شۆفێرانی شنگال، زیاتر لە هەفتەیەكە روبەڕوی قەیرانی كەمی بەنزین بونەتەوە و چەندین كاتژمێر لە سەرەی بەنزینخانەكاندا رادەوەستن.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، كەمبونەوەی بەنزین لە قەزاكە دوای ئەوەهات، گرێبەستی كۆمپانیای كار لەگەڵ كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی عیراق وادەكەی كۆتاییهاتووە و نوێ نەكراوەتەوە.
عەباس موراد، لە ناحیەی سنونێ (باكوری شنگال) نیشتەجێیە و شۆفێرە، بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە كاتژمێر 8ـی بەیانییەوە چوم بۆ بەنزینخانە، لەوكاتەوە بۆ ماوەی زیاتر لە هەشت كاتژمێر لە سەرەدا بوم، ئینجا بەنزینم بەركەوت".
چەند رۆژێك لەمەوبەر جارێكیتر گرێبەستی نێوان كۆمپانیای كار و كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان نوێ كراوەتەوە
ئەو دەڵێت بڕە بەنزینی شنگال كەمبۆتەوە، بۆیە بەشی شۆفێران ناكات و قەرەباڵغی دروستبووە، سەدان ئۆتۆمبێل لە سەرە دەوەستن.
قەیرانی بەنزین هاوشێوەی شنگال لە زۆربەی ناوچەكانی دیكەی خۆرئاوای نەینەوا سەریهەڵداوە.
خودێدا جوکی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێی شنگال بەوەكالەت بە (كەركوك ناو)ـی وت "چەند رۆژێك لەمەوبەر جارێكیتر گرێبەستی نێوان كۆمپانیای كار و كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان نوێ كراوەتەوە بۆ دابینكردنی سوتەمەنی، بۆیە بڕیارە لەم رۆژانەدا قەیرانەكە نەمێنێت و كێشەكە چارەسەر بكرێت".
لە ساڵانی رابردوشدا زیاد لە جارێك قەیرانی بەنزین لە شنگال سەریهەڵداوە، دوایینجار لە ناوەڕاستی 2022ـدا بوو، كە دواتر بە زیادكردنی بەشە بەنزینی قەزاكە لە 30 هەزار لیتری رۆژانەوە بۆ 40 هەزار لیتر، چارەسەر كرا.
لە هەموو قەزای شنگال چوار بەنزیخانهی حکومی ههن؛ كە لیترێك بەنزین بە 450 دینار دەفرۆشن بەپێی كۆبۆن، بەڵام لەسەر شەقام خەڵك بەنزینی بە دەبە داناوە بۆ فرۆشتن هەر لیترێك بە هەزار دینار.