دورخستنەوە و گواستنەوەی مامۆستایانی پیاو لە قوتابخانەكانی كچان، بۆ ژمارەیەك قوتابخانەی دیاریكراوە كە سكاڵایان لەسەرە و روبەڕوی كێشە بونەتەوە، نەك هەموو ناوەندەكانی خوێندن لە كەركوك.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كەركوك، 9ـی ئابی 2023 بڕیاریدا بە دورخستنەوەی مامۆستایانی پیاو لە قوتابخانە ئامادەیی، ناوەندی و دواناوەندییەكانی كچان، ئەوەش بە پاساوی بونی سكاڵا و بە هۆكاری "دروستبونی كێشە" لەو قوتابخانانەدا، ئەوەش بەپێی نوسراوێك ئەو بەڕێوەبەرایەتییە كە بە واژۆی بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەكەی دەرچووە.
سامان مەجید، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەگەڵ ئەوەداین وەک هەنگاوی یەکەم ئەو قوتابخانانە بکەینە ئامانج کە بەردەوام سکاڵایان هەبووە و کێشە هەبووە لەنێوان هەندێ خانەوادە و ستافی مامۆستایاندا، زیاتر ئەوان ڕێکدەخرێنەوە".
هەروەها جەختیكردەوە "حەتمەن کشانەوەی سەرجەمی مامۆستایانی پیاو لەئێستادا مومکین نییە، چونکە بۆشایی دروستدەکات، لەئێستاشدا چەندین لیژنە دەستبەکاربوون بۆ ڕێکخستنەوەی میلاکات بەگشتی و چارەسەر کردنی ئەو چەند قوتابخانەیەی گرفتیان هەبووە".
لە نوسراوەكەی پەروەردەدا، هیچ ئاماژەیەكی تیایدا نییە پاڵپشت بە كام یاسا یان رێنمایی یاخود فەرمانی وزاری، بڕیارەكە دەركراوە.
بەڵام سامان مەجید دەڵێت "بڕیاری کشانەوەی مامۆستایانی پیاو بڕیاری وەزارەتە و دەبێت هەموو دامەزراوەكانی وەزارەت جێبەجێی بكەن".
شتێک نییە بەناوی کشانەوەی سەرجەم مامۆستایانی پیاو لەقوتابخانەكانی کچان
ئەوەش لە كاتێكدایە لە هەندێك میدیا و سۆشیال میدیا وابڵاوكرایەوە خوێندنی كوردی لە كەركوك ئامادەنییە بڕیارەكەی پەروەردە جێبەجێبكات.
شێرزاد رەشید كاكە، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە پەروەردەی گشتی كەركوك دەڵێت هەر بڕیارێك هەبێت هەمولایەك بەبێ جیاوازی دەگرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ـی وت "دوای دەرچونی بڕیارەکە لەگەڵ بەڕێوبەری پەروەردە کۆبوینەوە و گەیشتینە لێکتێگەیشتنێک بەوەی شتێک نییە بەناوی کشانەوەی سەرجەم مامۆستایانی پیاو لەقوتابخانەكانی کچان یان بەپێچەوانەوە، بەڵکو تەنیا سەرنج لەسەر ڕێکخستنەوەی چەند قوتابخانەیەکی دیاریکراوە لەهەردوو خوێندنی عەرەبی و کوردی".
"بەڵێ کێشە لە چەند قوتابخانەیەکدا هەبووە، هەندێكیان بەهۆی سكاڵا و گلەییەوە گرفتیان بۆ دروستبووە و لیژنە پێكهێنراوە".
بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی وتی "ناوەڕۆکی بابەتەکە ئەوەیە ناکرێت و نابێت سەرجەمی پیاوان لە قوتابخانەی کچان بکشێنرێنەوە، مامۆستای ئافرەتمان هەیە چەندین ساڵە لەقوتابخانەی کوڕانن و وانەی خۆیان دەڵێنەوە و هیچ کێشەکیشیان نییە، بۆیە لێکتێگەیشتنەکە بۆ ئەوەبوو تەنیا سەرنج بخرێتە سەر ئەو قوتابخانانەی گرفتیان هەیە، خودی بەڕێوبەری پەروەردەش پێیوابووە لێکدانەوەی هەڵە بۆ نوسراوەکە کراوە".
نوسراوەكەی پەروەردە هیچ ئاماژەیەكیشی تیادا نییە هەمان بڕیار بۆ دورخستنەوەی مامۆستایانی ژن لە قوتابخانەكانی كوڕان دەردەكرێت یان نا.
لە پارێزگای كەركوك، زیاتر لە 17 هەزار مامۆستا لە هەزار و 644 قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی بە بەشە جیاوازەكانیانەوە وانە دەڵێنەوە، بەپێی ئامارەكانی دەزگای ناوەندی ئامار بۆ ساڵی 2022.