كەسێك بە تەقە لە نێو بینای مەڵبەندی حەمرینی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بریندار كرا، كە بەپێی سەرچاوەیەك كوڕی محەمەد حسێن، ناسراو بە (محەمەد عەریف)ە، ئەو كەسەی هەوڵی دامەزراندنی فەوجێكی حەشدی شەعبی دەدات و بەشێك لە كادیر و لایەنگرانی یەكێتیی بۆ لای خۆی راكیشاوە.
روداوەكە نێوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی ئاب رویداوە، كاتێك ئەو كوڕە بە ناوی زیاد محەمەد چۆتە نێو بینای مەڵبەند و دواتر لەگەڵ شوكر كەریم (مەلا شكور) ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و ئەندامی پەرلەمانی عیراق بۆتە دەمەقاڵێان و لە ئەنجامدا تەقە كراوە و برینداربووە.
سەرچاوەیەك لە مەڵبەندی حەمرینی یەكێتی، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو كەسە بۆ دابەشكردنی داوەتنامە كە پێدەچێت داوەتنامەی دروستكردنی فەوجێكی حەشدی شەعبی بێت چۆتە نێو مەڵبەند و لەگەڵ شوكر كەریم، بۆتە دەمەقاڵێی و ویستویەتی تەقە بكات، بەڵام لەلایەن ژمارەیەك چەكداری مەڵبەند و پاسەوانی مەلا شوكرەوە وەڵامدراوەتەوە و بەهۆیەوە برینداربووە".
سەرچاوەیەكی تری نێو مەڵبەند وتی "نازانین ئەو گەنجە بۆچی هاتۆتە مەڵبەند، بەڵام لەگەڵ مەلا شوكر بۆتە دەمەقاڵێیان و بەهۆیەوە ویستویەتی تەقە لە مەلا شوكر بكات، لە ئەنجامدا پاسەوانەكانی مەلا شوكر تەقەیان لێكردووە و برینداربووە".
ئاراس جەمال، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دوزخورماتوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "زیاد محەمەد بە برینداری هێنراوەتە نەخۆشخانە و فیشەكێك بەر زكی كەوتووە، دۆخی تەندروستی باش نەبووە و كەسوكاری بە پەلە بەرەو نەخۆشخانەكانی كەركوكیان بردووە".
دۆخی تەندروستی زیاد محەمەد باش نەبووە و كەسوكاری بە پەلە بەرەو نەخۆشخانەكانی كەركوكیان بردووە
نوسینگەی راگەیاندنی شوكر كەریم، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و پەرلەمانتاری ئەو حزبە لە پارێزگای سەڵاحەدین لە راگەیەنراوێكی كورتدا لەسەر ورداوەكە جەختیكردەوە "ھاوڵاتیانی خۆشەویست دڵنیادەکەینەوە کە ھەڤاڵ مەلاکەریم سەلامەتە و لە ھەوڵی تیرۆرکردن رزگاری بوو لەناو بارەگای مەڵبەندی حەمرین".
محەمەد حسێن باوكی بریندارەكە و كەسوكاری، پێشتر لەنێو رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستاندا كاریان كردووە، بەڵام بەهۆی ناكۆكییان لەگەڵ ئەو حزبە و بەتایبەت ناكۆكییەكانی نێو مەڵبەندی حەمرین لە دوزخورماتوو لەو حزبە جیابونەتەوە و ماوەیەكە لە هەوڵی دروستكردنی فەوجێكی حەشدی شەعبی-دان لەو قەزایە كە ئەندامەكانی كوردن و بەشێكیان هەر لەنێو رێكسختنەكانی یەكێتی كاریان كردووە.
سەرچاوەیەكی نزیك لەو فەوجە بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە "بڕیاربوو سبەی هەینی 11ی ئاب بارەگای ئەو فەوجە بكرێتەوە كە محەمەد حسێن سەرپەرشتی دەكات و لەلایەن رێكخراوی بەدرەوە پاڵپشتیان دەكرێت".