حەوت هاوڵاتی گیانیانلەدەستداوە و دەیانی دیكە لەسەر رێگای سەرەكی داقوق برینداربون، ئەوەش تەنیا لە ماوەی یەك مانگی رابردودا، بەهۆی زیاتر لە 20 روداوی هاتوچۆوە.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) و ئامارێكی فەرمی هاتوچۆی پارێزگای كەركوك بۆ (كەركوك ناو)، لە یەك مانگی رابردوودا، تا ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی ئاب زیاتر لە 20 روداوی هاتوچۆ لەسەر رێگای سەرەكی نێوان (كەركوك – بەغدا) لە سنوری قەزای داقوق رویداوە.
لەو 20 روداوەدا حەوت حاڵەتی گیانلەدەستدان و زیاتر لە 21 بریندار هەبون.
دوایین روداوی هاتوچۆ، كاتژمێر 10ـی شەوی 21ـی ئاب بوو لە داقوق، بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ (كەركوك ناو)، پێنج كەس گیانیانلەدەستدا و یەكێكی تر برینداربوو، لە ئەنجامی پێكدادانی نێوان دوو ئۆتۆمبێل.
رێگای نێوان كەركوك – بەغدا، بە تایبەت لە سنوری داقوق، كە پارێزگاكانی كەركوك و هەرێمی كوردستان بە بەغدا دەبەستێتەوە، یەكێكە لەو رێگایانەی بەردەوام بۆتە جێی ناڕەزایی شۆفێران و مانگانە چەندین روداوی هاتوچۆی لێ رودەدات، بەشێوەیەك شۆفێران بە "رێگای مەرگ" ناوی دەبەن.
ڤیدیۆ: كەركوك/ 21ـی ئابی 2023/ روداوێكی هاتوچۆ لە داقوق كە بەهۆیەوە پێنج كەس مردن و یەكێكی تر برینداربون / كەركوك ناو
عەقيد عامر نەريمان، وتەبێژی هاتوچۆی كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "دەتوانم بڵێم هۆكاری روداوەكانی هاتوچۆ لەو ناوچەیە سەدا 70ـی بەهۆی پابەندنەبونی شۆفێرەوەیە بە یاسا و رێنماییەكانی هاتوچۆ، هەروەها سەدا 15ـی روداوەكان لە ئەنجامی خراپی رێگاوبانەكانە، سەدا 15ـیش بەهۆی نەبونی مەرجەكانی توندوتۆڵی هاتوچۆوەیە".
بەپێی ئامار و توێژینەیەوەكی دەزگای ناوەندی ئامار؛ ساڵی رابردوو 408 روداوی هاتوچۆ لە پارێزگای كەركوك تۆماركراون و بەهۆیەوە؛ 212 كەس مردون و 472 كەسی دیكە برینداربون، كە هۆكاری سەرەكی وەك لەو راپۆرتەدا هاتووە؛ شۆفێرە بەهۆی خێرایی زۆر و بێئاگایی و تێپەڕاندنی هەڵەوە، بەدوای ئەوەشدا نەبونی مەرجی توندوتۆڵی ئۆتۆمبێل و رێگاوبان لە هۆكارەكانی دیكەن.
لە كۆی روداوەكانی ساڵی رابردوی كەركوك؛ 111 روداویان لە سنوری قەزای داقوق رویداوە و بەهۆیەوە، 83 كەس مردون و 187 كەسی دیكە برینداربون.
هۆكاری روداوەكانی هاتوچۆ سەدا 70ـی بەهۆی پابەندنەبونی شۆفێرانەوەیە بە یاسا و رێنماییەكانەوە
"باوك و مامم لەدەستدا، خۆیشم روبەڕوی چەندین كێشەی تەندروستی بومەوە و ناتوانم دەستم بجوڵێنم" رەشید تەیار (21 ساڵ) وای وت، ئەو یەكێكە لە قوربانیانی روداوێكی هاتوچۆ لە داقوق.
رەشید بە (كەركوك ناو)ـی وت "بە موعجیرە رزگارم بوو"، ئەوەش لە روداوێكی هاتوچۆدا كاتێك ئۆتۆمبێلە تایبەتەكەیان لەگەڵ بارهەڵگرێكدا بەیەكیانداوە، بەهۆیەوە 20 رۆژ لە نەخۆشخانە بووە و دوو نەشتەرگەری بۆ كراوە، "ئێستاش قۆڵم بۆ بەرزناكرێتەوە و بەردەوام چارەسەری سروشتی وەردەگرم".
ئەو خۆی شۆفێری كردووە لە كاتی روداوەكەدا و دانبەوەدادەنێت "شۆفێران هۆكارێكن و هۆكارەكانی تر رێگاوبانەكانن".
ڤیدیۆ: كەركوك / كۆتایی تەمموزی 2023/ ئۆتۆمبێلێك بە سەرنشینەكانیانەوە دەكەوێتە ناو پرۆژەی ئاوی داقوق/ كەركوك ناو
رێگای سەرەكی نێوان كەركوك – بەغدا، بە درێژایی زیاتر لە 400 كیلۆمەتر، لە تشرینی یەكەمی 2022ـدا بڕیاری نۆژەنكردنەوەی درا و چەندین هەفتە پرۆسەی نۆژەنكردنەوەی پردی رۆخانە لەسەر رێگای داقوق كاری تێدادەكرد، كە زستانی 2021 بەهۆی لافاوەوە زیانی بەركەوت و لەوكاتەوە، لە یەك سایدی پردەكەوە هاتوچۆ دەكرێت.
وتەبێژی هاتوچۆی كەركوك دەڵێت هۆكاری زۆربەی روداوەكانی هاتوچۆ لە شۆفێرانەوەیە، چونكە پابەندی رێنماییەكان نابن و لە خێرایی دیاریكراودا نامێننەوە، دواتر هۆكارەكانی دیكەی وەكو رێگاوبان هەن، بۆ نمونە خراپبونی پردی داقوق كە ماوەی دوو ساڵە چاكنەكراوەتەوە و تەنیا ئاڕاستەیەكی كراوەیە، بۆیە دەیان روداو بەوهۆیەوە تۆماركراون.
"پێمانوایە ئەگەر شۆفێران پابەندی رێنماییەكان بن و پشتوێنی سەلامەتی ببەستن ئەوا قوربانیانی روداوەكان كەمتر دەبنەوە" بەوتەی عەقيد عامر نەريمان، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام لەڕێی كەناڵەكانی راگەیاندن و بە كۆڕ و سیمینار هەوڵدەدەن هۆشیاری دەربارەی رێنماییەكان و بە ئامانجی كەمكردنەوەی روداوەكانی هاتوچۆ بڵاودەكەنەوە.
هەر لە سنوری داقوق، مانگەكانی رابردوش چەندین روداوی سەختی هاتوچۆ رویانداوە و بەهۆیەوە، دەیان هاوڵاتی گیانیانلەدەستداوە، لەوانە روداوێكی هاتوچۆ لە 8ـی تەموز كە تیایدا خێزانێكی سێ كەسی مردن، هەروەها لە 29ـی نیسان ئۆتۆمبێلێك وەرگەڕا و كەوتە ناو پرۆژەی ئاوی قەزاكەوە و لە ئەنجامدا؛ چوار هاوڵاتی گیانیانلەدەستدا و لە 22ـی نیسانیش باوكێك و دوو منداڵی لەو رێگایەدا بە روداوی هاتوچۆ مردن.
ساڵی رابردوو لە پارێزگاكانی عیراق، بەبێ هەرێمی كوردستان، 11 هەزار و 523 روداوی هاتوچۆ تۆماركراون، كە بەهۆیەوە سێ هەزار و 21 كەس مردون و زیاتر لە 12 هەزار كەس دیكە برینداربون.