركردنی ئەو فەرمانە لەلایەن بریكاری وەزارەتەوە لەجێی شۆڕش ئیسماعیل بوو، كە وەزیری پێشمەرگەیە لە پشكی یەكێتی و 10 مانگە بەهۆی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی یەکێتییەوە لە وەزارەتەکەی دەوام ناکات.
دواى يەك رۆژ لیوا روکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە پشکی یەکێتی، وەڵامی بریكاری وەزارەتی دایەوە کە ئامادەنین پابەندی فەرمانەكەی بن، نوسیویەتی "جەنابتان دەسەڵاتتان نییە فەرمانی وەزاری لەو شێوەیە بەمجۆرە دەربکەن"، لیوا بەختیار بەپێویستی دەزانێت لەلایەن سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی هەردوو حیزب روونبکرێتەوەو رێککەوتنی لەبارەوە بکرێت.
ئەگەر ئەوان ئەو چاكسازییە نەكەن، ئێمەش یارمەتییان پێشكەش ناكەین
لەسەر ئەو دەستتێوەردانەی یەكێتی و پارتی و حیزبایەتی لە ناو وەزارەتی پێشمەرگەدا، هێزەکانی هاوپەیمانان چەندینجار هەڕەشەی بڕینی هاوكارییەكانیان كردووە ئەگەر یەكێتیی و پارتی مل بۆ هەنگاوەكانی یەكخستنی پێشمەرگە و چاكسازی نەدەن، بەڵام وادەردەکەوێت فشارەکان لە واقیعدا کاریگەرییان نییە.
کاتێک سەرچاوەکان دۆخی وەزارەتی پێشمەرگەیان بۆ ڕووندەکردمەوە، وتەکانی ئەو چاوپێکەوتنەم کەوتەوە یاد کە ساڵی 2019 لەگەڵ کونسوڵی گشتیی بەریتانیا ئەنجاممانداو بەشێکی تایبەت بوو بە چاکسازیی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە، كونسوڵ ئەوکات وتی، وڵاتەكەی هاوشانی ئەمریكاو ئەڵمانیا چیتر پاڵپشتی هێزەكانی پێشمەرگە ناكەن ئەگەر ئەو وەزارەتە پابەندنەبێت بەو چاكسازییانەی ماوەی چەند ساڵێكە لە ڕیزەكانی پێشمەرگە دەستیپێكردووە و ڕەنگە تا 10 بۆ 15 ساڵی دیكە بخایەنێت.
ئێستای نیوەی ئەو کاتە تێپەڕبووە کە پێشبینی دەکرا پێویست بێت بۆ بەجێگەیاندنی ئەو چاکسازیی و یەکخستنەوەیە، بەڵام وەک سەرچاوەکان دەڵێن "دۆخەکە خراپترەو لە پاشەکشەدایە نەک بەرەوپێشچوون".
"ئەگەر ئەوان ئەو چاكسازییە نەكەن، ئێمەش یارمەتییان پێشكەش ناكەین، ئەمریكا و ئەڵمانیاش پاڵپشتی پێشمەرگە ناكەن" مارتن وار کونسوڵی گشتیی پێشووتری بەریتانیا بۆ پەرەگراف وای وت، وتیشی "نیشانەیەكی پرسیار دادەنێین، بۆچی پێویستە ئێمە پاڵپشتی پێشمەرگە بكەین؟ دەكرێت پاڵپشتیی شتێك بكەین كە لەگەڵیدا كۆك نەبین؟".
وار ئەوکات وتى چاكسازیی لەناو هێزەكانی پێشمەرگەدا چەندین ساڵی دەوێت، ئەوەش شتێكی ئاساییە و ڕەنگە لە كوردستان كاتێكی زیاتریشی بوێت "10 بۆ 15 ساڵی دەوێت، چونكە ئێمە شتێك دەگۆڕین كە زۆر ڕادیكاڵە و كلتوری پێشمەرگە زۆر قووڵ ڕەگی داكوتیووە".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئاسانە بۆ یەكێتی و پارتی دەستبەرداری هێزەكانیان ببن لە كاتێكدا ڕەنگە ئەوە لەبەرژەوەندییان نەبێت، مارتنوار ئەو خاڵەی بە "دڵی" چاكسازییەكە داناو وتی، ئەوە بڕیار دەدات كە چاكسازییەكە سەركەوتوو دەبێت یان نا، وتیشی "بەڵام ئەوە هەردەبێت ڕووبدات. ئەمە دەچێتە چوارچێوەی بەرپرسیارێتییەوە. دەبێت پێشمەرگە فەرمان لە حكومەتەوە وەربگرێت نەك حیزب و كەسایەتییەكان، ئەمە پێشمەرجی بەرنامەی چاكسازییەكەیە. هەر لەبەر ئەوەشە كە پڕۆسەكە سەخت دەبێت و كاتیشی دەوێت".
پێشمەرگە لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی داعشەوە، لە 2014ـەوە بەردەوام هاوكاری و پاڵپشتی دەرەكی دەكرێت؛ لەپاڵئەوەشدا دەستتێوەردانی راستەوخۆی حیزبیی، یەكێتیی و پارتی بەردەوامە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە ئايارى 2022ـدا يەكەم لێپرسراوی باڵای هەرێمی كوردستان بوو لەو ئاستەی بەرپرسیارێتیدا كە دانی بەوەدانا، لەپێناو یەكخستنی هێزی پێشمەرگە، "دەبێت پارتی و یەكێتی كۆتایی بە دەستتێوەردان لە كاروباری وەزارەتی پێشمەرگە بهێنن و دەستی حیزب لەسەر پێشمەرگە هەڵبگرن، ئەگەرنا لەگەڵ هەموو ناكۆكییە سیاسييەكاندا، ئەوەی جێبەجێیشكراوە هەڵدەوەشێتەوە".