سێ رۆژە هیچ بڕە گاز و بەنزینێك ناگاتە ناحیەی پردێ، بەهۆی داخستنی رێگای كەركوك – هەولێر، بەو هۆیەوە شۆفێران ناچارن لە بازاڕی رەش-دا بیكڕن، یان بچنە قەزای دوبز.
عەبدولموتەلیب نەجمەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ (ئاڵتون كوپری)، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە لە دروستبونی ئاستەنگییەكی زۆر لە رێگای نێوان كەركوك بۆ پردێ و وتی "بارهەڵگر و تەنكەرەكان ناتوانن هاتوچۆ بكەن، بەو هۆیەوە ماوەی سێ رۆژە هیچ بڕە بەنزین و گازێك نەگەیشتۆتە ناحییەكە".
لە ناحیەی پردێ یەك بەنزینخانەی حكومی هەیە و لەو رێیەوە بەنزینی پێویست بە شۆفێرانی ناحییەكە دەدرێت كە بۆ هەر لیترێك 450 دینارە، بەڵام سێ رۆژە بەنزینخانەكە داخراوە.
"شۆفێران ئێستا لە بازاڕی رەشدا بەنزین بە نرخێكی گرانتر دەكڕن، یان ناچارن بچنە قەزای دوبز"، عەبدولموتەلیب نەجمەدین وایوت.
شۆفێران ئێستا لە بازاڕی رەشدا بەنزین بە نرخێكی گرانتر دەكڕن
قەزای دوبز 18 كیلۆمەتر لە ناحیەی پردێ-وە دورە، ئۆتۆمبێل دەوروبەری 25 خولەكی پێویستە تا دەگاتە ناوەندی قەزاكە.
لە بازاڕی رەش بەنزین لە نێوان 800 بۆ 1000 دینارە، كە نزیكەی دوو هێندەی بەنزینی حكومی دەكات.
سێ رۆژە ژمارەیەك لە هاوڵاتیان كە بەرەی عەرەبی یەكگرتوو بە سەرۆكایەتی وەسفی عاسی پشتیوانیان دەكات رێگای كەركوك – هەولێریان داخستووە و خێمەیان هەڵداوە، دژی هەوڵی رادەستكردنی بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك بە پارتی دیموكراتی كوردستان.
بارەگاكە دەكەوێتە گەڕەكی شۆراو كە هەردوو پارێزگای كەركوك و هەولێر پێكەوە دەبەستێتەوە، بەو هۆیەوە ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ دانشیتووانی ناحیەی پردێش دروستبووە كە دەكەوێتە سەر هەمان رێگا.
عەبدولموتەلیب نەجمەدین، وتی "لەگەڵ بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی كەركوك قسەم كردووە، بۆ ئەوەی رێگای قەزای دوبز بەکاربهێنن بۆ گەیاندنی سوتەمەنی بە ناحیەی پردێ".
سەرچاوەیەک كە لێپرسراوێتی هەیە لە كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە هەوڵی چارەسەركردنداین لە زوترین كاتدا"، زیاتر وتی "بۆ ئەو مەبەستە نوسراوی رێگەپێدان بۆ ژوری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەكەین تاوەكو رەزامەندی نیشان بدەن بە هاتوچۆ و گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەكان لە رێگای قەزای دوبز بۆ پردێ، چونكە ئەو كارە پێویستی بە رەزامەندی ئەوان هەیە".
ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی ئاب، شۆفێرێكی ناحیەی پردێ ڤیدیۆیەكی بۆ (كەركوك ناو) نارد لەبارەی قەرباڵغی بەنزینخانە حكومییەكانی ناحیەی دوبز، ئەوەش بەهۆی چونی شۆفێرانی ناحیەی پردێ بۆ ئەو قەزایە و داوایكرد چارەسەرێكیان بۆ بكرێت.
ئەبو سەجاد، یەکێک لە رێکخەرانی مانگرتووانی بەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت د "ئێمەش ماندوین و شەكەت بوین لەبەر ئەم گەرمایە، بەڵام تاوەكو گرەنتییەك وەرنەگرین ناكشێینەوە و رێگاكەش ناكەینەوە".