دەیان داری بە تەمەنی خورما و زەیتون لە دوزخورماتوو، بە شۆفڵ لە ڕەگەوە هەڵدەكەنرێن لەلایەن چەند هاوڵاتییەكەوە، شارەوانی قەزاكەش هەڕەشەی سزادانیان دەكات.
ئەو دارانە كە تەمەنی هەندێكیان زیاتر لە 70 ساڵە، لەسەر روبەروی نزیكەی حەوت دۆنمە و دەكەونە كۆتایی گەڕەكی رزگاری دوزخورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین.
ئارام قادر، جوتیارە لە دوزخورماتوو، زیاتر لە 14 ساڵە لەسەر ئەو زەوییە كشتوكاڵییە كاریكردووە و دەڵێت ئێستا كەسانێك بە پاساوی خاوەندارێتی زەوییەكە، "تەواوی دارە بە تەمەنەكانی ناو باخەكەیان بە شۆفڵ لە ڕەگەوە هەڵكەندووە".
ئارام و دوو جوتیاری دیكە، پێشتر بە گرێبەست لەو زەوییانەدا خزمەتی خورما و زەیتونەكانیان كردووە، لەگەڵ ئەوەدا، سەوزەشیان چاندووە، "ئەو پیاوەی پێشتر وەك خاوەنی زەوییەكە خۆی ناساند و گرێبەستی لەگەڵ ئێمە هەبوو، كۆچی دواییكرد و كەسیكی نزیكی دەستیگرت بەسەر زەوییەكەدا و هەموو باخەكەی تێكدا، كە روبەرەكەی حەوت دۆنمە، وتی زەوییەكە دەكاتە چەندین پارچە و دەیفرۆشێت بۆ شوێنی نیشتەجێبون".
ئەوەش لە كاتێكدایە بەپێی یاسای پاراستنی زەوییە كشتوكاڵییەكان ژمارە 3ـی ساڵی 2008، نابێت زەوی كشتوكاڵی بكرێت بە شوێنی نیشەجێبون بە بڕیاری خاوەنەكانیان، مەگەر دەوڵەت خۆی بڕیار بدات.
مەرعی رەشید بەیاتی، بەڕێوەبەری شارەوانی دوزخورماتوو بە (كەركوك ناو)ـی وت "دارەكانی ناو ئەو زەوییە كشتوكاڵییە بە شۆفڵ هەڵكەندراون، ئێمە شكاتمان لێكردون كە دارە بەردارەكانیان بڕیووە و هەڵیانكەندووە، تا بەپێی یاسا سزابدرێت".
هەروەها رونیكردەوە دوای بەدواداچون، دەركەوتووە "بانگەشەی ئەو كەسانە بۆ خاوەندارێتی زەوییە راست نییە، بەڵكو زەوییەكە موڵكی شارەوانییە لە بنەڕەتدا و كشتوكاڵییە".
شكاتمان لێكردون كە دارە بەردارەكانیان بڕیووە و هەڵیانكەندووە، تا بەپێی یاسا سزابدرێت
(كەركوك ناو) نەیتوانی لێدوانی ئەو كەسانەی دەستبكەوێت كە تۆمەتبارن بە هەڵكەندنی دار لەو زەوییە كشتوكاڵییەدا.
بەپێی یاسای دارستانەكان ژمارە 30 ساڵی 2009، رێگە بە بڕین و هەڵكەندنی دار نادرێت، ئەگەر هیچ پاساوێكی هونەری رێگەپێدراو نەبێت، كە یاساكە بە چەند خاڵێك دیاریكردووە، بەپێچەوانەوە سەرپێچیكار سزای دارایی دەدرێت.
هەروەها لە ماددەكانی 479 و 480ـی یاسای سزادانی عیراقیدا، سزای زیندان تا دوو ساڵ و غەرامە یان یەكێكیان بۆ ئەو كەسانە دانراوە كە دار دەبڕنەوە یان لە رەگەوە هەڵیدەكەنن.
جوتیارەكەی دوزخورماتوو، كە خۆی لە نزیكەوە خزمەتی دارەكانی كردووە، دەڵێـت ساڵانە چەندین تۆن بەرهەمی خورما و زەیتونیان هەبووە، "هەر دارێكی نزیكەی 150 كیلۆ خورمای هەبوو، زیاتر لە 87 داری خورمای تێدا بوو، تەمەنی دارەكان زیاتر لە 70 ساڵ بوو، ... بەڵام ئێستا زۆرینەیان هەڵكەندراون".
ئێستا ئارام و سێ خێزانی دیكەش، وەك ئەو وتی؛ بەهۆی وەرگرتنەوەی ئەو زەوییە كشتوكاڵییە و تێكدانی، سەرچاوەی بژێوییان لەدەستداوە و "هیچیشمان لەدەست نایەت".
تێكدانی ئەو باخە و هەڵكەندنی دارەكان هاوكاتە لەگەڵ هۆشداریی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عیراق، كە وەك پێنجەم وڵاتی كاریگەر بە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا لەسەر ئاستی جیهان دیاریكراوە و پێویستیی بە چەندین رێكار هەیە، لە نێویاندا گرنگیدان بە كشتوكاڵ و زیادكردنی رێژەی سەوزایی، تا روبەڕوی ئەو مەترسییە ببێتەوە.
بەڕێوەبەری شارەوانی دەربارەی پلانەكانیان بۆ ئەو زەوییە كشتوكاڵییە، وتی "لە ئایندەدا ئەم زەوییانە دەكەین بە یاریگا و پارك بۆ هاوڵاتیان، ڕێگەنادەین هیچ كەسێك زیادەڕۆیی بكات و دەستیانبەسەردا بگرێت" بەبێ ئەوەی وردەكاری زیاتر لەبارەی مەترسی گۆڕینی ئەو زەوییانە لە كشتوكاڵییەوە بۆ شوێنی پرۆژە، بخاتەڕوو.