گەشتەكەم بۆ ئەمریكا؛ گەشتی ئەزمون و دەرفەت

ئەمریكا /تەمووزی 2023/ ویلایەتی فلۆریدا، شاری سان بترسبۆرگ. رۆژنامەنوس و راهێنەر ئال تۆمپکینس لە سەنتەری پۆینتەر قسە بۆ بەشداربووان دەكات.

شۆڕش خالید

مانەوە سێ هەفتەییەكەی 10 رۆژنامەنوسی هەرێمی كوردستان و كەركوك، لە ئەمریكا، تەنیا گەشتێكی ئاسایی نەبوو، بەڵكو هەوڵدان بوو بۆ فێربونی زیاتر، وەرگرتنی ئەزمون و ئاشنابونی بە كاری میدیایی و چۆنیەتی كاركردنی دامەزراوەكانی ئەو وڵاتە. لەگەڵ پتەوکردنی پردی کەلتوری نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان، لە سەروی هەموشیانەوە دۆزینەوەی دەرفەتی نوێ بوو بۆ داهاتوو و فراوانكردنی پەیوەندییەكان.

لە 8ی تەمموزی تاوەكو 30ی تەمموزی ئەمساڵ ئەو 10 رۆژنامەنوسە لە هەولێر، سلێمانی، كەركوك، دهۆك و هەڵەبجە لە چوارچێوەی پڕۆگرامێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ناسراو بە پرۆگرامی ڕابەرانی-سەردانیکەرانی نیودەوڵەتی (IVLP)، لە ئەمریكا مانەوە.

پڕۆگرامەكە بەناونیشانی (پەرەپێدانی پڕۆفێشناڵی)، وەك بەشێک لە پڕۆگرامی ئالۆگۆڕی کەلتوری بوو، هەر وەزارەتی دەرەوەش تێچووەكەی لەخۆدەگرتبوو.

جگە لە واشنتن، بەشداربووەكان سەردانی سێ ویلایەتی تریان كرد (پەنسلڤانیا، فلۆریدا و كۆلۆرادۆ) هەر ویلایەتە و ئەزمونێكی نوێی و وانەیەكی نوێی لێوە فێربوین.

واشنتن... دۆخی رۆژنامەنوسی هەرێم و تێگەیشتن لە تێڕوانینی ئەمریكا بۆ جیهان

لە واشنتن سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكامان كرد، لەوێ دۆخی رۆژنامەنوسانمان لە عیراق و هەرێمی كوردستان باسكرد، زیادبونی پێشێلكارییەكان دژ بە رۆژنامەنوسان، رێگریی لە پێدانی زانیاری، دەستگیركردن و زیندانیكردن بە بڕیاری دادگا بەدەر لە یاسا بەركارەكان و ئاستەنگ دروستكردن بۆ میدیای سەربەخۆ.

Shorish
ئەمریكا/ تەمموزی 2023/ واشنتن، وێنەیەكی رۆژنامەنوس شۆڕش خالید لەبەردەم كۆنگریسی ئەمریكا. فۆتۆ: فەرمان سادق

بەگشتی وەزارەتی دەرەوە بە باشی ئاگاداری دۆخی رۆژنامەنوسان و پرسی مافەكانی مرۆڤە لە هەرێمی كوردستان و تەواوی عیراق، وەك ئەوەی لە راپۆرتە ساڵانەیدا جەختیلێكردبۆوە. لەوێ ئەو پێشنیارانەمان بۆ خستنەڕوو كە پێویست و گرنگن بۆ دۆخی رۆژنامەنوسان، لەوانە باشتركردنی ژینگەی كاری رۆژنامەوانیی و پاڵپشتیكردنی رۆژنامەنوسانی سەربەخۆ كە زیاتر دەكرێنە ئامانج.

تێكەڵكردنی پرسی چالاكوانی و كاری رۆژنامەگەریی بووە جێی پرسیار و رونكردنەوە و گفتوگۆیەكی چڕ، لەو رێیەشەوە پێویستی كرد سەرلەنوێ ژینگەی كاری رۆژنامەوانی لە هەرێمی كوردستان-یان بۆ رونبكەینەوە. بەگشتی هاوڕاییەكە ئەوە بوو ئێستای ژینگەی كاری رۆژنامەوانیی لە هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندی رۆژنامەنوسی پیشەییدا نییە و ئاسۆكە باشتر نابینرێت.

ئەم گفتوگۆیە دوای یەك رۆژ هات لە نزیكەوە بینینی بینای كۆشكی سپی و كۆنگرێسی ئەمریكا و سەردانی دام و دەزگای حکومی.

كەمتر لە هەفتەیەك لە واشنتن ماینەوە، بەگشتی مانەوەمان لە واشنتن تێگەیشتن بوو لە چۆنیەتی بڕیاردانی ئەو وڵاتە، كاری ویلایەتەكان، یاسا و چۆنیەتی مامەڵەكردن و كاركردنی ئەمریكا لەگەڵ وڵاتانی جیهان.

پەنسلڤانیا؛ ویلایەتی "زۆرینە کەمینە"... چۆن متمانە دروستدەكەیت

ویلایەتی پەنسلڤانیا و مانەوە لە شاری فێلادیلفیا، تایبەت بوو، ویلایەتەکە پڕە لە نەتەوە و ئایینی جیاواز، لێرە (کەمینەکان زۆرینەن)، پێکەوەژیان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی جێی تێڕامانە، هەڵبژاردنی ئەم ویلایەتە بۆ بەشداربووان جۆرێك بوو لە جەختكردنەوە لەوەی لە هەرێمی كوردستانیش كە ئایین و نەتەوەی جیاوازی تیایە دەتوانن پێكەوە بژین، وەك ئەوە من خوێندنەوەم بۆ كرد.

Pheladelphia
ئەمریكا/ تەمموزی 2023/ شاری فێلادلفیا لە ویلایەتی پەنسلڤانیا، بەشداربووانی پڕۆگۆامی IVLP لەگەڵ دەستەی نەزاهەی شارەگە گفتوگۆ دەكەن. فۆتۆ: شۆڕش خالید

پڕۆگرامەكە بۆ ئێمە لەم ویلایەتە جەختكردنەوە بوو لە دروستكردنی متمانە، چۆن متمانە لای خەڵك دروستدەكەیت، چ وەكو میدیا چ وەكو دامەزراوەی حكومی.

بۆ نمونە سەردانی باڵەخانەی شارەوانی فێلادیلفیا-مان كرد، لەوێ لێپرسراوانی باڵای دەستەی دەستپاکی-مان بینی، ئەوان باسی گرنگی بونی پەیوەندی نێوان میدیا و دامەزراوە حكومییەكان كرد، تا هەردولا پێكەوە متمانە بۆ خەڵك دروستبكەن.

لێرە میدیا و دەستەی نەزاهە هاوتەریب پێکەوە متمانە لای جەماوەر دروستدەکەن

"لێرە میدیا و دەستەی نەزاهە هاوتەریب پێکەوە متمانە لای جەماوەر دروستدەکەن، بۆیە پەیوەندی نێوانمان دەبێت زۆر باش بێت... رۆژنامەنوسان لەسەر شەقامەکانن، ئەوان پردی پەیوەندی ئێمەن لەگەڵ جەماوەر، ئەگەر ئەوان نەبن، ئێمە لە نهۆمی 18ی ئەم بینایەوە چۆن دەزانین لە خوارەوە چی رودەدات، بەبێ ئەوان ئیشەکەمان ناڕوات"، شەین کریمەر، وتەبێژ و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەستەی دەستپاکی شارەکە لە دانیشتنێكدا وایوت.

فلۆریدا... "بەچاوی خۆشت بینیت بڕوا مەکە"

لانیكەم پێنج رۆژ لە شاری سانپترسبۆرگ ماینەوە، كە یەكێكە لە شارە دڵگیرەكانی ویلایەتی فلۆریدا، ویلایەتەكە زیاتر گەشتیارییە، لێرە گفتوگۆكان لە چواردەوری ژیری دەستكرد، مەترسییەكانی هەواڵی ساختە و چۆنیەتی كاركردنی میدیا و خۆگونجاندنی لەگەڵ پێشكەوتنە نوێ و خێراكانی تەكنەلۆژیا بوو.

sant ptrsburg2
ئەمریكا /تەمووزی 2023/ ویلایەتی فلۆریدا، شاری سان بترسبۆرگ. گفتوگۆیەك لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی شارەكە.

زۆرێك لە كاتەكانمان لە پەیمانگەی پۆینتەر، كە یەكێكە لە پەیمانگە بەناوبانگەكانی شارەكە بەسەربرد، بەگشتی مەترسییەكی جدیی هەیە لەسەر ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ ژیری دەستكرد (AI)دا بكەن، پێشهاتێك لەبەر دەرگاماندایە.

زۆرینە باسی مەترسییەكانی ژیری دەستكرد-یان دەكرد، بەڵام ئال تۆمپکینس، ئەزمونی 50 ساڵ کاری راگەیاندنی هەیە و لەو سەنتەرە راهێنەرە، بە پێچەوانەوە جۆرێك لە گەشبینی هەبوو، ئەو پێیوابوو تا ئەزمونی نەكەین نازانین باش و خراپییەكانی چین، "با هەڵەی خۆمان بکەین، دواجار سودەکانیشی دەبینین"، ئەو وایوت.

 کۆلۆرادۆ... ئەزمونی راگەیاندن و جیاوازییەكان

کۆلۆرادۆ دواین ویلایەتی گەشتەكەمان بوو، لێرە زیاتر گۆڕینەوەی ئەزمون و بەراوردكردنیان بوو لە دوو شاری جیاواز (بۆڵدەر و دێنڤەر) ماینەوە، جگە لە سەردانی زانكۆ بۆڵدەر، رۆژانی ترمان لە دامەزراوەكانی راگەیاندن و بە گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەو رۆژنامەنوسانە بەسەربرد كە هەریەكەو لە بوارێكی خۆیدا ئەزمونێكی تایبەتی هەیە.

دەبێت خوێنەری ئەم بابەتە ئەوە بزانن لە ئەمریكا شتێك نییە بەناوی میدیای حیزبی و سێبەر و ئۆپۆزسیۆن، ئەوەی هەیە میدیاكان سەربەخۆن و تاكە پاڵپشتی مادییان خوێنەر و رێكلامە.

لە ئەمریكا شتێك نییە بەناوی میدیای حیزبی و سێبەر و ئۆپۆزسیۆن

لە هەموشی گرنگتر لەوێ میدیا شەڕی لایك و كۆمێنت ناكات، هەواڵی ساختەت پێنادات بۆ ئەوەی لایكی زۆری بۆ بكەیت، لەوێ متمانە لە پێش هەموو شتێكەوەیە، ئەگەر متمانە بدۆڕێنێت و لەدەستبدەیت، خوێنەر، پاڵپشتی مادیی و رێكلامیش لەدەستدەدەیت.

T.V
 ئەمریكا/ تەمموزی 2023/ ویلایەتی كۆلۆرادۆ، شاری دێنڤەر، ستۆدیۆیەكی تایبەت بە كەشوهەوا لە كەناڵی CBS4، كە گەورەترین ستۆیدی كەناڵەكەیە. فۆتۆ: شۆڕش خالید

لەوێ لەكاتی پەخشی راستەوخۆی دامەزراوەكان بەشداربوین، بەشداری كۆبونەوەكانی ژوری هەواڵمان كرد، بەهای هەواڵ لای رۆژنامەنوسانی ئێمە و ئەوان، یان خوێنەرەكانمان چییان دەوێت جیاوازییەكە بەڕونی دیارە، ئەگەر لێرە موچە بەهایەكی گرنگی هەواڵی هەبێت، ئەوا لە کۆلۆرادۆ كەشوهەوا لە پێشینەی هەواڵەكان دەبێت و بەهاكەی زۆر گرنگە. ئەوەش بەپێی ژینگەكە و هۆشیاریی و پێداویستی خەڵك دەگۆڕێت.

لەوێ دامەزراوەی جۆراوجۆری لۆكاڵی هەیە، بەهای نزیكایەتی بۆ هەواڵ لە پێشینەیە، كۆڵانەكەی خۆت، گەڕەكەكەی خۆت، شارەكەی خۆت و  ئینجا ویلایەتەكەی خۆت، ئەوان روماڵی هەواڵی خۆیان دەكەن، زۆر كەمتر لەوەی لە تەواوی ئەمریكا چی دەگوزەرێت، یان تەواوی جیهان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT